ئەمەریكا باشووری بۆ حەشد جێهێشت..ئایا ڕووسیا ڕۆژئاوای كوردستان بۆ توركیا چۆڵ دەكات؟

:: AM:10:10:20/01/2018 ‌
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سەرەڕای ئەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە باشوور وەك یەكەم هێز بەشداریی زۆر كارایان لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش كرد و بوون بە بەشێك لە هاوپەیمانیەتیی لەناوبردنی داعش، بەڵام دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، كە پرۆسەیەكی تەواو دیموكراتی و هاوكوف بوو لەگەڵ بنەماكانی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان، بۆ میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و ئێران بەجێ هێشت، ئێستەیش توركیا ئۆپراسیۆنی داگیركردنی عەفرینی لە باكوری ڕۆژئاوای سووریا دەست پێ كردووە، ئەمەیش لە كاتێكدایە هێزەكانی ڕووسیا لە شارەكە هەن، پرسیار ئەوەیە، ئایا ڕووسیایش بەهەمانشێوەی ئەمەریكا ڕۆژئاوای كوردستان بۆ توركیا چۆڵ دەكات و پشتی پەیەدە بەردەدات؟

لە ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو بەهۆی بێدەنگی و بێهەڵوێستی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بەهاوكاری ئێران و بە چاوساغی گرووپێكی خیانەتكاری ناو یەكێتی پەلاماری كەركووك و خورماتوو و خانەقینیان دا، توانییان ئەو ناوچانە كۆنتڕۆڵ بكەن و ڕێڕەوی وشكایی ئێران بۆ گەیشتنە سەر دەریای ناوەڕاست بە تەواوی لە عێراق ناوچەكانیان بۆ ئێران و پڕۆژەكەی جێگیر و سەقامگیر كرد.

داگیركردنی ئەو ناوچانە لە كاتێكدایە ڕۆژێك بەر لە 16ی ئۆكتۆبەر دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ستراتیجی وڵاتەكەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران لە عێراق و سووریا و یەمەن و ناوچەكە ڕاگەیاند، بەڵام بێ ئەوەی باس لە چۆنیەتیی ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە بكات، بۆیە میلیشیاكانی سەر بە ئێران، بە ئاڵای تایفییەوە لەسەر تانكی ئابرامزی ئەمەریكی ڕوویان لە كوردستان كرد و هێرشیان كردە سەر پێشمەرگەی كوردستان، تا دواجار لە پردێ پێشمەرگە ڕووبەڕوویان بووەوە و گورزی كوشندەی لێدان، ئەمەریكا بە بێدەنگی و تەنیا وەك تەماشاكەرێك سەیری دۆخەكەی دەكرد، ئەمەیش بە بڕوای زۆرێك لە شارەزایان پشت تێكردنی ئەمەریكا لە باشووری كوردستان، پاش ئەوەی لە شەڕی دژ بە سەدام و دژ بە تیرۆریستانیش كوردستان باشترین هاوكاری ئەمەریكای كرد و لە كوردستان ئەمەریكییەكان لەجیاتی فتوای كوشتنیان بدرێ و ڕۆژانە هێرشیان بكرێتە سەر و بكوژرێن، لە دۆخێكی تەواو ئارامدا بوون و پەنجەی سەربازێكی ئەمەریكی لە كوردستان خوێنێ لێ نەهات.

دوێنێ هەینی 19ی كانوونی دووەم/یەنایەر تەنیا دوای تێپەڕینی سێ مانگ و سێ ڕۆژ بەسەر وادەی بێهەڵوێستی ئەمەریكا لەسەر هێرشی میلیشیاكان و ئێران بۆ سەر كەركووك و باشووری كوردستان، هێزەكانی توركیایش ئۆپراسیۆنی داگیركردنی شاری عەفرین باكوری ڕۆژئاوای سووریا و بەشێك لە خاكی ڕۆژئاوای كوردستانیان دەست پێ كرد و بە قورسی تۆپبارانی ناوچەكانیان كرد.

كەناڵی حوڕە بڵاوی كردەوە، هێزەكانی توركیا لە پارێزگای هاتای هاوسنوور لەگەڵ عەفرین هێزی زۆریان كۆ كردووەتەوە و بەردەوامیش هێز بەرەو ئەو ناوچانە ڕەوانە دەكرێن، هاوكات توركیا هێزەكانی سوپای سووریای ئازاد و تیرۆریستانی بەرەی ئەحراری شامیشی لەگەڵدایه، هەرچەندە تۆپبارانی ناوچەكانی عەفرین بەچڕی دەستی پێ كردووە، دەیانەوێ دواتریش هێرشێكی وشكایی فرەوان بۆ سەر عەفرین دەست پێ بكەن، بەگوێرەی دوا زانیارییەكانیش شەڕ و پێكدانان لە نێوان یەپەگە و هێزەكانی توركیا ڕووی داوە و میدیاكانی نزیك لە پەكەكە دووپات لەوە دەكەنەوە 12 سەربازی توركیایان لە عەفرین كوشتووە.

