بارزانی پێگەی خۆی لە هاوكێشەكە بەدەست دێنێتەوە؟

:: PM:09:54:18/01/2018 ‌

بەهۆی حیساباتی كۆن و نوێوە ئێران ناوی مەسعوود بارزانی خستە ناو لیستی ئەوانەی بە بەرپرسیارەتی لە دروستكردنی رووداوەكانی دوایی ئەو وڵاتە، كە هەندێك بە شۆرش و هەندێكی تر بە راپەڕین و بازنەكانی ویلایەتی فەقێكانیش بە كاری پشێوی و گوێرەشێوێنیان ناوبرد، بەو ناو و ناوەڕۆكە ساڵح ئەلقەلاب، نووسەری ئوردنی وتارێكی لە رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" بڵاو كردەوە.

بەپێی وتارەكەی ئەلقەلاب، كە لە خوارەوە بەشێكی هاتووە، راستییەكەی ئەوەیە، كە هۆكارەكانی كردەنی و دروستی ئەو تۆمەتباركردنە ئەوەیە ئەو سەركردە كوردە، زوو شوێنی مەلا مستەفای بارزانی باوكی گرتەوە، پێشتر رەتی كردبووەوە وەڵامی ژمارەیەك گەورە بەرپرسی ئێرانی بداتەوە لەوانەیش قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس بۆ پێدانی رێڕەوێكی زەوینی بە ئێران، كە بە خاكی هەرێمی كوردستانەوە بەرەو خاكی سووریا لە ئێرانەوە تێپەڕ بێت.

لەو كاتەی جەلال تاڵەبانی سەرۆكی پێشووی عێراق، كە پێشتر لە پارتی دیموكراتی كوردستان و مەلا مستەفا بارزانی جیابووەوە، وەڵامی ئەو داوایەی ئێرانی دایەوە و سلێمانی كردبووە پێگەیەكی پێشكەوتووی سوپای پاسداران و هەواڵگریی ئێرانی (ئیتڵاعات)، بەڵام مەسعوود بارزانی سووربوو و بەسووربوونەكەی مایەوە بەوەی هەرێمی كوردستان و هەولێری پایەتەختەكەی بەشێكن لە نیشتمان و دەوڵەتی عێراق، بۆیە ناتوانێت ئەو رێڕەوە زەوینییە بە ئێرانییەكان بدات.

ئەوەی پێویستە ئاماژەی بۆ بكرێت، كە ئێرانییەكان هەموو پاڵەپەستۆیەكیان بەكار هێنا بۆ ناچاركردنی ئەو بەرپرس و سەركردە كوردە بۆ وەڵامدانەوەی داواكەیان، كە بەداخەوە هەر دروستیان كرد، بەڵام لە دەرەوەی خاكی ئەو هەرێمە و لە رێگەی سنوورەكانی عێراق و سووریاوە تا دەگاتە باشووری بەیرووت، كە كۆمارەكەی حەسەن نەسروڵای لێیە و بووەتە بنكەیەكی سەربازیی ئێرانی و لەوێوە كۆنترۆڵی سیاسییانەی لبنان و هەموو خاكی لبنان دەكرێت.

بەڵێ مەسعوود بارزانی سەرەڕای پاڵەپەستۆكانی ئێران سووربوو لەسەر هەڵوێستەكەی، كە رەنگە ئەگەر بوونی ئەمەریكا لە عێراق و هەرێم نەبووایە، ئێرانییەكان بەزۆر ئەو كارەیان بكردبایە، واتە ئەوان بەهێزی سەربازییەوە لە باشوور گەمارۆی توركیایان دەدا، ئەو پرسەی تەنانەت رەجەب تەیب ئەردۆغان رەچاوی نەكرد ئەو كاتەی پاڵپشتی لە ویلایەتی فەقێكان و حەسەن رەوحانی و سوپای پاسداران كرد بۆ پووچەڵكردنەوەی ریفراندۆمی ئەو بەرپرسە كوردە لە كوردستان ئەنجامی دا. 

رەنگە حیساباتی مەسعوود بارزانی ورد نەبووبێت، رەنگە هەڵەیش بووبێت ئەو كاتەی سووربوو لەسەر رۆیشتن بەرەو ریفراندۆم، بەڵام رەنگە ئەو هەڵە گەورەی، كە ئەو سەركردە كوردە كردی كە تا ئێستەیش هەر سەركردەیە و روونیشە تا لە ژیاندابێت هەر سەركردە دەبێت، ئەوەبوو سەرەڕای خاوەن ئەزموونی ئەوەی رەچاو نەكرد، كە ئەو مەترسییەی هەبووە و دەشبێت بۆ سەر مافی چارەیخۆنووسینی كورد لە عێراق و لەهەر شوێنێكی تر بە پلەیەك ئێرانە و بە پلە دوویش توركیایە و ئەوان كێشەیەكی كردەنیان لەگەڵ عەرەب نییە. 

