له‌ مووسڵ شه‌ڕ له‌ نێوان داعش و حه‌شدی شه‌عبی ڕووی دایه‌وه‌

:: AM:08:59:13/12/2017 ‌
ئاژانسەكان دووپات لەوە دەكەنەوە كە شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی شەڕ و پێكدادان لە نێوان میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و تیرۆریستانی داعش لە ڕۆژئاوای شاری مووسڵ، 13 چەكداری میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كوژراون و لە ناویاندا سەركردەیەكی باڵای میلیشیاكانی تێدایە.

سەبهان كازم ئەلوەردی ئەفسەر لە فیرقەی ئالیاتی چواری سوپای عێراق ڕای گەیاند، نزیكەی 100 چەكداری ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش دەستیان بە هێرشكردن كرد بە جۆرەها چەكی قورس و مامناوەند و سووك بۆ سەر سەنگەرەكانی حەشدی شەعبی لە ناوچەی تەلسفوكی بیابانی ڕۆژئاوای مووسڵ كە دەكەوێتە نێوان عێراق و سووریا، شەڕ و پێكدادان ماوەی زیاتر لە سەعاتێكی خایاند و دواتر تیرۆریستان بۆ قووڵایی بیابان كشانەوە، بەر لەوەی هێزی پشتیوانی بگاتە هێزەكانی حەشدی شەعبی.

زیاتر گوتی، بەهۆی ئەو هێرشەی تیرۆریستان زیانە گیانییەكانی حەشدی شەعبی 13 چەكدار بووە كە لە ناویاندا فەرماندەیەكی باڵای سەربازی بەناوی "ئەبی جەعفەری تەیار" بوونی هەیە و زیانی مادی زۆریش بەر كەلوپەلە سەربازییەكان و ئۆتۆمبێلەكانی حەشد لەو ناوچەیە گەیشتووە و سێ یەكەی چەكداریان تووشی تێكشكانی گەورە بوون.

هاوكات عەقید ئەحمەد ئەلجبووری لە فەرماندەیی كردەگەلی نەینەوا گوتی، ناوچەی تەلسفوك شوێنێكی زۆر مەترسیدارە بۆ هێزەكانی عێراق بە تەواوی پێكهاتەكانییەوە، بە هۆی سروشتی جیۆگرافی و بیابانی كە هاو سنووریشە لەگەڵ سووریا، ڕووبەرەكەی 800 كیلۆمەتری چوارگۆشە دەبێ، ناوچەكانی بەرانبەریشی لە سووریاوە تا ئێستە لە دەست چەكدارانی تیرۆریستی داعشدان، بۆیە بە ئاسایی دەتوانن پێشڕەوی بكەن و گورز بوەشێنن و بگەڕێنەوە سووریا.

شەمووی ڕابردوو نۆی كانوونی یەكەم/دیسێمبەر، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پەیامێكدا كۆتای یەكجارەكی تیرۆریستانی لە عێراق ڕاگەیاند، بەڵام تیرۆریستان دەستیان بە جموجۆڵ كردووەتەوە و پێ دەچێ هێشتا ژمارەیەكی زۆری چەكداران بوونیان مابێ و بەردەوام بن لە كردەی تیرۆریستی.

سەرچاوە/القدس.


وشە - باز ئه‌حمه‌د