ناڕەزایەتییە ناوخۆیییەکان گۆڕان دەخۆن

:: PM:01:15:18/11/2016 ‌


ناڕەزایەتییەکانى ناوەوە و دەرەوەى گۆڕان، تا دێت ڕوو لە هەڵکشان دەکەن و ئەو بزووتنەوەیە بەبێ بوونى ڕێکخەرەکەى کە لە دەرەوەى وڵاتە، چەقى بەستووە و هیچ بڕیارێکى پێ نادرێت، وەک چاودێرانیش دەڵێن گۆڕان ناتوانێ لەم بارودۆخەى ئێستەى خۆى دەرباز بکات. 

بزووتنەوەى گۆڕان ماوەى زیاتر لە ساڵێکە لەلان پارتى دیموکراتى کوردستانەوە لە حکوومەتى هەرێم دوور خراوەتەوە، بەڵام تا ئێستە خۆى یەکلا نەکردووەتەوە و لە حکوومەتدا ماوەتەوە، لە بەرامبەردا پارتیش ڕای دەگەیەنێت، بە نەمانەوەى گۆڕان لە حکوومەتدا ئیشوکارەکانى هەروەک خۆى دەڕوات و هیچ ڕوو نادات.

بەهادین ئیبراهیم بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکانى سلێمانى لە پشکى گۆڕان، بە"وشە"ـى ڕاگەیاند کە پێشتر ناڕەزایەتى خۆى ڕاگەیاندووە و هیچى تر ناڵێت.

ئەو پێشتر ئاشکراى کردبوو، ئاراستەیەک بۆ شکاندنى گۆڕان دروست بووە، هەندێک لە گۆڕانخواز و کاڵفامى گۆڕانیش دووبارەى دەکەنەوە. هاوکات بە شێوازى جۆراوجۆر کادر و بەرپرسانى گۆڕان بەردەوام ڕەخنەیان لە گۆڕان گرتووە و ئاماژەیان بەوە داوە "بزووتنەوەکە نەیتوانیوە ئەو بەڵێنانە بباتە سەر کە بە خۆپیشاندەرانى دابوو".

بە گوتەى شۆڕش حاجى، گوتەبێژى بزووتنەوەى گۆڕان، جیاوازى لەناو بۆچوونى کادرانى گۆڕاندا هەیە نەک ناڕەزایى. حاجی بۆ "وشە" گوتى، "لەبەر هەستیاری بارودۆخى ئێستەى کوردستان بۆچوونى جیاواز لەبارەی هەڵوێستى بزووتنەوەکە و بڕیارەکانى هەیە و ئەوەش شتێکى ئاسایییە".

لەسەر ئاستى جەماوەریش، بزووتنەوەى گۆڕان دووچارى ناڕەزایەتى زۆر بووەتەوە و هاووڵاتییان پێیان وایە گۆڕان لەگەڵ بەڵێنەکانى خۆیدا ڕاستگۆ نەبووە، هاوکات گوتەکانى دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەرى گشتیی پەروەردەى سلێمانى لەسەر پشکى گۆڕان کە مامۆستایانى بە "فەوزاچى" لە قەڵەم دا، ئەوەندەى تر ناڕەزایى بەرامبەر ئەو حزبە زیاد کردووە.

لەلایەکى تریشەوە، بزووتنەوەى گۆڕان ماوەیەکى زۆرە تاوتوێى کشانەوە لە حکوومەت دەکات، بەڵام تا ئێستە بڕیارى نەداوە. دانا عەبدولکەریم بەرپرسى ژوورى پەرلەمان و حکوومەت لە بزووتنەوەى گۆڕان، بە"وشە"ـى ڕاگەیاند، گۆڕان تا ئێستە بڕیارى کشانەوە لە حکوومەتى نەداوە. هۆکارەکەیشى بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "گۆڕان پێى وایە ئەوەى بەرامبەرى کرا کودەتا بوو، ئەگەر ئێستەش بکشێتەوە واتا جۆرێک لە شەرعییەت دەدات بە کودەتاکە، بۆیە ئێمە سوورین لەسەر ئاساییکردنەوەى حکوومەت و پەرلەمان".

بەڵام پارتى دیموکراتى کوردستان ڕەتى دەکاتەوە نەبوونى گۆڕان لە حکوومەتدا هیچ کاریگەرییەک جێ بێڵێت. فازڵ بەشارەتى ئەندامى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى پارتى لە سلێمانی ئاشکراى دەکات، ماوەى زیاتر لە ساڵێکە گۆڕان لە حکوومەتدا نەماوە و ئیشوکارەکانیش دەڕۆن. گوتى، "ئەگەر بڕیارى کشانەوەش بدات هیچ لە دۆخی حکوومەتدا ناگۆڕێت".

سەرەڕاى بوونى چەندان کێشە و ناڕەزایى ناوخۆیى و دەرەکیى ئەو بزووتنەوەیە، بەڵام ڕێکخەرەکەى کوردستانى جێ هێشتووە و وادەى گەڕانەوەشى دیار نییە. 

بزووتنەوەى گۆڕان، ساڵ 2009 لەسەر دەستى نەوشیروان مستەفا و ژمارەیەک ئەندامى مەکتەبى سیاسی و سەرکردایەتیى یەکێتى دروست کرا. 

وشە/ سلێمانى- شاد کەیوان



وشە - تایبه‌ت