پەرلەمانتارێكی كورد كەناڵێكی شۆڤێنی دەكاتە عیبرەت

:: PM:03:19:18/01/2018 ‌
پەرلەمانتارێكی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە كاتی لێدوانی بۆ كەناڵێكی عەرەبی شۆڤێنی عێراق، لەوكاتەی پەیامنێرەكەی پرسیاری ئاراستە دەكات و ناوی كوردستان بە ناوی هەرێمی باكوری عێراق دەهێنێ، بە توندی وەڵامی دەداتەوە و دووپات لەوە دەكاتەوە، كە هەرێمی كوردستانە و دەستوور ئەمەی چەسپاندووە.

حاكم سەرحان سلێڤانەیی، لەكاتی بەشداری لە پەخشی ڕاستەوخۆی كەناڵی "بلادی" پەیامنێرەكە لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان بەناوهێنانی "هەرێمی باكوری عێراق" پرسیار دەكات، ئەویش لە وەڵام دا دەڵێ، نەخێر هەرێمی كوردستانە و نەك باكوری عێراق، داوای لێبوردن بكە، كوردستان هەرێمێكی دەستوورییە، پەیامنێرەكە دەپرسی، ئەمە بابەتی سەرەكی ئێمە نییە، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێ، نەخێر ناتوانم باسی ئەوەت بۆ بكەم، باسی هەرێمی كوردستان دەكەم، هەرچەندە پەیامنێرەكە دەڵێ، ئەمە ڕاسپاردەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە، بەڵام ئەو پەرلەمانتارەی كورد بە توندی ڕەتی دەكاتەوە.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێ، پێویستە تۆ سەرەتا قسەكەت ڕاست كەیەوە لەو پرسیارەكەی كردت، پێویستە تۆ بڵێی هەرێمی كوردستان نەك باكوری عێراق، پەیامنێرەكە دەڵێ، من تەنیا نوێنەرایەتی كەناڵێك دەكەم كە ئەم دەستەواژەیە سیاسەتی كەناڵەكەیە، ئەویش لەبەرانبەردا دەڵێ، من نوێنەرایەتی گەلی كوردستان دەكەم و دەبێ ناوی هەرێمی كوردستان بهێنیت، چونكە دەستوور ئەو ناوەی لێ ناوە، مادام ئەو كەناڵەیش بە شێوە دەستوورییەكەی ناوی هەرێمی كوردستان ناهێنێ، من بە تەواوی ڕەتی دەكەمەوە قسە بۆ كەناڵێكی لەو چەشنە بكەم. 

كەنالی بلادی، كەناڵێكی عەرەبە شیعە شۆڤێنییەكانە و بە توندی دژی مافەكانی گەلی كوردستان وەستاوەتەوە و دوور لە بنەمای دەستووری عێراق و یاساكان، پێچەوانەی بنەماكانی كاری ڕاگەیاندن مامەڵە دەكات.





وشە - باز ئه‌حمه‌د