بۆچی گۆڕان نایەوێ هەڤاڵ ئەبوبەكر ببێتە پارێزگار

:: PM:02:57:16/11/2016 ‌

هەڤاڵ ئەبوبەكر كە بەپێی هەڵبژاردن و ڕێككەوتنی نێوان یەكێتی و گۆڕان دەبوو ببێتە پارێزگار، بەهۆی تووڕەبوونی نەوشیروان مستەفا لێی، ئەو پۆستە وەرناگرێ.

ئەمڕۆ چوارشەم، سەرچاوەیەك لە بزووتنەوەی گۆڕان، بە "وشە"ی گوت: "دیلمان عەزیز" ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر لیستی گۆڕان، لەناو ئەندامانی بزووتنەوەكەدا دركاندوویەتی كە نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەكە، بەهۆی هەندێك لە هەڵوێست و لێدوانەكانی هەڤاڵ ئەبوبەكر كە دژی ڕێككەوتننامەكەی نێوان یەكێتی و گۆڕانە، لێی تووڕەیە و نایەوێت بیكاتە پارێزگاری سلێمانی.

سەرچاوەیەكیش لە باڵی هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كە لەلایەن باڵی جێگرانی مەكتەبی سیاسی بە باڵی "قۆرخكار" ناو براون، بە "وشە"ی گوت: یەكێتی بەهۆی لێهاتوویی و زیرەكیی ڕاكێشانی خەڵكی بۆ لای خۆی، نایەوێ بە هیچ جۆرێك هەڤاڵ ئەبوبەكر ببێتە پارێزگاری سلێمانی، چونكە كاریگەریی زۆر نەرێنیی لەسەر دەنگدەری یەكێتی دەبێت.

رۆژی 17 ئایار/مایۆ لە شاری سلێمانی هەریەك لە نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و كۆسرەت ڕەسووڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی رێككەوتنی نێوان ئەو دوو حزبەیان ئیمزا كرد، ئەمەش دوای ئەوەی لە 2009 نەوشیروان مستەفا لە یەكێتی جیا بووەوە و تا ئەو ماوەیەی خەریكی دانوستاندن بوون بۆ ئەو رێككەوتنە، میدیاكانی گۆڕان بەردەوام یەكێتی و سەركردەكانیان بە گەندەڵ ناو دەبرد و بەجۆرەها شێوە هێرشیان دەكردنە سەر، بەڵام دوای رێككەوتننەكە، ئیتر هەموو سەركردەكانی یەكێتی لە گەندەڵی داماڵران و بوونەوە بە كەسی شارەزا و پاك، ئەم رێككەوتنەش بەهۆی ئەوەی دژی سیاسەتی چەند ساڵەی گۆڕان بووە، بەشێك لە هەڵسووڕاو و كادرە دیارەكانی گۆڕانی نیگەران كردووە و بەشێكیشیان دەستیان لەو حزبە كێشایەوە، هاوكات لەلایەنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چەند سەركردەیەكی دیاری ئەو حزبە نیگەران و ناڕازین لەو رێككەوتنە.

هەر بە پێی زانیاریی ئەو سەرچاوەیەی گۆڕان، هەڤاڵ ئەبوبەكر و سەردار قادری جێگری، دەمەقاڵێ لە نێوانیاندا رووی داوە و لەكاتی ئەو دەمەقاڵێیەشدا هەریەك لە "عومەری سەید مەجید" و "قادری حاجی عەلی" لەوێ ئامادە بوون، هەڤاڵ ئەبوبەكر رای گەیاندووە كە ئامادە نییە لەژێر هیچ فشارێكدا دەست لە پۆستەكەی هەڵگرێت.

لای خۆیەوە، ڕۆژی 24ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لیستی كۆمەڵی ئیسلامی، لە دانیشتنێكدا رای گەیاندووە: "د. هەڤاڵ" زۆر بێ تاقەتە، بە ئاشكراش باس لەوە دەكات كە گۆڕان تەنیا بەمەبەستی دەنگ بەكاری هێناوە.

پێشتریش سەرچاوەیەك لە بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی گوت: گۆڕان و یەكێتی بەنیازن كۆبوونەوەیەكی داخراو لە شاری سلێمانی ئەنجام بدەن و پرسەكە یەكلا بكەنەوە، ئینجا پارێزگاری نوێی سلێمانی دەستبەكار دەبێت.

دوای دەست لەكاركێشانەوەی ئاسۆ فەرەیدوون و دەستبەكار بوونی سەردار قادر بە وەكالەت بەتەواوبوونی ماوەی یاسایی بە وەكالەتی پارێزگار، جارێكی تر بەهۆی كێشەی یاسایی ئاسۆ فەرەیدوون داوای مۆڵەتی كرد بۆ ڕاستكردنەوەی ئەو هەڵە یاسایییەی هەبوو.


وشە - كوردۆ شابان