بە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دەدات
بەغدا 4% مووچەی مامۆستایانی كوردستان دەگێڕێتەوە

:: PM:04:05:10/01/2018 ‌
ئەندامێكی سكرتاریەتی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان ڕای گەیاند، ئەو مووچەی لە لایەن بەغداوە بڕیارە بدرێتە وەزارەتی پەروەردە، بۆ هەر مامۆستا و فەرمانبەرێك بڕی %3.8ی لێ دێتە بڕین بۆ هێزەكانی عێراق و حەشدی شەعبی.

تا ئێستە دەنگۆی ئەوە هەیە كە بەغدا بڕیاری داوە مووچەی هەریەك لە وەزارەتەكانی تەندروستی و پەروەردە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت و زیاتر لە هەفتەیەكە وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی ئەو دوو وەزارەتە دەستی پێ كردووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 10ی كانوونی دووەم، بەرهەم مستەفا ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەغدا تەواوی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە دابین دەكات بەو شێوازەی كە مامۆستا و فەرمانبەر پێشتر بەبێ‌ سیستمی پاشەكەوت وەریان دەگرت.

ڕوونی كردەوە كە بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەیە، هەر فەرمانبەرێك مووچە لە لایەن بەغداوە وەربگرێت مانگانە بڕێكی دیاریكراوی لێ وەردەگیرێت و ئێستە كە بەغدا بڕیاری داوە مووچەی وەزارەتی پەروەردە دابەش بكات و وردبینیش كۆتای هاتووە، هەر مامۆستا و فەرمانبەرێكی سەر بە وەزارەتی پەروەردە بڕی %3.8 لە مووچەكەی دێتە بڕین و دەدرێت بە حەشدی شەعبی و هێزەكانی تری عێراق.

ئەو ئەندامەی سكرتاریەتی مامۆستایان زیاتر ئاماژەی بەوە كرد كە بڕیارەكە وەزارەتی پەروەردە دەگرێتەوە و هەمووان ئەو بڕە پارەیان لێ دێتە بڕین، هۆكارەكەشی ئەوەیە ئەو مووچەیە بۆ هێزەكانی عێراق دەبێت.

بەپێی ئامارێكی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتەكە زیاتر لە 62 هەزار فەرمانبەر و 120 هەزار مامۆستای هەیە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی

 


وشە - سه‌رخێڵ هاشم