ترەمپ لایەنگرانی جەنگی عێراق دەگەڕێنێتەوە

:: PM:05:15:15/11/2016 ‌

بەرپرسانی پارتی كۆماری ئەمەریكا رایان گەیاند كە سەرەڕای بەرهەڵستی ئاشكرای دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا بۆ داگیركردنی عێراق لە 2003، ئەو بیر لەوە دەكاتەوە كە چەند پۆستێكی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی لە حكوومەتی نوێی ئەمەریكا بە كەسایەتییەكانی پاڵپشت بۆ جەنگەكە بدات.

لەو كەسایەتییانەی كە رەنگە لە ناو تیمەكەی ترەمپ خۆیان بدۆزنەوە، جۆن بۆڵتن گەورە بەرپرسی پێشوو لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا و جیمس ووڵسی بەڕێوەبەری پێشووی ئاژانسی ناوەندی ئەمەریكا كە هەردووكیان لە بەرگریكاران بوون لە داگیركردنی عێراق كە زۆرێك لە شرۆڤەكاران بە یەكێك لە هەڵە گەورەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە سەتەی نوێ وەسفی دەكەن.

لە ناوەكانی تری دێن، فریدریك فیتز گەورە یاریدەری بۆڵتن كە پێشتر لە یەكەیەكی ئاژانسی هەواڵگری ئەمەریكا كاری كردووە كە پاڵپشتی زۆرێك لە زانیارییە هەواڵگرییە ناوردەكانی لەبارەی پڕۆگرامی چەكی كۆمەڵكوژی عێراق پشت راست كردووەتەوە.

سەرەڕای ئەستەمی پێشبینیكردنی پێكهاتەی سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ، بەرپرسێكی ئەمەریكا كە لە عێراق كاری كردووە لەو بارەوە گوتی، ئەو بەرپرسانەی پاڵپشتی داگیركردنی عێراق بوون لە 2003 رەنگە خواستی زیاتری رەوانەكردنی هێزی زیاتری ئەمەریكایان بۆ جەنگی داعش هەبێت، سەرەڕای نەبوونی رێككەوتن لەبارەی دۆخی یاسایی سەربازانی ئەمەریكا و پاراستنیان لە راوەدوونانی یاسایی لە عێراق.

پۆل بیلار كە گەورە بەرپرسی هەواڵگری ئەمەریكا بووە لە رۆژهەڵاتی نزیك لە نێوان ساڵانی 2000-2005 لەو بارەوە دەڵێت كە بەو پێیەی ترەمپ هیچ شارەزاییەكی ئەوتۆی لەبارەی سیاسەتی دەرەوە نییە و لێدوای دژبەیەكی داوە لەبارەی ئەو سیاسەتانەی كە پێڕەویان دەكات، بۆیە كاندیدانی ترەمپ بۆ پۆستە باڵاكان گرنگن.

بیلار كە ئێستە لە زانكۆی جۆرج تاون كار دەكات زیاتر گوتی، ئەوەی ئێستە دەیبینین و پێویستە نیگەرانمان بكات، بوونی سەرۆكێكی نوێیە كە خاوەنی بۆچوونی دژبەیەكە لە زۆرێك لە پرسەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا هەیە، بۆیە پرۆسەی دامەزراندن لە پۆستە باڵاكان كە هەر چوار ساڵ جارێك دەیانبینین لێكەوتەی زیاتر لە ئاساییان دەبێت.

تا ئێستە بۆڵتن و ویلسی هیچ شتێكیان لەو بارەوە نەگوتووە، كە بۆڵتن بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوە و وولسیش بۆ پۆستی بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتیمانی كاند كراوە، هەروەها تیمی گەڕۆكی ترەمپ لەو بارەوە هیچیان نەگوتووە.

لە حاڵەتی كاندیدكردنی بۆڵتن رازیبوونی ئەنجوومەنی پیران ئاسان نییە، چونكە لە 2005 ئەنجوومەنی پیرانی دیموكراتی بە پاڵپشتی یەك ئەندامی كۆماری توانی بەربەست بخاتە بەردەم بوونی بە باڵوێزی ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان كە بۆڵتن لەسەردەمی جۆرج دەبلیو بۆش سەرۆكی پێشتری ئەمەریكا لەو پۆستە كاری كرد لەو كاتەی ئەنجوومەنی پیران لە پشوودا بوو.

لای خۆیەوە فیلتز لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا لەبارەی بەشداریكردنی لە تیمەكەی ترەمپ بەشداریكردنی پشت راست كردەوە و هیچی تری نەگوت.

هەر گەڕانەوەیەكی ئەو سێ بەرپرسە بۆ دەسەڵات گۆڕانكارییە بۆخۆیان و "پارێزگارانی نوێ" كە پاڵپشتی بیرۆكەی داگیركردنی عێراقیان كرد، ئەگەرچی لە كاتی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەشێك لە بەرپرسانی دیاری پارێزگارانی نوێ و پارێزگارانی دێرین لە بواری سیاسەتی دەرەوە بەرهەڵستی ترەمپیان كرد و گوتیان كە ئەو شایستەی سەرۆكایەتی نییە. 

ئەو كۆمەڵەی باسیان لێوە كرا وایان بینی كە لە دووەم ماوەی دەسەڵاتی بۆش و دوای ئەوەی هێزەكانی عێراق خۆیان لەناو جەنگێكی ناوەخۆیی و تایفی لە عێراق بینییەوە، كە دەسەڵاتیان لاواز دەبێت، هەروەها لە سەردەمی هەردوو دەسەڵاتی باراك ئۆباما و لە ماوەی هەشت ساڵ پەراوێز خرابوون.

ترەمپ لە میانەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كە هەشتی ئەم مانگە بەڕێوە چوو و بە 290 كورسی سەركەوت بەسەر هیلاری كلینتن كاندیدی دیموكراتەكان و بڕیارە لە 20ی كانوونی دووەم وەك 45مین سەرۆكی ئەمەریكا دەست بەكار بێت، ئەو گوتی كە بەرهەڵستی جەنگی داگیركردنی عێراقی كردووە كە زیاتر لە چوار هەزار سەربازی ئەمەریكایی و سەتان هەزار عێراقی تیادا كوژرا و بووە هۆی دەركەوتنی رێكخراوی قاعیدە لە عێراق و و دواتریش رێكخراوی داعش.

ترەمپ لە ئابی 2015 بە تۆڕی هەواڵی "ئەی بی سی"ی ئەمەریكای راگەیاند كە وەك دەزانن و ساڵانێكە پێتان دەڵێم كە بۆ عێراق نەڕۆن، بەڵام رۆیشتن و سەقامگیری ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان شێوان و ئەوەش هەڵەیەكی گەورە بوو.

بیلار دەڵێت كە بیركردنەوە لە بۆڵتن و ووڵسی و كەسانی تر بەڵگەیەكی ترە لەسەر ئەوەی كە ئەوانەی كە پاڵپشتیان لە گەورەترین هەڵەی سیایەتی دەرەوەی ئەمەریكا كرد، پێ دەچێت متمانەكردن پێیان ماوە بەشێوەیەك لە وتوێژەكانی لە واشنتن لە بارەی سیاسەتی دەرەوە دوور نەخرێنەوە.    

سەرچاوە: شەرقولئەوسەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل