رۆژنامەیەك: لەبەر ئەم هۆیانە عەبادی دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ هەرێم دەكات

:: PM:11:00:16/01/2018 ‌

سەرچاوەیەكی عێراقی ئاشكرای دەكات حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق خواستی دەست پێكردنی گفتوگۆو و چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان لا دروست بووە و هۆكارەكەیشی بۆ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكان و ترسی لە سوود وەرگرتنی نەیارەكانی لەو تەنگژەیە لەگەڵ هەرێم بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەگەڕێتەوە.

بەپێی سەرچاوەكە، کە لە نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق نزیكە، عەبادی ئاگەداری وردەكاری و ئەنجامی گفتوگۆی دوێنێی هەردوو شاندی عێراق و كوردی بوون لە هەولێر و روونی كردەوە، كە ئێستە ئەو تاوتوێی چۆنیێتی كردنەوەی دەرگەی گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی تەنگژەكان لەگەڵ هەرێم دەكات كە لە دوای ریفراندۆمی هەرێم لە 25ی سێپتێمبەری رابردوو بۆ سەربەخۆیی لە عێراق سەری هەڵدا. 

سەرچاوەكە ئاماژەی كرد كە عەبادی دەیەوێت هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكان لە عێراق، ئەو پرسە بۆ بەرژەوەندی خۆی و بەرەو چارەسەربوونی ببات، بەتایبەتی هەر چارەسەركردنێكی تەنگژەكان لەگەڵ هەرێم ئێستە لە بەرژەوەندی خۆیەتی و رێگەیش لەبەردەم نەیارانی دەگرێت بۆ سوودوەرگرتن و قۆستنەوەی پرسەكە بۆ بەرژەوەندی ئەوان.

ئاماژەی كرد، بەمنێزیكانە شاندێكی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات بۆ باسكردنی ژمارەیەك پرس و دەرگەیش لەبەردەم ئەو شاندە واڵا دەكرێت بۆ چارەسەركردنی چەند فایلێكیان و دواتر دەرگەی گفتوگۆ دەكرێتەوە. ئاشكرای كرد كە شاندی بەغدا بە حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان گەیاندووە كە عەبادی خواستی گەیشتنی بە چارەسەری هەیە و پێویستە ئەو گفتوگۆیانە ئێستە بەرەو پێش بچن بۆ گەیشتن بە گفتوگۆی راستەوخۆ.

شەمووی رابردوو شاندی هەرێمی كوردستان و عێراق لە بەغدا دەستیان بە گفتوگۆ كرد، دواتر دوێنێ دووشەم گفتوگۆی زیاتریان لە هەولێر ئەنجام دا و ئەوان گەیشتنە چەند خاڵێكی هاوبەش لەبارەی سنوور و فڕۆكەخانەكانەوە، هاوكات عەبادی ترسی لەوە هەیە كە تەنگژەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەنەرێنی كار بكاتە سەر هاوپەیمانیەتی و سازانەكانی هەڵبژاردن كە رەنگە دەرگە بەڕووی نەیارانی بكاتەوە بۆ قۆستنەوەی ئەو تەنگژانە و خۆنزیككردنەوە لە هەرێم لەسەر حیسابی عەبادی.






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل