توركمانێكی شیعە كرایە قایمقامی خورماتوو

:: PM:06:10:18/01/2018 ‌
 
ئەمڕۆ بە دەنگی 12 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی خورماتوو توركمانێكی شیعە كرایە قایمقامی شارۆكەی خورماتوو لە شوێنی قایمقامی شارۆكەكە، كە كوردە، هاوكات ئەندامە كوردەكانی ئەنجوومەنەكە لەو دانیشتنەدا ئامادە نەبوونە و تەواوی پارتە كوردستانییەكانیش ناڕازین.
 
عەلی هاشم، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی شارەوانی شارۆكەی خورماتوو، كە هاوكات گوتەبێژی هێزەكانی حەشدی شەعبییە، ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی كانوونی دووەم بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی فەرمی ئەنجوومەنی شارەوانی خورماتوو و بەئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەن، دەنگمان بە حەسەن زەینولعابدین دا بۆ وەرگرتنی پۆستی قایمقامی شارۆكەی خورماتوو.
 
زیاتر گوتی، ئەوە جاری یەكەم نییە، كە بۆ پڕكردنەوەی شوێنی قایمقام كۆ دەبینەوە. لەبارەی ئەوەی كە شەلال عەبدول، قایمقامی شارۆكەكە مۆڵەتی وەرگرتووە و بۆچی پەلە كراوە لە دانانی كەسێك لە شوێنی، ئاماژەی كرد، شەلال عەبدول مۆڵەتی وەرنەگرتووە، چونكە ماوەی بەجێهێشتنی قایمقام درێژەی كێشا، بۆیە لە كۆی 21 ئەندامی ئەنجوومەن ئەمڕۆ بە دەنگی 12 ئەندام ئەو بابەتەکەمان كۆتایی پێهێنا. 

لای خۆیەوە ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ "وشە" ئاماژەی دا، تەواوی لایەنە سیاسییەكانی خورماتوو دژی لابردنی شەلال عەبدول قایمقامی خورماتووین.
 
زیاتر گوتی، ئەو هەنگاوانە كاریگەری دەبێت لەسەر ئاساییكردنەوەی دۆخی شارۆكەكە لەنێوان پێكهاتەكاندا و زانیاریش هەیە، كە كۆبوونەوەكە بە پاڵەپەستۆی میلشیاكانەوە رێكخرابێت.
 
لە پاش خیانەتی 16ی ئۆكۆتۆبەری رابردووی باڵێكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و رادەستكردنی شارۆكەی خورماتوو، سەرباری ئەتككردنی نامووسی كچانی كورد و ئاوارەبوونی هەشت هەزار ماڵباتی كوردی ناوچەكە، بەردەوام هەوڵی بێهێزكردنی پێگەی كورد لە ناوچەكە دەدرێت.
 
بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، حەسەن زەینولعابدین پێشتر بەڕێوەبەری تەندروستی پارێزگای سەڵاحەدین بووە و یەكێكە لە كەسایەتییە نزیكەكانی رێكخراوی بەدر بەسەرۆكایەتی هادی عامری.
 
گەرمیان/ سەبری هۆرینی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل