بێ خۆراك و ئاو لە بیابان ماونەتەوە
داعش و حەشدی شەعبی پێنج هەزار عێراقی گەمارۆ دەدەن

:: PM:03:24:16/11/2016 ‌

قایمقامی شارۆكەی حەزەری رۆژئاوای مووسڵ ئاشكرای كرد، زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتیی سڤیل لە شارۆكەی حەزەر و شارەدێ تەلعەبتە گەمارۆ دراون، كە ناوچەیەكی بیابانییە و هیچ خۆراك و ئاوێكی لێ نییە، هۆشداری لە ڕوودانی كارەساتی گەورەی مرۆیی لەو ناوچەیەدا.

عەلی ئەحمەدی قایمقامی شارۆكەی حەزەر لە رۆژئاوای مووسڵ ئاشكرای كرد، خەڵكی حەزەر و تەلعەبتە لە دۆخێكی مرۆیی زۆر سەختدان، لەلایەكەوە لە ترسی داعش تەواو تۆقیون و گەمارۆ دراون، لەلایەكی ترەوە لە ترسی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی نازانن ڕوو لە كوێ بكەن.

هەروەها گوتی، كەلوپەلی خۆراكی زۆر كەم و ئاو و خزمەتگوزاری ماوەی چەند مانگێكە بۆ ئەو ژمارە زۆرەی خەڵك نییە، بۆیە مەترسی ڕوودانی كارەساتی مرۆیی لێ دەكەوێتەوە.

هاوكات قایمقامی شارۆكەی حەزەر داوای لە لایەنە پێوەندارەكان كرد بەهانای لێقەوماوان بێن، چەندان نەخۆشی و پەتا لەناو خەڵك بڵاو بوونەتەوە، وەك نەخۆشییەكانی پێست و ژەهراویبوون، بەهۆی نەشیاوی ئەو ئاوەی لەو ناوچەیە دەستیان دەكەوێت، كە هیچ مادەیەكی پاككەرەوەی تێ ناكرێ و بە تەواوی نەشیاوە بۆ خواردنەوە.

ئەو كارەساتە مرۆیییە لە كاتێكدایە ملیشیاكانی حەشدی شەعبی ئاشكرایان كردووە، كە لە چەند لایەكەوە گەمارۆی شارۆكەی حەزەر و شارەدێی تەلعەبتەیان داوە لەسەر رێگەی گەیشتنیان بۆ تەلەعفەری رۆژئاوای مووسڵەوە.

شارۆكەی حەزەر دەكەوێتە 80 كیلۆمەتر باشووری رۆژئاوای مووسڵ و یەكێكە لە ناوچە شوێنەوارییە گرنگەكان، شاری حەزەری مێژوویی دەكەوێتە دوو كیلۆمەتر باكوری رۆژئاوای شارۆكەكە و لە رۆژی هەشتی ئادار/مارسی 2015 چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش دەستیان بە ڕووخاندن و وێرانكردنی شوێنە شوێنەوارییەكانی ئەو شارە كرد، بەگوێرەی ئامارەكان ژمارەی دانیشتووانی نۆ هەزار كەس دەبێ و زۆرینەی دانیشتووانی عەرەبی سونەن.

سەرچاوە/ئەلعەرەبیە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د