تیشكی نامۆ لە ئاسمانی كوردستان بینراوە
وەزارەتی ناوخۆی ئێران دێتە دەنگ

:: PM:03:30:27/12/2017 ‌


ماوەیەكە هەندێك تیشكی نامۆ لە ئاسمانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ناوچەكانی تری ئێران دەبینرێت و وەزارەتی ناوخۆی ئێرانیش داوای لێكۆڵینەوەی زانستی  و بەدواداچوون دەكات و دەڵێت خۆشیان وەك دەنگۆ ئاگاداری ئەم رووداوانەن.

لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بەشێك لە ماڵپەڕەكانی ئێران قسە لەسەر بینینی مادە و تیشكی سەیروسەمەرە لە ئاسمان دەكرێت و هەر كامێكیان بە شێوەیەك باسی دەكات. زۆرێك لەو خەڵكە دەڵێن پێوەندییەك لە نێوان ئەو شتە سەیرانە و بوومەلەرزەكانی رابردوودا هەبووە. كار گەیشتە ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی ئێرانیش بە فەرمی قسەی لەسەر بكات.

بەگوێرەی میدیاكانی ئێران دانیشتووانی پارێزگاكانی ئیلام لە رۆژهەڵاتی كوردستان و هەریەك لە شارەكانی تەورێز، مەسجێد سولەیمان  و چەندان ناوچەی تر باس لەوە دەكەن گوێیان لە دەنگێكی نامۆ بووە لە ئاسمان بیستراوە بە تایبەت لە رۆژانی ١٨ تا ٢٢ی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ. ئەم رووداوە هەفتەیەك دوای بوومەلەرزەكەی كرماشان دێت كە بە هۆیەوە هەزاران كەس بریندار بوون و سەدان كەس مردن. لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە شێوەی جیاواز باس لەو شتە سەیرانە دەكرێت لە ئاسمان بینیویانە.

محەمەد حوسێن زەلفەقاری یاریدەدەری وەزیری ناوخۆ بۆ بواری تەناهی ئاشكرای كرد كە ئەوانیش گوێیان لەم دەنگۆیانە بووە و هەر ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەبیسترێت ئەوانیش بیستوویانە و هیچ زانیارییەكی فەرمی لەمبارەیەوە نییە. ئەو هەروەها گوتی سەرجەم بنكە تایبەتییە ئاسمانییەكانیان لە شوێنە جیاوازەكان راسپاردووە لێكۆڵینەوە لەم بوارە بكەن.

بە پێچەوانەی قسەكانی زەلفەقاری ئەم قسە و باسانە تایبەت نییە بە تۆڕە كۆمەڵایتەییەكان، بەڵكو بەشێك لە ماڵپەڕە فەرمییەكانی ئێرانیش زانیارییەكەیان بڵاو كردووەتەوە و باسیان لە ترسی خەڵك كردووە لە دوای بینینی تیشكێكی نامۆ لە ئاسمانی ناوچەكانیان.

ماڵپەڕی تەسنیم كە كە لە دەزگە تەناهییەكانی ئێران نزیكە نووسی دوو هەفتە لەمەوبەر لە ئیلام تیشكێكی نەناسراو بینراوە كە رەنگی سوور بووە و ئەم تیشكەش مەترسی لای خەڵكی ئیلام دروست كردووە و تەنانەت دەنگۆی ئەگەری روودانی بوومەلەرزەیان بڵاو كردووەتەوە.

روحوڵا خودادادی پسپۆڕی بوومەلەرزە لەبارەی سەرچاوەی ئەم تیشكە نامۆیە گوتی، كاتێك كەشوهەوا سارد دەبێت و تیشكدانەوەی پاڵاوگەی گازی ئیلام روو دەدات، ئەم جۆرە تیشكە دروست دەبێت كە بە "پیكۆبینۆ" ناسراوە و تیشكێكی دەگمەنە كە هیچ پێوەندییەكی بە بوومەلەرزەوە نییە.

حاجعەلی كەریمی كە پسپۆڕێكی تری زەویناسییە بە شێوەیەكی تر لێكدانەوەی بۆ ئەو تیشكە كردووە كە لە ئاسمانی كوردستان بینراوە و دەڵێت، لەوانەیە لە زەوییەوە تیشكێك بەرەو ئاسمان ئاراستە كرابێت و دوای ئەوەی تیشكەكە بە هەورەكان كەوتووە، ئەم جۆرە رەنگەی دروست كردووە.

ماڵپەڕی فەرمیی حكوومەتی ئێرانیش پێنجشەمی رابردوو بڵاوی كردەوە، شتێكی سەیر لە ئاسمانی پارێزگاكانی ئیلام و خووزستان بینراوە.

بەگوێرەی "دۆیچەوێلێ" بینینی تیشكی و شتی سەیر لە ئاسمانی ئێران شتێكی تازە نییە و ساڵی رابردووش لە ئاسمانی پاوە، شیراز و یەزد شتێكی نامۆ بینرا، بەڵام دواتر بەرپرسان رەتیان كردەوە هیچ بینرابێت.
 
پێنج ساڵ لەمەوبەریش لە چەندان ناوچەی ئێران تیشكێكی نامۆ لە ئاسمان بینرا و بینینی ئەو تیشكەش هاوكات بوو لەگەڵ مانۆڕێكی سەربازیی ئێران. هەندێك كەس گوتیان ئەمە لەوانەیە تاقیكردنەوەی مووشەكی بالیستیكی بێت كە دواتر لە لایەن حكوومەتی ئێرانەوە رەت كرایەوە. ئەوكات كەناڵی ئێن بی سی ئەمەریكیش بڵاوی كردەوە تیشكەكە پێوەندی بە تاقیكردنەوەی مووشەكییەوە هەیە.

هەندێك سەرچاوەش دەڵێن ئەم تیشكانە پێوەندی بە پڕۆژەیەكی ئەمەریكی هەیە لە بواری ئاسمانی كە بە "هارپ" ناسراوە . پڕۆژەكە كار لەسەر شەپۆلی دەنگیی بە فریكوانسێكی زۆر بەرز دەكات كە لە لایەن هێزی دەریایی ئەمەریكا بە یارمەتی دامەزراوەیەكی زانكۆیی سێ ساڵە كاری لەسەر دەكرێت. ئامانجی ئەم پڕۆژەیە ئەوەیە گۆڕانكاری لە چینی یونوسفێر كە بەرزترین توێكاڵی بەرگە هەوای زەوییە بكات كە ٥٠ تا ١٠٠ كیلۆمەتر لە زەوییەوە دوورە.

دەگوترێت ئەو چینەی بەرگە هەوا كاتێك ئەو هەمووە شەپۆلە دەنگییە بەهێزەی بەردەكەوێت، دژكردەوە نیشان دەدات و دەبێتە هۆی روودانی دیاردەی سروشتی سەیر لەسەر زەوی. ئەو جۆرە تیشكانە دەرهاویشتەی ئەو تاقیكردنەوەیەن. هەروەها دەگوترێت كاردانەوەی ئەم شەپۆلانە كاریگەریی لەسەر كەشوهەوای زەوی دەبێت لەوانەیە لە زۆر شوێن سۆنامی، لافاو، یان رووداوی سروشتی تر وەك بوومەلەرزە روو بدات.

لە دوو مانگی رابردوودا بە هەزاران بوومەلەرزە لە ئێران و ناوچەكە تۆمار كراون كە ئەگەر لە لایەك دیاردەیەكی سروشتی بن، ئەوا لە لایەكی تر گومانی جیاوازیان هێناوەتە كایەوە.





وشە - سلێمان تاشان