راوێژكارێكی ترەمپ: گولەن ڕادەستی توركیا دەكەینەوە

:: AM:09:48:19/11/2016 ‌

مایكڵ فلێن، جەنەراڵی خانەنشین كە دوێنێ هەینی كرا بە راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی داهاتووی ئەمەریكا، دەڵێت پێویستە ئەمەریكا بە رادەستكردنی فەتحوڵا گولەن بە توركیا، پێوەندییەكانی خۆی لەگەڵ ئەو وڵاتە ئاسایی بكاتەوە.

ئەو هەروەها لە ماڵپەڕی رۆژنامەی the hill فەتحولا گولەنی بە مەلایەكی گوماناوی هەژمار كرد كە لە پێنسێلڤانیا دەژیت.

بەرپرسانی توركیا فەتحوڵا گولەن رێبەری بزووتنەوەی خزمەتیان بەوە تۆمەتبار كردووە كە دەستی هەبووە لە كودەتای ١٥ی تەمووز.

فەتحوڵا گولەن چەندان جار ئەو تۆمەتەی رەت كردووەتەوە و تەنانەت باسی لەوە كردووە كە كودەتاكە سناریۆیەكە لە لایەن ئەردۆغان دانراوە بە مەبەستی سەركوتكردنی نەیارەكانی.

پێشتر ترەمپ چەندان جار ئەردۆغانی بەوە ستایش كردبوو كە توانی بەسەر كودەتاكەدا سەربكەوێت. لە لایەكی ترەوە رۆژنامەكانی توركیا بە بایەخەوە لە هەڵوێستەكانی ترەمپ لەبارەی توركیا دەڕوانن. رۆژنامەی سوزچو كە زیاتر رەخنە لە حكوومەتی توركیا دەگرێت دیمانەیەكی لەگەڵ باڵوێزی پێشووی توركیا لە ئەمەریكا ساز كردووە. مستەفا شوكرو لە دیمانەكەدا گوتوویەتی ترەمپ شەیدای شەڕڤانانی یەپەگەیە لە سووریایە لە كاتێكدا ئەو هێزە لە لایەن توركیاوە بە تیرۆریست دەناسرێت.

ئەو لەبارەی فەتحوڵا گولەنیش گوتوویەتی ئەگەر ترەمپ حەزیش بكات گولەن رادەست بكرێت، ئەوا چەندان ساڵی پێ دەچێت چونكە ترەمپ لەوبارەیەوە هەموو دەسەڵاتێكی نییە.

هاوكات سەهیر شەهید رۆژنامەنووسی پسپۆڕ لە كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست پێی وایە ئەمەریكا لە كێشەكانی ناوچەكەدا زیاتر پشتی كورد دەگرێت نەك توركیا. جگەلەمە ئەمەریكا نایەوێت ببێتە ئەو هاوپەیمانەی جارانی لەگەڵ توركیا و ئەگەر توركیا لە پێدانی چەك بە نەیارانی ئەمەریكا بەردەوام بێت، ئەوا ئەمریكاش پاڵەپەستۆ دەخاتە سەر توركیا و لێی قبووڵ ناكات.

سەرچاوە/رادیوفردا-دۆیچەوێلێ


وشە - سلێمان تاشان