لە دەوڵەمەندترینەوە بۆ هەژارترین.. چی لە باشووری سوودان روودەدات؟

:: AM:08:42:11/01/2018 ‌
سەلفا کیر سەرۆکی باشووری سوودان لەگەڵ ریاک مشار سەرکردەی ئۆپۆزسیۆن

سودان ساڵی 1956 سەربەخۆیی وەرگرتووە، بەڵام بەهۆی كێشەی ناوخۆ باكور و باشووری سوودان هیچ كات نێوانیان باش نەبووە و ئەمەش وایكرد لە ماوەی 1955 تا 1972، هەروەها 1983 تا 2005 دوو دڕەندترین توندترین ململانێی ناوخۆ بەخۆیەوە ببینێ كە بەهۆیەوە دوو ملیۆن و 500 هەزار كەش كوژران كە زۆرینەیان خەڵكی سڤیل بوون و وڵاتیش تووشی برسیەتیەكی سەخت ببێتەوە.

دواجار گفتوگۆ ئاشتی سەریگرت، بڕیاری حوكمی زاتی بۆ باشوور لە 2005 راگەیەندرا بەجۆرێك باشوورییەكان بۆیان هەبوو دوای شەش ساڵی تر راپرسی بۆ جیابوونەوە بكەن. ساڵی 2011 راپرسییەكە كرا و 98%ی باشوورییەكان دەنگیان بە بەڵێ بۆ جیا بوونەوە دا، هەمان ساڵ باشووری سوودان بوو بە بچووكترین دەوڵەتی دنیا و وڵاتی ژمارە 55ی كیشوەری ئەفریقیا كە ژمارەی دانیشتووانی 12ملیۆن و 500 هەزار كەسە. سەلفا كیر بووە سەرۆكی باشووری سوودانی دەوڵەمەند بە نەوت.

سەربەخۆیی بۆ خۆشگوزەرانی.. یان!
باشووری سوودان سەربەخۆیی راگەیاند تا لەمەولا لە رێگەی داهاتە زەبەلاحەكەی نەوت بە خۆشگوزەرانی بژیت، بەڵام ئەوەی روویدا پێچەوانەكەی بوو. یەكەم بودجەی ئەو دەوڵەتە ملیارێك و 700 ملیۆن دۆلار بوو ساڵی 2006. بوو بە دەوڵەمەندترین وڵاتی رۆژهەڵاتی ئەفریقیا، بەڵام لەبەر ئەوەی بۆڕی هەناردەی نەوتەكە بە باكور تێدەپەڕێ بەگوێرەی رێككەوتنێك بۆ هەر بەرمیلێك نەوت دەبووایە 25 دۆلار بە باكوری سوودان بدەن.
نرخی نەوت بەرز بوو، رەوشەكە ئاسایی بوو ئابووری باشوور لە گەشانەوە دابوو تا ساڵی 2012 كە حكوومەتی باشوور بڕیاری وەستاندنی هەناردەی نەوتی راگەیاند بەهۆی زۆری باجی هەناردە، لێرەوە قەیرانی دارایی و ئابووری دەستی پێ كرد و شەڕی ناوخۆ لە باشوور لە نێوان سەلفا كیر سەرۆكی وڵات و ریاك مشار سەركردەی ئۆپۆزسیۆن دەستی پێ كرد.

شەڕی ناوخۆ لەسەر نەوت
لە كانوونی یەكەمی 2013، كڵپەی شەڕ پەرەی سەند و شەڕی ناوخۆ سەری هەڵدا و بەهۆیەوە هەزاران كەس كوژران و قەیرانێكی مرۆیی لێ كەوتەوە و بەهۆیەوە ملیۆنان سوودانی ئاوارە بوون و برسیەتی هەڕەشەی لە ملیۆنانی تر دەكرد.
جارێكی تر رێككەوتن لەنێوان سەلفا كیر سەرۆكی وڵات و ریاك مشار سەركردەی ئۆپۆزسیۆن واژوو كرا و حكوومەتی یەكێتی نیشتمانی راگوزەر لە مانگی ئابی 2015 پێكهێنرا. زۆری نەخایاند جارێكی تر ململانێ سەری هەڵدایەوە لە مانگی تەمووزی 2016 مشار بۆ باكوری سوودان رای كرد و سەرپەرشتی شەڕی دژ بە سەلفاكیر دەكرد.

داڕووخانی ئابووری وڵات
لە مانگی تەمووزی رابردوو، نووسینگەی ئاماری باشووری سوودان رای گەیاند كە رێژەی هەڵاوسان لە ماوەی مانگێكدا لە 310% بۆ 661% بەرز بووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك و خواردنەوە. لەسەر ئەو پرسە نەتەوەیەكگرتووەكان لەمانگی حوزەیرانی 2017 رای گەیاند چوار ملیۆن و 800 هەزار سوودانی باشوور مەترسی كەمی خۆراك هەڕەشە لە ژیانیان دەكات كە دەكاتە نزیكەی نیوەی دانیشتووانی وڵات.

