‌توركمانه‌كانی كه‌ركووك ناكۆكیه‌كان وه‌لاده‌نێن و به‌ یه‌ك لیست به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن

:: PM:06:13:12/01/2018 ‌
ئه‌مڕۆ هه‌ینى 12ى كانوونى دووه‌م، به‌پێى زانیاریه‌كانى ده‌ست "وشه‌" كه‌وتووه‌، هه‌شت لایه‌نی سیاسی توركمان، هاوپه‌یمانێتییه‌كیان له‌ شارى كه‌ركووك پێكهێنا ‌و بڕیاره‌ به‌ یه‌ك لیست به‌شداری هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی عیراق بكه‌ن.

زانیاریه‌كان ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌ كه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌یان 4 سه‌عاتى خایاندووه‌، و له‌ژێر ناونیشانى "با ناكۆكییه‌كان وه‌لاده‌ین و پێكه‌وه‌ به‌هێزتر ده‌ربكه‌وین"، لیستێكی هاوبه‌ش به‌ ناوی (به‌ره‌ی توركمانی كه‌ركووك) بۆ هه‌ڵبژاردنه‌ گشتییه‌كان له‌ كۆمسیۆن تۆماركراوه‌ كه‌ هه‌شت حزبی سیاسی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ به‌شدارن تیایدا.

له‌و هاوپه‌یمانێتیه‌دا "به‌ره‌ی توركمانی عیراقی، حزبی قه‌راری توركمانی، ڕێكخراوی به‌در، حزبی یه‌كگرتووی ئیسلامی توركمانی، حزبی عه‌داله‌ی توركمانی، حزبی توركمان ئیلی، بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی توركمانی‌ و حزبی وه‌فا" به‌شدارن.

دوێنێ پێنجشه‌م 11ى كانوونى دووه‌م، بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانی عیراق، 10 لایه‌نی سیاسی عه‌ره‌بیش، تۆماركردنی یه‌كه‌م هاوپه‌یمانێتییان به‌ سه‌رۆكایه‌تی ڕاكان سه‌عید پارێزگاری به‌وه‌كاله‌تى ئێسته‌ى كه‌ركووك ڕاگه‌یاند.

هه‌روه‌ها یه‌كێتیی نیشتمانیی و پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ به‌شداری چه‌ند لایه‌نێكی تری سیاسی شارى كه‌ركووك هاوپه‌یمانێـتییان پێكهێنا، هه‌ریه‌ك له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ‌و كۆمه‌ڵی ئیسلامی و هاوپه‌یمانی بۆ دادپه‌روه‌ری و دیموكراسیش بڕیاریاندا به‌ یه‌ك لیست له‌ كه‌ركووك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك، به‌ژدارى هه‌ڵبژاردن بكه‌ن.

پارێزگای كه‌ركوك 12 كورسی له‌ په‌رله‌مانی عیراق بۆ دانراوه‌، له‌و ژماره‌یه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی نیسانی ساڵى 2014 دا حزبه‌ كوردییه‌كان هه‌شت كورسی، توركمان دوو كورسی و عه‌ره‌ب دوو كورسی به‌ده‌ستهێنا.

جگه‌ له‌ په‌رله‌مانی عیراق، كه‌ركوك له‌ به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانیشدایه‌ كه‌ به‌هۆی ناكۆكی پێكهاته‌كانه‌وه‌ له‌ ساڵی 2005 وه‌ ئه‌نجام نه‌دراوه‌.

حكوومەتی عێراق وادەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقی لە مانگی ئایاری ئەمساڵ دیاری كردووە، بەڵام تا ئێستە لە پەرلەمانی عێراق فراكسیۆنەكان بۆچوونی جیاوازیان لەو بارەوە هەیە و لەسەری نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن و پرسەكەیش بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌ شێوه‌ى لیستی‌ نیمچه‌ كراوه‌ ده‌بێت، واتا ده‌نگده‌ر بۆی‌ هه‌یه‌ ده‌نگ به‌ لیست و كاندیده‌كه‌ بدات.


وشە - محەمەد میران