خشتەی كاری رۆژانەی ترەمپ بە بەراورد لەگەڵ ئۆباما و بوش

:: AM:10:36:10/01/2018 ‌

دوای ئاشكرابوونی خشتەی كاری رۆژانەی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە بارەی خشتەی كاری رۆژانەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بڵاو كراوەتەوە، ترەمپ لە بری ئەوەی سەعات هەشتی بەیانی یان نۆی بەیانی (كۆبوونەوەی جێبەجێكاری) لەگەڵ ئەندامانی تیمەكەی لە كۆشكی سپی ببەستێت، ئەو سەعات 11ی بەیانی ئەو كۆبوونەوەیە دەكات كە سێ سەعات دوای دەستپێكردنی دەوامی رۆژانەیە.

پێگەی ئەكسیوسی هەواڵی بڵاوی كردووەتەوە، دەڵێ ئەو كاتەی ترەمپ كۆبوونەوەكە دەبەستێت، بەگوێرەی خشتەی كاری سەرۆكی ئەمەریكا بێت دەبێت ترەمپ سەیری تەلەڤزیۆن بكات، یان كتێب بخوێنێتەوە یانیش تویت لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر بكات.

 لەسەر ئەو پرسە كۆشكی سپی دێتە دەنگ و دەڵێ ئەو كاتەی ئێوە باسی دەكەن، سەرۆكی ئەمەریكا سەرقاڵی ئەنجامدانی تەلەفۆنی گرنگە، دۆناڵد ترەمپ كاتەكانی بە رێكی بە پێی خشتەی دەستنیشانكراو بەڕێ دەكات و كاتێكی زۆریش لە كۆشكی سپی دەمێنێتەوە.

ئەكسیوس لە راپۆرتەكەیدا ئەوە خراوەتە ڕوو كە ترەمپ وەك پێویست سەیری تەلەڤزیۆن ناكات، ئەمەش وای كردووە رووبەڕووی رەخنەی زۆر ببێتەوە.

خشتەی كاری رۆژانەی ترەمپ چۆنە؟
 بەگوێرەی ئەو خشتەیەی پێگەی ئەكسیوس بڵاوی كردووەتەوە و رۆژانە كۆشكی سپی بۆ دەزگەكانی راگەیاندنی ئەمەریكایی رەوانیان دەكات، سەعات هەشت تا سەعات 11 بە (كاتی جێبەجێكردن) دانراوە، كەچی ترەمپ ئەو كاتە لە كۆشكی سپی و نووسینگە تایبەتەكەی خۆی سەرقاڵی سەیركردنی تەلەفڤزیۆن و ئەنجامدانی چەند تەلەفۆنێك و نووسینی چەند تویتێكە لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر.

سەعات 11، ترەمپ بۆ یەكەمین كۆبوونەوەی رۆژانەی خۆی دەچێت و لەوێدا بەیاننامەیەكی هەواڵی كورت رادەگەیەنێت.

جگە لەو كۆبوونەوەیە، رۆژی وا هەیە ترەمپ دوو تا سێ كۆبوونەوەی جێبەجێكاری ئەنجام دەدات و كاتی پێویستیش بۆ پشوو وەرگرتن وەردەگرێت، پاشان سەعات شەشی ئێوارە دەگەڕێتەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی لە ناو كۆشكی سپی.

 ئەكسیوس دەڵێ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا پابەندی (كاتی جێبەجێكار)ی نابێت كە دەكەوێتە تەنیشت نووسینگەی تایبەتی سەرۆك. ئەو ماڵپەڕە پشت بە خشتەی كاری رۆژێكی سەرۆك دەبەستێت و دەڵێ، خشتەی كاری سەرۆك سەعات 11ی بەیانی دەست پێ دەكات، دواتر سەعات 12 كاتی جێبەجێكردن دەست پێ دەكات و پاشان نانخواردنی نیوەڕۆیە.
   
بەگوێرەی راپۆرتەكە، خشتەی كاری دۆناڵد ترەمپ دوای تەواوكردنی ساڵی یەكەمی سەرۆكایەتی گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە. ماڵپەڕەكە پشت بە لێدوانێكی پێشتری دۆناڵد ترەمپ دەبەستێت كە رای گەیاندبوو ئەو رۆژانە كۆبوونەوەی جێبەجێكردن بەیانیان لەكاتی نانخواردنی بەیانی لە ژووری رۆزفێڵت ئەنجام دەدات، بەڵام ئێستە كۆبوونەوەكە سەعات 11 ئەنجام دەدات. جگە لەمە لەكاتی گەشتەكاندا خشتەی سەرۆك درێژتر دەبن
 
خشتەی كاری ئۆباما و بوش بە بەراورد بە ترەمپ
 وەك زانراوە زۆرینەی سەرۆكەكانی دنیا پابەند نابن بە خشتەی كاری رۆژانەیان و كارەكانیان بەگوێرەی پێویستی رۆژ ئەنجام دەدەن.

ماسیۆ دالیك مامۆستا لە زانكۆی جۆرج واشنتن دەڵێ، باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا كاری رۆژانەی سەعات نۆ بۆ 10ی بەیانی دەست پێ دەكرد، دواتر هەندێك وەرزشی رۆژانەی لەگەڵدا دەكرد و پاشان دەگەڕایەوە كۆشكی سپی بۆ نانخواردنی بەیانی لەگەڵ خێزانەكەی.

