شاندی هەرێمی كوردستان ئەنجامی كۆبوونەوەكەی ئاشكرا كرد

:: PM:06:39:13/01/2018 ‌

شاندی هەرێمی كوردستان ئەنجامی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ حكوومەتی عێراق ئاشكرا دەكات و لە بواری دەروازە سنوورییەكان و گومرگ و فڕۆكەخانەكان، بەڕێوەبردنی بەنداوەكاندا لەسەر بنەمای پابەندبوون بە دەستوور و یاسا فیدڕالییەكان گفتوگۆی لەسەر كراوە.

ئەمڕۆ شەموو 13ـی كانوونی دووەم، لە ڕاگەیەنراوێكی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ عێراق هاتووە، بە مەبەستی جێبەجێكردنی فەرمانی دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە(137) ساڵی 2017، كە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران حەیدەر عەبادی لێژنەیەكی باڵای بەو فەرمانە دروست كرد بۆ چارەسەركردنی كێشە هونەرییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان تایبەت بە دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكان. بەڕێوەبردنی بەنداوەكان بۆ ئەو مەبەستە سەرلەبەیانی رۆژی شەموو رێككەوتی 13/01/2018، وەفدێك لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی كەریم سنجاری (وەزیری ناوخۆی هەرێم) سەردانی بەغدای كرد.

لە بەشێكی ڕاگەیەندراوەكە هاتووە، وەزیری ناوخۆی عێراق قاسم ئەلئەعرەجی لە كەشێكی دۆستانەدا سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی گرنگی كرد لەنێوان شاندی هەرێم و لێژنەی باڵا بەسەرۆكایەتی ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیران، لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا وەزیری ناوخۆ تەئكیدی كردەوە لەسەر گرنگی بەستنی ئەم جۆرە كۆبوونەوانە و بەخێرهاتنی شاندی هەرێمی كوردستانی كردووە سڵاوی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی بەشاندی هەرێم راگەیاند، لەگەڵ دووپاتەكردنەوەی گرنگی گفتوگۆی ئەو كێشانە، كە لە بواری دەروازە سنوورییەكان و گومرگ و فڕۆكەخانەكان، بەڕێوەبردنی بەنداوەكاندا لەسەر بنەمای پابەندبوون بە دەستوور و یاسا فیدڕالییەكان كرد.

هەروەها پێداگرتنی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر چارەسەركردنی ئەم دۆسیانە و گێڕانەوەی چالاكییەكان بۆ ئەو دامودەزگە و دامەزراوانە.

لەلای خۆیەوە كەریم سنجاری سوپاس و پێزانینی خۆی پێڕاگەیاندن بۆ ئەو دەستپێشخەریەی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە چارسەرەكردنی ئەو دۆسیە هەڵپەسێردراوانە و بەو شێوەی، كە خزمەتی تەواوی عێراق بكات چارەسەری ئەو كێشانە بكات، كە رووی داوە لە هەرێمی كوردستان.

جێی باسە حكوومەتی عێراق هەرچەندە داوای جێبەجێكردنی دەستوور و یاسا دەكات، بەڵام سەرەڕای ئامادەیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تا ئێستە ئامادە نییە دەست بە دانوستاندن لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكات و كۆی كێشە و پرسەكان لەژێر ڕۆشنایی دەستوور چارەسەر بكات.



وشە - رامیار جەواد