چۆن ڤێرژنی دووەمی داعش لە عێراق ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌؟

هەرچەندە ئێستە مووسڵ و زۆربەی شارە سەرەكییەكان ئازاد كراون و دەستی داعشیان لێ نەماوە، بەڵام عێراق لەسەر دووڕیانێكی جیاواز و یەكلاكەرەوەدایە، عێراقیییەكان و ئەمەریكییەكان توانای زۆری خۆیان خەرج كرد و دەفەرتێكی مێژوویییان هەبوو بۆ دروستكردنەوەی وڵاتێكی نوێ و ئارام و پێشكەوتوو و جیاواز لەوەی پێشتر، بەڵام دووبارە گەڕانەوە بۆ خاڵی سەرەتا و ناكۆكی و ململانێ و شەڕ و ئاڵۆزی بەرۆكی وڵاتەكە بەرنادات.

مەترسی هەرە گەورە لەسەر عێراق، بریتییە لە توندوتیژی و پەرەسەندنی توندوتیژی مەزەوی ئاشكرا و ڕاستەوخۆ دژ بە یەكتر و بەردەوامیدان بەو توندڕەوییە و هەنگاونان بۆ كپكردنەوەیان، ئەمەیش پرۆسەیەكی دینامیكییە و لە ئەنجامی نەبوونی كار و خراپی دۆخی ژیانی خەڵكی عێراق، ئەوان بە ئاسانی دەتوانرێ مێشكیان بە ئاراستەی توندوتیژی ببرێ و جیاوازییەكان لە نێوانیان قووڵ ببێتەوە، لەوكاتەی بەراوردكاری لە نێوان خۆیان دەكەن، ئەمە ڕێیش خۆش دەكات دەستی دەرەكی بە ئاسایی بێتە ناو وڵاتەكە و قووڵ ببێتەوە و جۆرەها پیلان دابڕێژێ و گرووپی توندوتیژ بەرهەم بهێنێ، وەك ئەوەی داعش بینیمان و پێشتریش ڕێكخراوی ئەلقاعیدە و ئێستەیش دەیانەوێ سەركەوتنە سەربازییەكان كە هەمووان تێیدا بەشدار بوون بیگۆڕن بۆ دەسكەوتی حزبی و سیاسی، ئەمەیش مەترسییە گەورەكەیە و نزیكترمان دەكاتەوە لە سەرهەڵدانی ڤێرژنی دووەمی داعش.

ئاماژەكان هیچ موژدەیەكی خێر و باشمان پێ نادات، دوای سێ ساڵ لە داگیركردنی مووسڵ لەلایەن داعشەوە، پاش شەڕێكی زۆر بە هاوكاریی هاوپەیمانان، توانرا شارەكە ئازاد بكرێ، بەڵام مووسڵ ئێستەیش لە خراپترین حاڵدایە و هیچ خزمەتگوزارییەكی بۆ نەگێڕدراوەتەوە، ئەگەر خەڵكەكەیشی خۆیان بەراورد بكەن، بە خەڵكی شارەكانی تری عێراق، بێگومان ڕق و تووڕەیییان بەرانبەر بە حكوومەتی بەغدا زۆرتر و زیاتر دەبێ. هاوكات هەناردەكردنی بەرهەم هایدرۆكاربۆنییەكان هەرچەندە ڕێژەی هەناردەكردنی پێوانەكانی شكاندووە، بەڵام دابەزینی بەردەوامی نرخی نەوت لەم ساڵانەی دوایی، ئابووری عێراقی بە تەواوی شەل و لەرزۆك كردووە، داهاتی تاكی عێراقی بە بەراورد بە دوو دەیەی ڕابردوو زیاتر 25% كەمی كردووە، ئەمە جیا لەوەی لە ڕووی ئاوەدانی و خزمەتگوزارییەوە شەڕی 2003 و دواتریش شەڕی قاعیدە و داعش زۆرینەی ڕەهای شارەكانی سوننەنشینیان كردووەتە وێرانە و تێچووی چاككردنەوەیان بە دەیان ملیار دۆلاری ئەمەریكییە، ژمارەی دانیشتووانی عێراق نزیك دەبێتەوە لە 40 ملیۆن كەس، زۆرینەی ڕەهای گەنجانی عێراق بێكارن و بەردەوام نیگەران و ناڕەزایی دەردەبڕن، سەرەڕای هەموو ئەو گرفتانە، وڵاتەكە دەوڵەمەندە و دەتوانێ خۆی هەڵبستێنێتەوە و زۆریش پێش بكەوێ، بەڵام شەڕی مەزەوی و نەتەوەیی گەردەلوولێكی لە وڵاتەكە دروست كردووە، هیچ كات ڕێ بە پێشڤەچوونی نادات.