هاوكات هێزەكانی یەپەگە لە عەفرین ئاشكرایان كرد، تۆپخانەكانی توركیا 70 گولـەتۆپیان ئاراستەی گوندێكی عەفرین لە باكوری رۆژئاوای سووریا كردووە، پێشتر یەپەگە داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد، بەر لە لەشكركێشی توركیا بۆ عەفرین بگرن و نوێنەری ئەمەریكا و ڕووسیایشیان لە دۆخەكە ئاگەدار كردەوە، بەڵام بێ هیچ بەربەستێك و تەنیا بە لێدوانی ناڕەزایی وڵاتانی دنیا، توركیا دەستی بە ئۆپراسیۆنی داگیركردنی عەفرین كرد.

ماوەی زیاتر لە ساڵێكە هێزێكی ڕووسیا لە شاری عەفرین جێگیر كراون، پەیەدە و یەپەگە ئەمەیان وەك گرەنتییەك لێكدەدایەوە، بۆ ئەوەی لە هەر ئەگەرێكی هێرشی توركیا بۆ سەر عەفرین، ڕووسیا بێتە دەنگ و ڕێگر بێ لە داگیركردنی عەفرین لەلایەن توركیاوە، بەڵام هەرچەندە توركیا ئۆپراسیۆنەكەی دەست پێ كردووە، هەڵوێستی ڕووسیا هێندە توند و بەهێز نییە و سەرچاوەكانی توركیاش دووپات لەوە دەكەنەوە، ڕووسیا هێزەكەی خۆی لە عەفرین دەكێشێتەوە.

ڕۆژنامەی "نیزافیسیمایا گازێتا"ی ڕووسی لە ژێر ناوی "كوردەكان هیوا دەخوازن مۆسكۆ پشتیوان و هاوكاریان بێ، نووسیویەتی: هەڕەشەكانی توركیا بۆ سەر عەفرین بوون بە كردار و كوردەكانیش چاویان لە هەڵوێستی ڕووسیایە و دەیانەوێ ببێتە ڕێگرێكی سەرسەخت بۆ لەشكركێشییەكانی توركیا، ئەمەریكایش بێدەنگە و پشتیوانی لەشكركێشییەكەی توركیا دەكات، چونكە عەفرین وەك ناوچەكانی تری ڕۆژئاوا نییە و هێزەكانی ئاشتیپارێزی ڕووسیای لێ بڵاو بووەتەوە، بۆیە ئەمەریكا داگیركردنی عەفرین لەلایەن توركیا بە كەمكردنەوەی پێگەی ڕووسیا لە سووریا هەژمار دەكات.

ڕۆژنامەكە لە زاری فەرحات باتیف ئەندامی كۆنگرەی نیشتمانی كوردستانی بڵاوی كردووەتەوە، كە كوردانی ڕۆژئاوا چاوەڕێی ڕووسیان تا ڕێگری لەو فرەوانخوازییەی توركیا بكات، ئەو ئەندامەی كۆنگرەی نیشتمانی كوردستان دووپات لەوە دەكاتەوە، هەڵوێستی ڕووسیا لە پشتیوانیكردنی كورد و ڕێگری لە هاتنی توركیا ئەرێنییە.

ئەم بابەتەی ڕۆژنامە ڕووسییەكە لە كاتێكدایە، تا ئێستە ڕووسیا هەڵوێستێكی توند و یەكلاكەرەوەی دژ بە ئۆپراسیۆنەكە دەرنەبڕیوە و میدیاكانیش باس لەوە دەكەن، چوونی سوپاسالاری توركیا "خلووسی ئاكار" بۆ مۆسكۆ لە ماوەی ڕابردوو، ئەنكەرە و مۆسكۆی گەیاندووەتە ڕێككەوتن لەسەر هێرشی توركیا بۆ سەر عەفرین و بەبێ هەڵكردنی گلۆپی سەوز لەلایەن ڕووسیا، هەرگیز توركیا بوێری ئەوەی نییە پەلاماری عەفرین بدات.

چاودێران دووپات لەوە دەكەنەوە، لەم یەك دوو ڕۆژە و لەگەڵ چڕبوونەوەی زیاتری هێرشەكانی توركیا بۆ سەر عەفرین، ئەوە بە تەواوی ڕوون دەبێتەوە، ئاخۆ ڕووسیا ڕژدە لە پشتیوانیكردنی كوردەكان و ڕێگری لە هێرشی سوپای توركیا، یان مۆسكۆیش وەك واشنتن بێدەنگی و بێهەڵوێستی هەڵدەبژێرێ لە بەرانبەر كوشتوبڕی توركیا دژ بە كوردە هاوپەیمانەكانی لە سووریا و بە تایبەتیش لە عەفرین، كە هێزەكانی خۆی لەو شارە بڵاوەیان پێ كراوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د