گۆڕان پێشنیازى کرد و یەکێتى و کۆمەڵ پشتیوانى دەکەن

:: AM:10:38:18/11/2016 ‌


بیرۆکەى مامەڵەى راستەوخۆى بەغدا لەگەڵ پارێزگاى سلێمانى، زیاتر لەلایەن بزووتنەوەى گۆڕانەوە پێش خراوە، بەڵام یەکێتیى نیشتمانى و کۆمەڵى ئیسلامى شوێنی کەوتوون، بیرۆکەکە ئەگەرى سەرکەوتنى زۆر نییە، لەگەڵ ئەوەشدا لایەنەکان خوێندنەوەى جیاجیاى بۆ دەکەن.

کاوە محەمەد، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق پێشنیازکردنى بیرۆکەى مامەڵەى راستەوخۆى حکوومەتى عێراق لەگەڵ پارێزگاى سلێمانى، بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کە حکوومەتى هەرێم نایەوێت رێککەوتنى نەوتى لەگەڵ بەغدا بکات.

ئەو بە"وشە"ى راگەیاند، "حکوومەتى هەرێمى کوردستان ئامادە نەبوو ڕێککەوتنى نەوتى لەگەڵ بەغدا ئەنجام بدات، تا ئێستەش ئامادەیى تێدا نییە شاند بنێرێت و خەمى لە ژیان و گوزەرانى مووچەخۆران و هاووڵاتییانى نییە، نەشمانگوتووە با ڕاستەوخۆ ئەو پڕۆژەیە پێشکەش بکەین، بەڵکو پلانى (بى) پڕۆژەکەیە".


لەبارەی پلانی ئەی گوتی، "پلانى (ئەى) ئەوەیە کە حکوومەتى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى بەغدا پابەندى جێبەجێکردنى ڕێککەوتنەکە بن، ساڵانى پێشوو لە پڕۆژەیاساى بودجە بەو شێوەیە بووە هەر کامیان پابەندى ڕێککەوتن نەبوو، ئەوى تر دەتوانێت پابەند نەبێت، ئەوەش کێشەکەیە و بووەتە هۆى ئەوەى ڕێککەوتنەکە سەر نەگرێت".

 لەکاتێکدا پێوەندییەکانى نێوان هەولێر و بەغدا ئەوەندە باش نین، بەتایبەت لە دۆسیەى نەوت و بودجەدا، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانى کوردستان دەیانەوێت مامەڵەى بەغدا لەگەڵ پارێزگاى سلێمانى، جیا بکەنەوە، ئەوەش هەڵوێستى نەرێنى لایەنەکانى ترى لێ کەوتووەتەوە.

سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان روونى دەکاتەوە، "دەمانەوێت لە پڕۆژەیاسای 2017 هەردوولا پابەندى ڕیککەوتنەکە بن، هەر لایەک پابەند نەبوو لایەکەى تر دەتوانێت لە دادگەى فیدراڵى سکاڵا بکات، بەڵام ئەگەر حکوومەتى هەرێم پابەندى ڕێککەوتن نەبوو، بەغدا دەتوانێت ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکان بکات لە ڕووى دارایییەوە، چونکە دۆخى هاووڵاتییانى هەرێم زۆر خراپە، سیاسەتى نەوتى هەرێمیش شکستى خواردووە و پەرلەمان پەک خراوە و کەرتى نەوت بەحزبى کراوە، هیچ باکى بە کێشەى هاووڵاتییان نییە، قوتابخانە و زانکۆکان داخران، ناکرێت لێ گەڕێین پارتى چۆنى بوێت ئەوا مامەڵە بکات".


زانا ڕۆستایى، ئەندامى فراکسیۆنى کۆمەڵى ئیسلامى لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە "وشە"ى ڕاگەیاند، "سەرچاوەى بیرۆکەى مامەڵەى بەغدا لەگەڵ پارێزگاکانى هەرێم ئەوەیە کە فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان مووچەیان پێ نادرێت، ماوەى ساڵێکە بڕێکى کەم لە مووچەیان وەرگرتووە، حکوومەتى هەرێمیش نەیتوانیوە کێشەکە چارەسەر بکات و یان نایەوێت چارەسەرى بکات".

ئەو دەڵێ، "نوێنەرانى کورد لە پەرلەمانى عێراق لە هەوڵى ئەوەدان ڕێگەچارەیەک بۆ کێشەى مووچەى فەرمانبەرانى کوردستان بدۆزنەوە، ڕێگەچارەکەش ئەوەیە بەغدا داوا دەکات داهاتە فیدراڵییەکانى هەرێم بدرێتەوە بەغدا بۆ ئەوەی بتوانن بودجەى کوردستان بدەن".