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هاوكارییەكانی بۆ عێراق لە دوای دەستكردن بە شەڕی داعش گەیشتووەتە تریلیۆنێك دۆلار، جیا لەوەی پارەی سەربازانی پێشووی بەشدار لە شەڕی عێراق دەدا و ژیانی پێنج هەزار سەربازی وڵاتەكەیشی كردە قوربانی و دەیان هەزاری تریشی بریندار بوون، دەیان ملیار دۆلاریشی بەخشیوە بۆ باشكردنی دۆخی تەناهی و ئابووری و مرۆیی وڵاتەكە لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوو، ئێستەیش پێنج هەزار سەربازی ئەمەریكی لە عێراقن و هاوكاری هێزەكانیان دەكەن، سەدان ملیۆن دۆلاریش ئەمەریكا تەرخانی كردووە، بۆ هاوكاری عێراق.

بۆ ئەوەی ڤێرژنی دووەمی داعش لە عێراق دروست نەبێتەوە، پێویستە بەغدا بەیەك چاو سەیری عێراقییەكان بكات و دوور بكەوێتەوە لە مەزەوییەت، ئێستە لە باكور بەتایبەتی لە مووسڵ هەزاران كەس لە شەقامن و كێشەی گەورە بوونی هەیە، بەڵام سەرۆك وەزیرانی عێراق بە قسە نەبێ بە كردەوە هەنگاوێكی ڕژدی نەناوە، بۆیە ئەمە خەڵك بێ ئومێد دەكات، چونكە سەرەڕای ئەوەی خەڵك پەراوێز خراون، ئەو پارەیەش لە ڕێی پارێزگاری نەینەوا بۆ ناوچەكە خەرج دەكرێ، بە ملیۆنان دۆلار گەندەڵی تێدایە و دەدزرێ و پرۆژەی ئاوەدانی پێ جێبەجێ ناكرێ.

پێویست بوو سەرۆك وەزیرانی عێراق، پلانێكی ورد و تۆكمەی بۆ مووسڵی دوای داعش هەبووایە و هەر نەبێ ئەگەر پارە و پڕۆژە و بودجەیشی نییە بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارەكە، دەستی بە دانانی لیژنەیەكی پسپۆڕ بكردایە، بۆ ئەوەی بە وردی زیانەكان و دۆخی شارەكە بخەمڵێنن و پلانێكی ورد و نەخشەیەكی تۆكمەی بۆ دابنێن، بەڵام بێباكانە واز لە شارەكە هێنراوە و تا ئێستەیش بە ملیۆنان كەس لە ئاوارەییدا دەژین و حكوومەتی بەغدایش بێ ئەوەی هەوڵی هێنانەوەی ئاوارەكان بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان بدات، خەمی زیاتری ئەوە بێ، بەڵام پێچەوانەی ئەمە نایەوێ لەناوبردنی داعش زۆر دوور بكەوێتەوە و سەركەوتن بەسەر تیرۆر بكات بە هەوڵێك بۆ دەسكەوتی سیاسی و بەدیهێنانی ئامانجی حزبی.

سارە عەلاوی كچی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق ئەیاد عەلاوی و ئەندام لە بزووتنەوەی گەنجامی حزبی نیشتمانی عێراق و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری مایكل ئۆهانلۆن و توێژەری پێشكەوتوو لە پەیمانگەی برۆكینگز نووسیویەتی.

سەرچاوە/ nationalinterest.



وشە - باز ئه‌حمه‌د


AM:09:41:13/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 2978 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