پێنج هەزار قوتابخانەی كوردستان بێ توێژەری كۆمەڵایەتی و دەروونین

:: AM:09:15:15/12/2017 ‌

زۆربەی قوتابخانەكانی هەرێمی كورستان توێژەری كۆمەڵایەتی و دەروونییان نییە و ئەو قوتابخانانەش كە توێژەریان هەیە، هێشتا ئەركیان رێك نەخراوە لە كاتێكدا بە دەیان كێشەی كۆمەڵایەتی و دەروونی لە قوتابخانەكان روو دەدەن و پێویستیان بە چارەسەركردن هەیە. 

لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەو كێشە و گرفت و تەنگژەیەی بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە، بەقسەی توێژەرانی دەروونی و كۆمەڵایەتی بێت، كێشە و گرفتەكانی قوتابییانیش لە ناوەندەكانی خوێندن لە كوردستان زیاد بووە و بەشێكی قوتابییانیش بەو هۆیەوە لە خوێندن دابڕاون .

قوتابییان و مامۆستایان پێیان وایە توێژەرانی كۆمەڵایەتی لە ناوەندەكانی خوێندن كاریگەرییەكی ئەوتۆیان نییە و هۆكار نین بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی قوتابییان.

رێژیار ئەنوەر قوتابیی پۆلی 12ی وێژەیی لە دەڤەری سۆران گوتی، ماوەی 12 ساڵە قوتابیم تا ئێستە كەسێكم نەبینیوە بە ناوی توێژەر رۆژێك لە رۆژان لە هۆڵی خوێندن یا لە سیمینارێك دوو قسەمان بۆ بكات و رێنوێنیمان بكات لەسەر كارە خراپ و باشەكانی ئامێرە تەكنەلۆجیایییەكان یا هەر كێشەیەكی تر  .

ئەو قوتابییە دەڵێت، "خێزانی قوتابی بەرپرسیاری سەرەكین لە پەروەردەكردنی منداڵەكانیان، هەروەها كارگێڕی قوتابخانەش بە هەمانشێوە لە قوتابییان بەرپرسیارن و ئەگەر رووبەڕووی هەر كێشە و گرفتێك ببنەوە، پێویستە بە هەر جۆرێك بێت توێژەر دابین بكرێت و بەدواداچوون بۆ كێشە و گرفتەكانی فێرخوازان بكات ."

بڵاوبوونەوەی ئامێرەكانی تەكنەلۆجیا ئەگەر هۆكار بن لە پێشخستنی زانست و زانیاری و پێوەندییەكان، لە هەمانكاتدا بەهێزترین هۆكارن لە سەرهەڵدانی كێشەی قوتابییان. هەژار شاكر تۆفیق مامۆستای ئامادەیی ڕاژەی وێژەیی كوڕان لە سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، لەم سەردەمەدا بەتایبەتی لەم ١٥ ساڵەی دوایی، لە هەرێمی كوردستان ئامێرە تەكنەلۆجییەكان بەتایبەتی مۆبایل بە شێوەیەكی باو لە كۆمەڵگە بەكار دێت و قوتابییانیش بەتایبەتی لە قۆناغەكانی ناوەندی و ئامادەیی، بەشێكن لە بەكارهێنەرانی ئەم ئامێرە و چۆنیەتیی بەكارهێنانیشیان بەندە بە ئاستی هۆشیارییان.

ئەو روونی دەكاتەوە، پێویستە قوتابییەكان هۆشیار بكرێنەوە چ لە لایەن دایك و باوك یان قوتابخانە، چونكە ڕووداوی نەخوازراو و كاری نەگونجاو ئەنجام دراون بەهۆكاری خراپ بەكارهێنانی ئامێری مۆبایل لەلایەن قوتابییان، لەڕووی دەروونییەوەیش قوتابی ماندوو دەكات و لە خوێندن و خولیاكانی دووری دەخاتەوە.

ئەم مامۆستایە بە پێویستی دەزانێت بەهیچ شێوەیەك ڕێ نەدرێت لە قۆناغەكانی ناوەندی و ئامادەیی قوتابی مۆبایل بەكار بهێنێت یا بیهێنێتە ناو خوێندنگە، چونكە قوتابی لەم قۆناغەدا لە تەمەنێكی تازە پێگەیشتوودایە و لە ڕووی عەقڵ و جەستەوە ناكامڵە و ئامادەیی تێدایە كە تەكنەلۆجیا بە خراپ بەكار بهێنیت.