تەنانەت رەجەب تەیب ئەردۆغان هەركاتێك پاڵەپەستۆی پارتی كرێكارانی كوردستانی لەسەر توند بووایە، پەنای بۆ مەسعوود بارزانی دەبرد، هەروەها ئەوانەی بیرەوەرییان باشە بەبیریان دێتەوە، كە چۆن سەرۆكی توركیا ئەو سەركردە كوردەی لە فێستیڤاڵێكی هاووڵاتییانی كوردی توركیا لە دیاربەكر مێوانداری كرد و سوور بوو كە وا دەركەوێت كە خۆی لەو نزیك بكاتەوە لەبەردەم ژمارەیەكی زۆری گەلی كورد كە ئەو كاتە نزیك یان زیاتر لە ملیۆن خەمڵێنران. 

گرنگ ئەوەیە كە مەسعوود بارزانی پێشتر و ئێستەیش باجی دەستگرتنی بە سەربەخۆیی خۆی و گەلەكەی لە ئێران بە پلەی یەك و كاریگەرییەكانی ویلایەتی فەقێكان بە پلەی دوو، هەروەها كاریگەرییەكانی توركیا و ئەردۆغانی سەرۆكەكەی بۆسەر هەرێمی كوردستان دەدات، لێرەدا ئەوەی سەیرە ئەوەیە كە ئەمەریكاییەكان ئەگەرچی دەستبەرداری نەبوونە، بەڵام پاڵپشتیان لێی نەكرد لە هەموو ئەو رووبەڕووبوونەوانە لە جەنگێك بۆخۆی و ماڵباتەكەی جەنگێكی چارەنووسسازە، ئەگەرچی كۆتاییەكە نییە.

كورد لەوەتەی رووخانی رژێمی بەعس و سەدام حوسێن لە 2003وە وەك ژمارەیەكی سەرەكی ماوەتەوە لە فەرمانڕەوایی عێراق، رەنگە گەورەترین هەڵەیش، كە ئەنجامیان دابێت لە دوای هاتنی ئەمەریكا بۆ عێراق، ئەوان هاوپەیمانیەتییان لەگەڵ ئێران و دارودەستە مەزەوی و سیاسییەكەی لە عێراق كرد و لە پێكهاتەی سوننە دووركەوتنەوە، بۆیە پێویستە هەڵە بكوژەكەیان ئاشكرا كردبێت كە درەكیان بەوە نەكردووە بەوەی هاوپەیمانیەتییان لەگەڵ لایەنێكی پاڵپشتیكراو لە وڵاتێكی ناوچەكە وا دەكات ئەوانیش بەبەردەوام سەر بەو بن و بكەونە ژێر كاریگەرییەكەی وەك لە سلێمانی دووەم پایەتەختی هەرێمی كوردیدا هەیە. 

بەڵام لەگەڵ ئەو پەرتەوازەییەی كە كورد تیایدا دەژین، بەتایبەتی لە دوای ریفراندۆم، ئێستە مەسعوود بارزانی دەتوانێت جارێكی تر جڵەوی دەستپێشخەری بگرێتەوە دەست و دۆخەكە بۆ پێشتر بگێڕێتەوە، چونكە ئێستە ئێرانییەكان پێشوازی لێ نەكراون و لە عێراق لای شیعە زیاتر لە سوننە رقیان لە بەرانبەردا هەیە، هەروەها روونە، كە گرووپەكەی تاڵەبانی و هەموو لایەنگرەكانی ئێران و قاسم سلێمانی و ئیتیلاعات و سوپای پاسداران، چیتر ناتوانن رووبەڕووی بارزانییەكان ببنەوە و هەلێكی گەورە هەیە مەسعوود بارزانی لە هاوكێشەی كوردستانی و عێراقیدا پێگەی ژمارەی سەرەكی بەدەست بێنێتەوە، كە ئەوەیش بێگومان بەشێوەیەكی نا سەرەكی دەوەستێتە سەر ئەگەری هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانیەتی توركیا - ئێران كە هاوپەیمانیەتیییەكی پێویستی و كاتییە و روونە كە لەبەرانبەر پاڵەپەستۆی پێكهاتنی تەوەرەكان لە سووریا دەڕووخێت.   

سەرچاوە: شەرقولئەوسەت




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل