رژێمی ئێران نەیتوانیوە شەقام لە خەڵكی ناڕازی بستێنێتەوە

:: AM:10:12:06/01/2018 ‌

ئەمڕۆ شەموو خۆپێشاندان دژی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە شارە جیاجیاكانی ئێران پێ دەنێتە دەیەم رۆژییەوە، سەرەڕای ئەو هەمووە هەوڵەی سوپای پاسداران و هێزە تەناهییەكانی رژێم بەرانبەر خەڵكی ناڕازی گرتوویانەتەبەر نەیانتوانیوە دەنگی ناڕەزایەتی كپ بكەن.

رژێمی ئێران بۆ ئەوەی رێگری لە خۆپێشاندان بكات كۆمەڵێك ئامرازی جیاوازی بەكار هێناوە و لە هیچ كام لەو ئامرازانەشدا سەركەوتوو نەبووە. ئامرازی سەركوتكردن كە هەموو كات رژێم دەستی بۆ بردووە زۆر جار لە رابردوودا ئەنجامی هەبووە، بەڵام ئەمجارە نەك ئەنجامی نەبووە، بگرە خەڵكی خۆپیشاندەری تووڕەتر كردووە. تا ئێستە 50 كەس كوژراون، بە سەدان كەس بریندار بوون و سێ هەزار كەسیش گیراون.

حكوومەت ئەمجارەیان سوودی لەوە وەرگرت بە گرێدانی خۆپێشاندانەكان بە دەستی دەرەكی خەڵك هێور بكاتەوە. دەسەڵاتدارانی ئێران هەرزوو گوتیان ئەوەی روو دەدات دەستی سعوودیە، ئەمەریكا، ئیسرائیل و وڵاتی تری لە پشتە، بەڵام ئەمەیان لای خەڵك زۆر دووبارە بوو و تەنانەت كاتێك حكوومەت ئەو تۆمەتەی خستە پاڵ خۆپیشاندەران، لە لایەن خەڵكی دیار و مامۆستایانی زانكۆ رووبەڕووی رەخنە بووەوە. بۆ نموونە سادق زیباكەلام كە مامۆستایەكی ناسراوی زانكۆی تارانە لە نامەیەكدا بۆ عەلی شەمعخانی سكرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران گوتی جێی داخە وەك هەموو جارێك حكوومەت خۆپێشاندان دەخاتە پاڵ دەستی بێگانە و نایەوێت گوێ لە ویست و داخوازی خەڵك بگرێت. ئەو بە سەرسوڕمانەوە بە شەمعخانی گوت، "یانی سعوودیە ئەوەندە بەهێزە و ئەوەندە توانای هەیە دەتوانێت لە هەموو شارەكانی ئێران بەم شێوەیە خەڵك بجووڵێنێت."

حكوومەتی رژێمی ئێران ئامرازێكی نوێی بۆ دروست بووە بۆ ئەوەی خۆپێشاندانەكانی بخاتە پاڵ و ئەویش پرسی تیرۆرە، هەندێك بەرپرسی ئێران لە وتارەكانیان ئاماژەیان بەوە كرد كە داعش و هیزی تیرۆریستی تر دەمێكە كار دەكەن بۆ ئەوەی دۆخێكی نائارام لە ئێران بهێننە كایەوە و خەڵك كەوتوونەتە داوی تیرۆریستان، ئەم تۆمەتەش خەڵكی لە خۆپێشاندان سارد نەكردەوە و بە حكوومەتیان گوت ئەوە ئێوەن لە سووریا و غەزە و شوێنی تر خەریكی تیرۆر و نائارامین و پێویست ناكات تۆمەتی لەم شێوەیە بخەنە پاڵ خەڵكتان.

دەزگەكانی تەناهی و بەرپرسانی سیاسیی ئێران شتێكی تریشیان تاقی كردەوە، بەڵام لەویشدا سەركەوتوو نەبوون، ئەویش بریتی بوو لەوەی خۆپێشاندانی ئەمجارە گرێ بدەن بە هەمان خۆپێشاندانی ساڵی ٢٠٠٩ كە ریفۆرمخوازان لە پشتەوەی بوون. حكوومەت خۆپێشاندانەكانی ساڵی ٢٠٠٩ی بە فیتنە هەژمار كردبوو و ئێستەشی لەگەڵدا بێت سەركردەی ئەو خۆپێشاندانانە لە ماڵەكانی خۆیان بەند كراون كە لە گرنگترینیان میرحوسێن مووسەوییە. مووسەوی سەرەڕای ئەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری ساڵی ٢٠٠٩ سەركەوتنی بەدەست هێنا، بەڵام ویلایەتی فەقهی هەڵبژاردنەكەی لە قازانجی مەحموود ئەحمەدی نەژاد دەستكاری كرد.

ئەم تۆمەتەش سەری نەگرت چونكە خۆپێشاندانی ئەمجارەی خەڵكی ئێران لەگەڵ خۆپێشاندانی ئەوكات جیاوازی زۆرە و دروشمەكانیش جیاوازن. ئەوكات خەڵك داوای دەنگی خۆیان دەكرد و تووڕە بوون لەوەی دەنگەكەیان دزراوە و حكوومەت لە قازانجی كەسێكی تر ئەنجامی هەڵبژكاردنی گۆڕیوە و دروشمەكانیش لە پێناوی چاكسازیدا بوون. بەڵام ئەمجارە دروشمەكانی زۆر توند و سیاسین و خەڵك دژی هەردوو باڵی رژێم دروشم بەرز دەكەنەوە داوای رووخانی رژێم و مردنی خامەنەیی و گۆڕینی كۆماری ئیسلامی بۆ كۆماری ئێرانی دەكەن.

هەفتەی رابردوو رژێمی ئێران بۆ ئەوەی خەڵك ئارام بكاتەوە، سوودی لە هەندێك كەسایەتی ناسراوی ریفۆرمخوازانیش وەرگرت. محەمەد خاتەمی سەرۆك كۆماری پێشووتری ئێران كە كەسێكی دیاری ریفۆرمخوازانە لە كۆبوونەوەی حزبەكەی كە بە "كۆمەڵەی زانایانی ئاینی خەباتگێڕ "ناسراوە هاوشێوەی باڵی توندڕەوی رژێم خۆپێشاندانەكانی بە دەستی دەرەكی گرێ دا كە دواجار نەیتوانی خەڵك هێور بكاتەوە.

ماوەی سێ رۆژە حكوومەتی ئێران دەستی بۆ شێوازێكی تر بردووە بۆ ئەوەی ئەم خۆپێشاندانانە كۆتا پێ بهێنێت. ئەویش ئەنجامدانی خۆپێشاندانی پێچەوانە و هێنانە سەرشەقامی لایەنگرانی خۆیەتی. حكوومەت لەم كارەدا شارەزایە و هەرچی قوتابی و فەرمانبەر و بەسیجی هەیە دەیانهێنێتە سەر شەقام و دروشمی پشتیوانی لە رژێمیان پێ دووبارە دەكاتەوە.

لە سێ رۆژی رابردوودا حكوومەت هەموو هەوڵێكی دا، بەڵام نەیتوانی شەقام لە خۆپێشاندەران بستێنێت و خۆپێشاندان لە شارە جیاجیاكانی ئێران درێژەی هەیە. هەندێك گرتە بڵاو بوونەتەوە كە تەنانەت لە نێو ئەو خۆپێشاندانانەش كە بۆ لایەنگریكردن لە رژێم رێك خراون، دروشم دژی رژێم گوتراون.

خۆپێشاندانەكانی ئەمجارەی خەڵكی ئێران جگە لەوەی لە ناوخۆی ئێران زۆرینەی خەڵكی لە پشتە، ئەوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پشتیوانی دەكرێت و ئەگەر بەردەوام بن چاوەڕوانی دەستكەوتیان لێ دەكرێت.




وشە - سلێمان تاشان