 توێژەری كۆمەڵایەتی كە دادەمەزرێت بە ئامانجی پەروەردەكردن و چاكسازی و ئامۆژگاریكردنی قوتابییانە و لە قوتابخانەكان ژووری تایبەتیان بۆ دەكرێتەوە، كەچی لە هەندێك لە قوتابخانەكان وانەیان پێ دەگوترێتەوە و لە پیشەی سەرەكیی خۆیان دوور دەخرێنەوە، هەر ئەمەش وای كردووە رۆڵ و كاریگەریی توێژەرانی كۆمەڵایەتی دیار نەمێنێت. وەك مامۆستا هەژار خستیەڕوو ئەگەر توێژەران كاری خۆیان بە باشی لە قوتابخانەكان بكەن، رۆڵ و كاریگەریشیان باش و بەرچاو دەبێت .

لە لایەكی ترەوە رەفیق كەریم ستوونی مامۆستا لە قوتابخانەی سۆرانی نموونەیی و شایستەی ئەهلی بە "وشە"ی راگەیاند، گەورەترین كێشە لە ناوەندی خوێندندا نەبوونی توێژەری كۆمەڵایەتییە و لەو كاتەشدا كارگێڕی قوتابخانە و مامۆستاكان ناتوانن بەڕێكی مامەڵە لەگەڵ كێشەكاندا بكەن.

بە بۆچوونی مامۆستاكە لەبەر نەبوونی توێژەری دەروونی و كۆمەڵایەتی، قوتابیی كچ ناچار كراوە كێشەكەی بباتە لای مامۆستای تر لە ڕەگەزی تر، بۆیە كێشەكە بەجۆرێكی تر تەشەنەی كردووە و چارەسەر نەكراوە.

جێی باسە تەنیا قوتابخانە حكوومییەكان كێشەی نەبوونی توێژەریان نییە، بەڵكو قوتابخانە ئەهلییەكانیش ناچار نەكراون توێژەر دابین بكەن.

بەشێك لەو كەسانەی لە لایەن پۆلیسەوە بە هۆی تاوانی جیاواز دەگیرێن لە توێژی قوتابین. هاوار ئەرگووشی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا 154 تۆمەتبار گیراون و رووبەڕووی دادگا كراونەتەوە، سەرجەمیان دانیان بە تاوانەكانیان ناوە و زۆربەی تاوانەكانیش لەسەر خراپ بەكارهێنانی مۆبایل و ئامارازەكانی پێوەندی بووە.

زیبا تەها توێژەری كۆمەڵایەتی لە قوتابخانەی دواناوەندی كۆژینی كچان لە سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، خراپ بەكارهێنانی مۆبایل و ئامێرەكانی تر، زیاتر پێوەندی بە سۆزداریی كوڕ یا كچان لە تەمەنی هەرزەكارییەوە هەیە، چونكە هەست و سۆز زیاتر بەسەریانەوە زاڵە.
ئەو پێی وایە توێژەری كۆمەڵایەتی لە ناوەندەكانی خوێندن دەتوانێ رۆڵی كاریگەر ببینێت. توێژەر پێویستە وەك هاوڕێ بەدرێژایی ساڵی خوێندن لەگەڵ قوتابییان رەفتار بكات و متمانەی قوتابییان بەدەست بێنێت و ئەو زانیارییانەی لەسەر پسپۆڕییەكەی هەیە لەبارەی چارەسەركردنی كێشەی دەروونی و كۆمەڵایەتی، بگەیەنێت بە قوتابییان تا دوور بن لە هەموو كێشە و گرفتەكان
 . 
زۆربەی ئەو كێشانەی تووشی قوتابییان دەبێت، كێشەی كۆمەڵایەتی و خێزانین و ئەو كێشانەش بۆ قوتابخانە دەگوازرێنەوە و چارەسەرنەكردنیشیان وای كردووە زۆر جار قوتابی واز لە خوێندنەكەی بهێنێت.

محەمەد گۆمەشینی گوتەبێژی فەرمی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی تەكنەلۆجیا و بەتایبەتیش مۆبایل، حاڵەتەكانی زۆر بووە، بەتایبەت لە ناو توێژی هەرزەكار و قوتابییانیش بەشێكن لە هەرزەكاران و بەهۆی كەمیی هۆشیارییان لە باش بەكارهێنانی ئامێرە پێشكەوتووە تەكنەلۆجییەكان، سەدان كێشە بۆ خۆیان و دواجار بۆ قوتابخانەكەیان و تەنانەت خێزانەكانیشیان دروست كردووە، بەمەش كاریگەری نەرێنی لەسەر خوێندنەكەیان دروست دەكات و دەبێتە بەشێك لە كێشەكانی كۆمەڵگە .