رۆستایی گوتی "ئەگەر پارێزگایەک هەبێت نەیەوێ ئەو شتە بکات، بۆ پارێزگایەکى وەک سلێمانى بیر لەوە کراوەتەوە کە بگەنە ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکوومەتى بەغدا بۆ ئەوەى ڕاستەوخۆ مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت، بەبێ ئەوەى کاریگەرى هەبێت لەسەر هەرێمى کوردستان".

"تا ئێستە بەغدا و لایەنە سیاسییەکانى تر گڵۆپى سەوزیان هەڵنەکردووە بۆ ڕێککەوتنێکى لەو شێوەیە، تەنیا بیرۆکەیەکە، نازانرێت لایەنى بەرامبەر ڕازى دەبێت یان نا"، رۆستایى واى گوت.

هەردوو لایەنى گۆڕان و کۆمەڵى ئیسلامى، لە نەبوونى رێککەوتن لە نێوان هەولێر و بەغدا، زیاتر رەخنە لە حکوومەتى هەرێم دەگرن، رۆستایى دەڵآ، "حکوومەتى هەرێمى کوردستان زیاتر لە یەک ساڵە هیچ هەنگاوێکى بۆ چارەسەرکردنى دۆخى هاووڵاتییان نەناوە، لە حاڵەتێکى لەو شێوەیەشدا ناکرێت نوێنەرانى کورد لە بەغدا دەستەوەستان بن و تەنیا سەیر بکەن، لە ئەگەرى ڕێککەوتنیش دەبێت ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى کۆتا بەوە بێنێت کە ئایا سلێمانیش بەوە ڕازى دەبێت یان نا".

هەرچەند پەرلەمانتارانى کۆمەڵى ئیسلامى و یەکێتیى نیشتمانى، پشتیوانى لەو بیرۆکەیەى گۆڕان دەکەن، بەڵام تا ئێستە یەکگرتووى ئیسلامى پشتیوانى نەکردوون، بۆ ئەوەش پاساوى خۆیان هەیە.

موسەنا ئەمین، سەرۆکى فراکسیۆنى یەکگرتوو لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بۆ "وشە"ى روون کردەوە، "ئەندامانى بزووتنەوەى گۆڕان ئەم بابەتەیان ورووژاند، ئەندامانى یەکێتیى نیشتمانى و کۆمەڵى ئیسلامیش پشتیوانیان دەکەن، ئێمە وەک یەکگرتوو تا ئێستە پشتیوانیمان نەکردوون، چونکە پێمان وایە ئەم بابەتە سەرکەوتوو نابێت، پێمان وایە سەرەتا دەبێت لە ڕووى یاسایى و تەکنیکی و دارایى و سیاسى گفتوگۆى لەسەر بکرێت،  بەڵام هەردەم پشتیوانى لە هەر پڕۆژەیەک دەکەین کە ببێتە چارەسەر بۆ گرفتى هاووڵاتییان".

سەرۆکى فراکسیۆنى یەکگرتوو مامەڵەى ڕاستەوخۆى بەغدا لەگەڵ پارێزگاکان بە کارێکى باش نازانێت و پێى وایە، "هۆکارێک دەبێت بۆ دوورکەوتنەوە لە فیدراڵیى هەرێم، هاوکات عەبادى ئامادە نییە بەرامبەر بە داهاتى ناوخۆیى پارێزگاکان، بچێتە ژێربارى پێدانى مووچەى هاووڵاتییانى کوردستان".

فراکسیۆنى یەکگرتووى ئیسلامى سەرەڕاى ئەوەى پشتیوانى لە بیرۆکەى مامەڵەى راستەوخۆى بەغدا لەگەڵ پارێزگاى سلێمانى ناکات، بەڵام بەتوندیش رەخنە لە حکوومەتى هەرێم دەگرێت کە نەیتوانیوە لە چەندان دۆسیەدا سەرکەوتوو بێت و ئەوەش بەهۆکارى زەقکردنەوەى ئەو بیرۆکەیە لەلایەن هێزەکانى تر دادەنێت.

موسەنا ئەمین دەڵێ، "ئەگەر حکوومەتى هەرێم سەرکەوتوو بووایە لە پێدانى مووچە و بەرجەستەکردنى شەفافیەت لە داهاتدا، هیچ لایەنێک باسى لەو بیرۆکەیە نەدەکرد".

وشە/ سلێمانى-هۆشیار عەلى



وشە - تایبه‌ت