دژەتیرۆری یەكێتی بووەتە مەترسی بۆ سەر ژیانی ئاسایی خەڵك

:: AM:11:15:17/01/2018 ‌
كوشتنی كەسێك و برینداركردنی چەندانی تر لەلایەن دژەتیرۆری یەكێتی لە شارۆكەی چەمچەماڵ، كاردانەوەی گەورەی لێ كەوتووەتەوە و زانیارییەكان دووپاتی دەكەنەوە. بەڕێوەبەری پۆلیس و قایمقامی شارەكە دڵنیایی لە كۆنترۆڵكردنی دۆخە و رەوانەكردنی دۆسییەكە بۆ دادگا دەكەن. بەڵام یاساناسێك دەڵێ "دەبێت وەزیری ناوخۆ و ئاسایش بچنە ناو كێشەكەوە و تەفەكەرەكان سزا بدەن یان وەك بكوژ دادگایی بكرێن".

چۆنیەتیی ڕووداوەكە
حكوومەتی عێراق بڕیاری داخستنی گرتووخانەی فیدراڵی لە چەمچەماڵ ماوەیەك پێش ئێستە دەركردووە و ئەو هەزار و 700 گیراوەی لە گرتووخانەكە مابوونەوە و سەربە عێراق بوون، زۆرینەی بۆ ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاست گواستووەتەوە، بەشێكی گیراوەكان خەڵكی كوردستان بوون، ڕۆژی دووشەمی رابردوو، لەلایەن دژەتیرۆری یەكێتییەوە هەوڵی گواستنەوەی گیراوەكان بۆ گرتووخانەی سووسێ دراوە، بەڵام پاسەوان و كارمەندانی ناو گرتووخانەكە، ڕێگرییان كردووە و ناڕەزایییان دەربڕیوە، داوایان كردووە پارەی خواردن و خزمەتگوزارییەكانیان پێ بدرێ، ئینجا گیراوەكان بگوزارێنەوە، بەڵام دژەتیرۆری یەكێتی كە لاهوور جەنگی بەرپرسیەتی، تەقەیان لە هاووڵاتییان كردووە و بەوهۆیەوە چەند كەسێك بریندار كران و یەكێكیشیان كوژرا.
ڕەمەك ڕەمەزان قایمقامی چەمچماڵ، بە"وشە"ی گوت، هۆی ڕووداوەكە لەیەك تێنەگەیشتن بووە، دژە تیرۆر بە ئەركی خۆی زانیوە گیراوەكان بگوازێتەوە، ئەوانەی تریش خۆیان بە خاوەن ماف زانیوە و كێشەكە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە و كڵپەی سەندووە.

دۆخەكە كۆنتڕۆڵ كراوە
دوای كوشتنی كەسێك و برینداربوونی چەند كەسێكی تر و هاتنی خەڵكی شارۆكەكە و نێوەندگیریی لە نێوان هەردوولا، شەڕەكە بە كۆتا هێنراوە. قایمقامی چەمچەماڵ لەو بارەیەوە زانیاری تازە دەخاتە ڕوو، "ڕووداوەكە لە شەودا بوو، خۆشبەختانە توانیمان بە هاوكاریی پیاوماقووڵ و ڕیشسپیانی چەمچەماڵ ئاگری شەڕەكە كپ بكەینەوە و كۆنتڕۆڵی بكەین، دوو هێزیش كە ڕووبەڕووی یەكتر دەبنەوە، ئەوا قوربانی لێ دەكەوێتەوە".
"ئەو كەسەی شەهید بوو، ئەفسەرە لە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، هۆی ڕووداوەكەیش لە ئەنجامی لێك تێنەگەیشتن بوو، هەر لایەكیش ئاسایییە و دەتوانێ لە ڕێی یاساوە مامەڵە بكات" قایمقام وای گوت.