جێی باسە هیچ ئامارێك لە دەستەی مافی مرۆڤ و داودەزگاكانی تری فەرمی كوردستان تۆمار نەكراوە و هەروەك گۆمەشینی خستیەڕوو، ئەمەش بەو واتایە نییە كێشەكە نەبێت، بەڵكو بە سەدان كێشە لە قوتابخانەكاندا هەن كە كاریگەری خراپی راستەوخۆی لەسەر پرۆسەی پەروەردە و فێركردندا هەبووە.
  
ئەو بوونی توێژەری كۆمەڵایەتی لە تەواوی قوتابخانەكانی كوردستان بە پێویست دەزانێت و پێی وایە، رۆڵی باشیان هەیە لە چارەسەركردنی كێشەكانی قوتابخانەكان و زۆربەی قوتابخانەكانیش توێژەری كۆمەڵایەتییان هەیە و دەكرێت كارێك بكرێت رۆڵی سەرەكیی خۆیان بگێڕن.

هاوكات سامان سیوەیلی بەڕێوەبەری توێژەران و گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە  "وشە"ی راگەیاند، توێژەرانی دەروونی و كۆمەڵایەتی بە درێژایی چەند ساڵی رابردوو رۆڵی گەورە و كارایان هەبووە لە پرۆسەی پەروەردەدا، دەیان هەزار كێشەیان لە قوتابخانەكانی سەرانسەری كوردستان چارەسەر كردووە. ئەو دەڵێت "بەداخەوە كاری توێژەران زۆر دیار و بەرچاو نین و دەرناكەوت، بۆیە وا هەست دەكرێت كە توێژەران رۆڵ و كاریگەرییان نییە و هۆكارەكەش نەبوونی بەشە وانەی تایبەت بە توێژەری كۆمەڵایەتییە" .

بە بۆچوونی سیوەیلی ژمارەی توێژەران بەبەراورد لەگەڵ رێژەی قوتابخانەكان زۆر كەمە، بەشێوەیەك هەزار و 755 توێژەریان هەیە، لەكاتێكدا شەش هەزار و 700 قوتابخانە هەن، لەگەڵ ئەمەشدا توانیویانە كاری زۆر گەورە بكەن و رۆڵی كارایان هەبێت لە چارەسەركردنی كێشەكانی قوتابییان لە ناوەندەكانی خوێندندا .

هەروەها دەڵێت توێژەران بەردەوام كاریان لەسەر پێگەیاندنی توێژەر كردووە و هەوڵیان داوە ئاستیان بەرز بكەنەوە، بەڵام توێژەرانی كۆمەڵایەتیش هاوشێوەی هەموو چین و توێژەكانی تر رەنگە توێژەری لاواز و بێ كاریگەریشیان هەبێت و سەركەوتوو نەبن لە كار و پیشەی خۆیاندا.

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە، تێبینییان كردووە هەر قوتابخانەیەك توێژەری چالاك و كارایان هەبێت، ئەوا هەمیشە ئاستی خوێندنیش تیایدا بەرزترە و كێشە و گرفت لە قوتابخانەكە كەمترە و بە پێچەوانەوە ئەو قوتابخانانەی كە توێژەری كۆمەڵایەتی نییە یان توێژەرێكی ئاست لاوازی هەیە، كێشەكان زیاترن .

ئەو كێشانەی زۆر جار بەرۆكی قوتابخانەكان دەگرن، بریتین لە خراپ بەكارهێنانی مۆبایل و ئامێرەكانی تەكنەلۆجیا، كێشەی سۆزداریی نێوان كوڕ و كچانی قوتابی، كێشەی لادانی سێكسی، كێشەی توندوتیژی خێزانی كە كاریگەری لەسەر قوتابییەكە دەبێتەوە، دڵەڕاوكێی قوتابییان لە كاتی تاقیكردنەوەكان، كێشەی شەڕانگێزی نێوان قوتابییان، كێشەی دواكەوتنی خوێندن و زۆر كێشەی تر كە ساڵانە بەشێكیان لە لایەن توێژەران چارەسەر دەبن و بەشی زۆریشیان بێ چارەسەر دەمێننەوە.

سۆران/ مورشید برادۆستی



وشە - تایبه‌ت