گۆڕی رەفسنجانی هەڵدەدرێتەوە.. گومان دەكرێت كوژرابێت

:: PM:03:46:10/01/2018 ‌

حكوومەتی ئێران رەزامەندی نیشان دا لەسەر هەڵدانەوەی دۆسیەی گیان لەدەستدانی ئەكبەر هاشمی رەفسنجانی سەرۆكی پێشتری ئێران. ماڵباتەكەشی دەڵێن ئەو تیشكانەی لە جەستەی ئەو دەردەچێت 10 هێندە زیاترە لەو بڕەی كە پێویستە دەربچێت.

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی راپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە لەسەر دووبارە هەڵدانەوەی دۆسیەی گیان لەدەستدانی عەلی هاشمی رەفسنجانی، ماڵباتەكەشی دووپاتی دەكەنەوە.

ئەكبەر هاشمی رەفسنجانی كە بە عەلی ئەكبەر هاشمی رەفسنجانی ناسراوە، لە 25ی ئابی 1934 لە دایك بووە و لە هەشتی كانوونی دووەمی 2017 بەهۆی نەخۆشییەوە  لە تەمەنی 82 ساڵیدا گیانی لە دەست داوە.

رەفسنجانی كەسایەتییەكی سیاسی و پیاوێكی ئاینی دیاری ئێران بوو، چەند جارێك لە سەردەمی حوكمڕانی شادا گیراوە، دوای سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران تا گیان لە دەستدانی چەندان پۆستی جیاوازی وەرگرتووە، لەوانە سەرۆكی پەرلەمان و دوو خولیش لە 1989 تا 1997 سەرۆكی وڵات بووە، هەروەها پۆستی سەرۆكی دەستەی دەستنیشانكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێرانیش بووە بۆ ماوەیەك.

رەفسنجانی بەهۆی نەخۆشیی دڵ لە تەمەنی 82 ساڵیدا گیانی لە دەست دا، بەڵام گیان لەدەستدانەكەی بەدوای خۆیدا دەنگۆی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و ماڵباتەكەی داوای هەڵدانەوەی گۆڕەكەیان كرد و حكوومەتیش رەزامەندیی نیشان داوە.

فایزە هاشمی كچی رەفسنجانی ئەو زانیارییانە پشتڕاست دەكاتەوە دەڵێ بەگوێرەی بەدواداچوونەكان و پشكنینەكانی مانگی رابردوو ئەنجامیان داوە، دەركەوتووە ئاستی ئەو تیشكانەی لە جەستەی رەفسنجانی باوكی دەردەچن بە بەراورد بە جەستەی كەسێكی تری مردوو، ئاستەكەی 10 هێندە زیاترە.

گاردیان لە زاری پەیامنێری خۆی لە تاران ئاماژەی بەوە داوە كە حكوومەتی ئێران و حەسەن رووحانی سەرۆكی ئێران رەزامەندییان نیشان داوە بۆ هەڵدانەوەی گۆڕی رەفسنجانی.

هەڵدانەوەی گۆڕی رەفسنجانی هاوكاتە لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر گیان لەدەستدانی كە لە ساڵی 1989 تا 1997 سەرۆكی ئێران بووە.

هاوكات یاسر هاشمی كوڕی رەفسنجانی دەڵێ، حەسەن رووحانی سەرۆكی وڵات بڕیاری دووبارە هەڵدانەوەی گۆڕی رەفسنجانی داوە بۆ لێكۆڵینەوە و دەستنیشانكردنی هۆكاری مردنەكەی.

راپۆرتەكەی گاردیان لەگەڵ كەسوكاری نزیك لە رەفسنجانی قسەی كردووە، یەكێك لەوان كە نەیویست ناوەكەی بڵاو بكرێتەوە دەڵێ، تەواوی ماڵباتی رەفسنجانی كۆكن لەسەر ئەوەی باوكیان كوژراوە نەك مردبێت، چونكە ئەو بە شێوەیەكی ئاسایی نەمردووە.

هەڵدانەوەی گۆڕی رەفسنجانی لە كاتێكدایە لە كاتی مردنیدا بە فەرمی راگەیەنرا كە هۆكاری مردنەكەی جەڵتەی سنگ بووە، ماڵباتەكەشی بۆ رێزگرتن لە كەسایەتی باوكیان تەرمەكەیان نەبرد بۆ پزیشكی دادی.

بەڵام دوای كۆبوونەوەی ماڵباتی رەفسنجانی لەگەڵ هەندێك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، ئەوان پێیان راگەیاندوون كە رێژەی ئەو تیشكەی لە جەستەی رەفسنجانی دێتە دەرەوە، زۆر بەرزە و 10 هێندە زیاترە لەو تیشكەی لە جەستەی كەسێكی ئاسایی دەردەچێت.

 دوا بەدوای ئەوە هەوڵەكان بەگەڕ خران بۆ وەرگرتنی رەزامەندی حكوومەت بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەكەی.

بەگوێرەی راپۆرتەكە، دوای مردنی لەسەر داوای كوڕە برایەكی، نموونەیەك لە خوێنی رەفسنجانی لە نەخۆشخانە وەرگیراوە و هەڵگیراوە، بەڵام ئێستە ئەو نموونە خوێنە نەماوە و بزر بووە، ئەمەش وای كردووە گومانەكان زیاتر ببن.

جگە لەمەش پێش مردنی هەندێك كەس هۆشدارییان داوەتە رەفسنجانی كە مەترسی لەسەر ژیانی هەیە.

هەموو ئەوانە ماڵباتەكەی گەیاندە ئەو بڕیارەی داوای هەڵدانەوەی گۆڕی رەفسنجانی باوكیان بكەن و لێكۆڵینەوە و پشكنینی بۆ بكرێت.

سەرچاوە/ بەغداد یەوم


وشە - فه‌رمان سادق