كێ سەرەتا تەقەی كردووە؟
لەبارەی ئەوەی كێ یەكەمجار تەقەی كردووە؟ قایمقامی چەمچەماڵ گوتی، ئەوە ئەركی من نییە یەكلای بكەمەوە, لێكۆڵینەوە دەتوانێ ئەوە دەربخات، تا ئێستە ئەوە یەكلا نەبووەتەوە. 
بەڵام سەرچاوەیەكی تایبەت لە چەمچەماڵ، بە"وشە"ی گوت، هێزەكەی دژەتیرۆری یەكێتی بە جۆرەها چەكەوە تەقەیان لەو كەسانە كرد كە داوای مافی خۆیان دەكرد, دواتر پاسەوان و كارمەندانی گرتووخانەكە وەڵامیان دانەوە، چونكە دڵنیا بوون تەقەكردنەكە بەمەبەستی كوشتنیانە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە" كەوتوون، دوای ئەوەی ئەو پاسەوان و كارمەندانە ڕێگرییان لە هێزەكەی دژەتیرۆر كردووە، ئەو هێزە پێوەندییان بە بەرپرسەكەیان كردووە و فەرمانی تەقەكردنیان لێ وەرگرتووە و بەڵێنی رەوانەكردنی هێزی زیاتریشی پێ داون.
عادل ساڵح بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ هەرچەندە ئاماژەی بەوە دا كە لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە كراوە و وردەكارییەكان دەخرێنە بەردەستی دادوەر، بەڵام لە پرسی ئەوەی كێ یەكەمجار تەقەی كردووە بۆ "وشە" گوتی، تا ئێستە ئەوە یەكلا نەبووەتەوە كێ دەسپێشخەر بووە بۆ دەستپێكردنی شەڕ،  دادوەر لە كاتی بانگهێشتی هەردوولا ڕێوشوێنی خۆی دەگرێتەبەر و یەكلای دەكاتەوە كە كێ سەرەتا تەقەی كردووە.

وردەكارییەكان دەخرێنە بەردەم دادوەر
كەسوكاری ئەو گەنجەی لە تەقەكردندا كوژراوە دووپاتی دەكەنەوە كە لە خوێنی كوڕەكەیان خۆش نابن و كێشەكە لێرەوە كۆتای نایەت، بۆیە ئەوان ڕێی یاسا دەگرنەبەر، ئەگەر یاسا سەروەر بێ، بەپێچەوانەوە هەڵوێستی تریان دەبێ.
عادل ساڵح بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ، ئاشكرای كرد، دوای ئەوەی بە ڕووداوەكەمان زانی، چەند مەفرەزەیەكی پۆلیس گەیشتنە شوێنەكە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخەكە و چارەسەركردنی، هاوكات دەستمان كرد بە گواستنەوەی بریندارەكان و ئەو كەسەی كوژرابوو، هەموویان گەیەنرانە نەخۆشخانەی چەمچەماڵ و تەرمەكەیش ڕەوانەی پزیشكی دادی كراوە، داوای داواكارانیش لەمڕۆ و سبەی وەردەگیرێن و خەڵكیش هەن كە گیراون، هەموو وردەكارییەكانیش دەچنە بەردەم دادوەر و دادگا بڕیاری كۆتا دەدات.

دژە تیرۆری یەكێتی بووەتە بكوژ
د. عەبدوڕەحمان زێباری پارێزەر و هەڵگری بڕوانامە لە بواری تاوان و سزا یاسایییەكان، بۆ "وشە" گوتی، هەر شەڕێك كوشتنی تێكەوت، لە ڕووی یاسایییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەنجامەكەی دەكرێ، نەك هۆی هەڵگیرسانی، تەقەكردن لە پاسەوان و كارمەندانی گرتووخانە كارێكی نایاسایییە و دەبێ وەزیری ناوخۆ و بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی سلێمانی بێنە سەر خەت و بەپێی یاسا سزایان بدەن، یان دۆسیەكە بۆ دادگای تاوان دەگوازرێتەوە و بە حوكمەكانی یاسا دادوەر دەتوانێ مامەڵەیان لەگەڵدا بكات.
بەگوێرەی بەدواداچوونەكەی "وشە" لە ڕووی یاسایییەوە، ئەگەر لێكۆڵینەوە ساغی بكاتەوە كە دژەتیرۆری یەكێتی بكوژی كەسەكەیە، هەم تەقەكەرەكان و هەم ئەوەی فەرمانی تەقەی پێداون، وەك بكوژ "قاتل" مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێ بە مادەی 406ی یاسای سزادانی عێراق.


وشە - باز ئه‌حمه‌د