پارتی بانگهێشتنامەیەك بۆ گۆڕان دەنێرێت

:: PM:04:40:15/11/2016 ‌

بڕیار وایە كۆبوونەوەیەكی بەرفراون لە هەولێر ئەنجام بدرێت و پێش کۆبوونەوەکەش  پارتی بانگهێشتنامەیەك بۆ بزووتنەوەی گۆڕان دەنێرێت.

لە پەرلەمانی كوردستان هەوڵێك هەیە بۆ كۆبوونەوەی سەرجەم سەرۆك فراكسیۆنەكان لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان.

فەرحان جەوهەر ئەندامی پەرلەمانی کوردستانن لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ "وشە" گوتی "كاتی دانیشتنەكە دیاری نەكراوە، بەڵام بانگهێشتنامە بۆ سەرجەم سەرۆك فراكسیۆنەكان ئامادە كراوە".

زیاتر گوتی "لە كۆبوونەوەکەدا بڕیار وایە باسی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان و كشانەوەی فراكسیۆنی گۆڕان لە حكوومەت و پرسی سەرۆكی پەرلەمان بكرێت، بڕیاریش دەدرێت، بەر لە دەستپێکردنی هەڵبژاردنەكان پەرلەمان كارا بكرێتەوە یان دۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت كە هەیە" .

مانگێك بەر لە ئێستە لە سلێمانی كۆبوونەوەیەكی سەرۆك فراكسیۆنەكان بەڕێوە چوو، بەڵام فراكسیۆنی پارتی بەشداری كۆبوونەوەكە نەبوو و هیچ دەرەنجام و بڕیارێكیش له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ نه‌كه‌وته‌وه‌. به‌ڵام كۆبوونەوەكەی داهاتووی فراكسیۆنەكان لە هەولێر، فراكسیۆنی پارتی سەرپەرشتی دەكات .

جێی باسە لە ی23 حوزەیران/یۆنیۆی 2015 به‌هۆی ناكۆكی له‌باره‌ی یاسای سەرۆكایه‌تیی هەرێمی كوردستان، پەرلەمانی كوردستان بەبێ سازانی نیشتمانی، پڕۆژەیاسای یەكێتی و گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵی بۆ هەمواركردنەوەی یاساكه‌، خستە بەرنامەی دانیشتن و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرد، ئەمەش ناڕەزایی پارتی لێ كەوتەوە، هەرچەندە شەوی 18 لەسەر 19ی ئاب/ئۆگەست لایەنەكانی كوردستان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا بە ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمەریكا و بەریتانیا كۆ بوونەوە و داوایان لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرد كۆبوونەوەی بەیانی پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژە یاساكان دوا بخات، بەڵام لەلایەن یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانەوە، گوێ بەو داوایە نەدرا، هەرچەندە بزووتنەوەی گۆڕان لە كۆبوونەوەكە رەزامەند بوو بە دواخستنی كۆبوونەوەكە، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی رێژەی یاسایی كۆبوونەوەكە فه‌شه‌لی هێنا.

دواتر لە سنووری سلێمانی و گەرمیان پەلاماری بارەگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان درا و لە 12 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر رێگری لە هاتنی یوسف محەمەد بۆ شاری هەولێر كرا، بەهۆی ئەم رووداوانەوە، گرژی كەوتە نێوان لایەنە سیاسییەكان و تا ئێستەش ئەو گرژیی و ناكۆكییانە چارەسەر نەكراون.

هه‌ولێر/ رامیار جەواد


وشە - سلێمان تاشان