لەبارەی جۆرج دەبڵیو بوش، باس لەوە دەكرێت كە سەعات شەش و 45 خولەك بەرەو نووسینگەكەی لە كۆشكی سپی دەرچوو.

ئەكسیوس لە راپۆرتەكەیدا باسی ئەوە دەكات بوش بەوە ناسراو بوو كە كارەكانی بەیانی زوو دەستی پێ دەكرد و شەوەكەشی زوو دەخەوت. بەڵام ئۆباما بەوە ناسرابوو كە شەوان دوای خەوتنی خێزانەكەی ئەو هەڵدەستایەوە كارەكانی ئەنجام دەدات، شەوی وا هەبووە تا سەعات یەك یان دووی شەو ماوەتەوە و كاری كردووە.
 
ئۆباما هەستی بە چی كرد كاتێك ترەمپ دەستبەكار بوو؟
ئەوەی لەبارەی سەرۆكەكانی تر زانراوە، لەوانە لیندون جۆنسۆن و بیل كلینتون ئەوەیە كە لە نیوەشەودا پێوەندی تەلەفۆنیان كردووە.

دالیك دەڵێ جیاوازی بنەڕەتی لە نێوان ترەمپ لەگەڵ سەرۆكەكانی تر خشتەی كارەكانیەتی، بەتایبەت كە لەم دواییانەدا هەندێك راپۆرت بڵاو كرانەوە و تێیدا گومان خرایە سەر باری تەندروستی عەقڵی و بیركردنەوەی ترەمپ، هۆیەكەی ئەوەیە رەنگە ترەمپ نەتوانێت زاڵ بێت بەسەر خشتەی كاری رۆژانەی.

زیاتر گوتی "زۆرجار خشتەی كار جەنجاڵی دروست دەكات و ئەمەش كاریگەری لەسەر كاتی پشوو دەبێت".

دالیك باسی ریگان دەكات و دەڵێ لەو كاتەی سەرۆكی ئەمەریكا بوو، لە دوا ساتەكانی ماوەی سەرۆكایەتی رۆژانە كاری كەمتری كردووە، تەنانەت لە دوو ساڵی كۆتای ماوەی سەرۆكایەتی وا دەردەكەوت كە دوور كەوتووەتەوە لە وردەكاریی سیاسەت و دەستی لە هەندێ بۆنەی كۆمەڵایەتی هەڵگرتووە، زیاتر گوتی "پێنج ساڵ دوای تەواوكردنی ماوەی سەرۆكایەتی، ریگان تووشی خەڵەفان بوو، لەبەر خۆیەوە وڕێنەی دەكرد".
 
پێ ناچێت دۆناڵد ترەمپ لە ریگان بچێت، چونكە ترەمپ بەیانیان زوو تویت دەكات و زۆرجار ئێوارەی درەنگیش بە هەمانشێوە تویت دەكات. سارە ساندرز سكرتێری رۆژنامەوانی كۆشكی سپی وەڵامی راپۆرتەكەی ئەكسیوسی دایەوە و بەرگری لە رەوشتی كاری رۆژانەی دۆناڵد ترەمپ كرد.

كاتی بەیانیان، ئەو كارانەی سەرۆك دەیكەن تێكەڵەیەكن لە نێوان ماوەی مانەوەی لە شوێنی پشووی خۆی و ئەو كاتەی لە نووسینگەكەی دەبێت لە كۆشكی سپی، بەڵام هەمیشە بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ فەرمانبەرەكانی كۆشكی سپی، یان سەركردە بیانییەكان دەكات. گوتی "هیچ كەسێكم وەك ترەمپ نەبینیوە وا بە رژدی كارەكانی بكات و ماوەیەكی زۆر لە رۆژدا سەرقاڵی بەجێگەیاندنی كارەكانی بێت، تەنانەت رۆژنامەنووسان گلەیی ئەوەیان كردووە كە سەرۆك ماوەی كاركردنی كەم بكاتەوە چونكە ئەوان رووبەڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە هێندەی چاودێری بكەن".

دالیك دەڵێ كێشەی سەرەكی سەرۆك تویتەكانیەتی كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویان دەكاتەوە، دەری دەخات كە كاتەكانی رێكخراو نین، ئەوەش وا دەكات ماندووی بكات و لەناوی ببات.

زیاتر گوتی "بۆ سەركردایەتی كردنی وڵات دەبێت سەرۆكەكان كاتەكانیان رێكخراو بێت، چونكە ئەگەر بە ئازادی و بێ هیچ بەربەستێك كار بكەن و قسە بكەن، ئەوا رووبەڕووی مەترسی دەبنەوە و دەبێتە هۆی خوڵقاندنی جەنجاڵی".

 پڕۆفیسۆر دالیك مامۆستا لە زانكۆی جۆرج واشنتن جۆنسۆن لەكاتی شەڕی ڤێتنام دووچاری داڕووخان ببوو، وای لێ هاتبوو نیوەی شەو پێوەندی بە راوێژكارەكانی دەكرد و توانای قبووڵكردنی رەخنەی نەمابوو، هەمان حاڵەتیش بە جۆرێكی تر لە دۆناڵد ترەمپ هەستی پێ دەكرێت كە توانای قبووڵكردنی رەخنەی نییە.
 
 سەرچاوە/ بی بی سی


وشە - فه‌رمان سادق