پارتى پێشنیازی حەنان فەتلاوى بۆ گۆڕان دەکات

:: PM:03:45:18/11/2016 ‌
  
ئەندامێکى سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان پێشنیاز دەکات حەنان فەتلاوى بەیاننامەى خۆپیشاندانەکەى سبەینێى شارى سلێمانى بخوێنێتەوە.

عەلى عەونى ئەندامى سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان لە ئەکاونتى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک دەڵێ، "گۆڕان بەنیازە لە سلێمانى خۆپیشاندان بکات، بۆ ئەوەى مۆرکى حزبایەتى پێوە دیار نەبێت، پێشنیاز دەکەم چەند هەنگاوێک جێبەجێ بکات".

عەونى دەڵێ، "با حەنان فەتلاوى بەیاننامەى ناڕەزایەتییەکان بخوێنێتەوە و هەروەها پەلامارى بارەگەى پارتى بدەن".

ئەو ئەندامەى سەرکردایەتى پارتى لە پلارەکانى بەرامبەر بە بزووتنەوەى گۆڕان بەردەوام دەبێت و زیاتر دەڵێ، "داوا لە سوپاى پاسداران بکەن بۆ دابین کردنى ئاسایشى پەلاماردەران و دروشمەکانیشتان با بە عارەبى بێت و داواى یەکگرتوویى خاکى عێراقى عەزیم بکەن".

ئەو گوتانەى ئەندامەکەى سەکردایەتى پارتى لەکاتێکدایە کە تا دێت پێوەندییەکانى نێوان پارتى دیموکرات و بزووتنەوەى گۆڕان گرژ و ئاڵۆزتر دەبێت و لە دوو رۆژى رابردووشدا چەند راگەیەنراوێکى توندیان دژى یەکتر بڵاو کردووەتەوە.

پارتى دیموکرات پێى وایە، بزووتنەوەى گۆڕان دەیەوێت نیگەرانى و داخوازییەکانى مامۆستا و فەرمانبەران بقۆزێتەوە و لە دژى پارتى بەکاریان بێنێت، ئەوە لەکاتێکدا کە ژمارەیەک لە هەڵسوڕاوانى بزووتنەوەى گۆڕان بانگەشەى ئەوە دەکەن سبەینێ شەموو خۆپیشاندانێکى بەرفرەوان لە سلێمانى رێک بخرێت و ئەوەشیان بە "شەمووى هەڵوێست" ناوناوە.



وشە - رامیار جەواد