شەڕی ناوخۆ باشووری سوودانی لە دەوڵەمەندترین وڵات كردە هەژارترین وڵات و بەرهەمهێنانی نەوت بۆ نیوەی دابەزی و پاشانیش دابەزینی نرخی نەوت وایكرد بەهای جنیە دراوی باشووری سوودان 90% بەهاكەی لە دەست بدات.

لەگەڵ پەككەوتنی پشت بەستن بە نەوت، بەرهەمی كشتوكاڵ بۆ نیوەی كەمتری دابەزی، كورتهێنان لە بودجەدا ساڵی 2013 زیاتر بەرز بووەوە و داهات بە 437 ملیۆن دۆلار خەملێنرا و خەرجییەكانیش بە دوو ملیار و 200 ملیۆن دۆلار خەملێنرا. ئامارەكانی هەژاری لە بەرز بوونەوەی مەترسیدار دابوو تا گەیشتە 65.9% كە نزیكبوو لە سێ بەشی دانیشتووان.

شەڕ و ململانێكان وایكرد ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە 350هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە ساڵی 2011 بۆ 120 هەزار دابەزی لە 2016، كە 98%ی داهاتی حكوومەت لەسەر نەوت بوو.
لول دینج شارەزای ئابووری باشووری سوودان بۆ بی بی سی دەڵێ ئەگەر نرخی بەرمیلێك نەوت 30 دۆلار بێت ئەوا باشووری سوودان بۆ هەر بەرمیلێك نەوت تەنیا پێنج دۆلار و 90 سەنتیان دەستدەكەوێت كەچی باكوری سوودان بەرانبەر بە باجی رێگەدانی گواستنەوەی نەوتەكە 24دۆلار و 10 سەنت، ئەمەش نەگونجاوە.

خراپترین گەشەپێدانی مرۆیی لە دنیا
لەگەڵ هەموو ئەو بارودۆخە، ئەوا گەشەپێدانی مرۆیش لە دۆخێكی باش نیە، سێ بەشی دانیشتووان لەخوار تەمەنی 30 ساڵین، ئەمە وادەكات دەوڵەتێكی گەنج بێت بەڵام شەڕ خوێنی لە جەستەدا دادەچۆڕێت. بەگوێرەی رووماڵێكی نیشتمانی ساڵی 2009 ئەوا 27%ی دانیشتووان تەمەنیان لە 15 ساڵی و بەرەو ژوور بووە و رێژەی لەدایكبوونیش لە ئاستێكی بەرزدا بووە.

گەندەڵی وەك مۆرانە تەواوی وڵاتی گرتۆتەوە
ململانێی نێوان هێزەكانی سەرۆك سەلفا و سەركردەی ئۆپۆزسیۆن مشار تەنیا هۆكاری سەرەكی داتەپینی ئابووری وڵات نیە بەڵكو گەندەڵی یەكێكی ترە لە هۆكارە هەرە سەرەكییەكان.
لە 12ی ئەیلولی رابردوو، رێكخراوی سنتری ئەمەریكی راپۆرتێكی لەسەر باشووری سوودان كرد كە ماوەی دوو ساڵی خایاند.
درەئەنجامی راپۆرتەكە زۆر لە رەوشی باشووری سوودان مەترسیدارترە كاتێك دەڵێ بەڵگەی پێویست هەیە و دەیسەلمێنێ كە سەرۆك سەلفا و سەركردەی ئۆپۆزسیۆن مشار رێككەوتن لە نێوانیان هەیە بۆ نانەوەی ئاشووب و فتنە لەناو پێكهاتەكانی باشووری و ئەنجامدانی شەڕ تا لە رێگەیەوە بتوانن خۆیان دەوڵەمەند بكەن.
دەرئەنجامی راپۆرتەكە و وردەكارییەكانی زۆر مەترسیدارن و خانەوادەی هەردوو سەركردە بوونەتە ملیۆنێر و خاوەنی پڕۆژەی گەورەن لە وڵاتانی نەیرۆبی و بەكینا و كەمبالا و ئۆگەندە، تەنانەت لە ناوەوەی وڵاتیش.
راپۆرتەكە ئاماژە بەوە دەدات كە پشتگیری ئەمەریكا و ئەوروپا و بانكی نێودەوڵەتی بۆ سەربەخۆیی باشووری سوودان هەڵە نەبووە.هەڵەكە ئەوە بوو نەیانتوانیوە رێگری لە سەركردە سەربازییەكان بگرن لەو گەندەڵییە گەورەیەی ئەنجامی دەدەن، كە هۆكاری سەرەكی بەردەوامبوونی ململانێیەكانیشە. لە كاتێكدایە ئەمەریكا لە ماوەی 2010 تا 2015 سێ ملیار دۆلاری لە باشووری سوودان خەرج كردووە، هاوكات نەتەوەیەكگرتووەكانیش یاتر لە شەش ملیار دۆلاری یارمەتی داوە بە باشووری ئەفریقیا، بۆ دامەزراندنی دامەزراوەكانی دەوڵەت، بەڵام هیچ سوودی پێ نەگەیاندووە.

سەرچاوە/ ساسە پۆست




وشە - فه‌رمان سادق