لە ئێران رۆژێك ماتەمینی گشتی راگەیەنرا

:: AM:09:54:15/01/2018 ‌

ئێران بە فەرمی بڵاوی كردەوە تەواوی سەرنشینانی كەشتییە نەوتهەڵگرەكەیان لە زەریا گیانیان لە دەست داوە و كەشتییەكەش بە یەكجاری نوقمی ئاو بووە، بۆیەش رۆژێك ماتەمینی گشتی راگەیەنرا.

لە بەیاننامەیەكدا كە ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێران بڵاوی كردووەتەوە، هیچ شتێك لە پاشماوەی كەشتییەكە لەسەر زەریا نەماوە و دواجار نوقمی ئاو بووە و نەتوانراوە رزگار بكرێت.

بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" دوای زیاتر لە هەفتەیەك كە كەشتییەكی نەوتهەڵگری ئێران دوای رووداوێك ئاگری گرتبوو، سەرەڕای ئەوەی كە تیمەكانی ئاگركوژێنەوە هەوڵی كۆنترۆڵی ئاگرەكەیان دا، بەڵام پێیان كۆنترۆڵ نەكرا.

٣٢ كەس لەسەر كەشتییەكە بوون و پێشبینیش كرابوو سەرنشینەكانی ئەم كەشتییە لە ژوورێكی ژێر كەشتییەكە گەمارۆ درابن و دەرفەتیان نەبووبێت خۆیان رزگار بكەن.

لەو ٣٢ سەرنشینە تەرمی سێ كەسیان پێشتر دۆزرابوونەوە و ئەوانەی تریش ئەگەر تەنانەت لە شوێنێكی كەشتییەكەش خۆیان حەشار دابێت، ئەوا دوای نوقمبوونی كەشتییەكە گیانیان لە دەست داوە. 

سەرووی ١٣ كەشتی لە نزیك  كەشتییەكە لەو ماوەیەدا چاودێری ئەو رووداوەیان دەكرد و هەوڵی كۆنترۆڵی ئاگرەكەیان دەدا. ئەو كەشتییە لە ئێرانەوە بەرەو كۆریای باشوور بەڕی كەوتبوو و ١٣٦ هەزار تۆن نەوت و سووتەمەنی هەڵگرتبوو كە خۆ لە كەشتییەك دەدات و دواتر ئاگركەوتنەوە دروست دەبێت. شوێنی رووداوەكە ٣٠٠ كیلۆمەتر لە كەنارەكانی چین دوورە.





وشە - سلێمان تاشان