كات و شوێنی كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و عەبادی دیاری كرا


ڕاوێژكارێكی سەرۆك كۆماری عێراق ئاشكرای كرد، ڕەنگە لە كۆنگرەی جیهانی داڤۆس لە وڵاتی سویسرا، هەردوو سەرۆك وەزیرانی هەرێم و بەغدا بەیەكەوە كۆ ببنەوە و گفتوگۆش لە نێوان هەرێم و بەغدا دەست پێ بكاتەوە.

بڕیارە ڕۆژی 23ی ئەم مانگە تا 26ی مانگ كۆربەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆسی سویسرا دەست بەكارەكانی بكات، زیاتر لە سێ هەزار سەرمایەدار و وەبەرهێنەر و كۆمپانیای گەورە و سەرۆك و سەرۆك وەزیران و وەزیرانی دەرەوە و ئابووریی وڵاتان بەشداری تێدا بكەن، زیاتر لە سەرۆكی 70 وڵاتیش بەشداری چالاكییەكانی كۆڕبەندی ئەمساڵی داڤۆس دەكەن، هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش بۆ بەشداری لە كۆڕبەندەكە داوەت كراون.

عەبدوڵا عەلیاوەیی ڕاوێژكاری سەرۆك كۆماری عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بۆ ئەوەی كێشەكان بەشێوەیەكی ڕژد بێنە چارەسەركردن، پێویستە هەولێر و بەغدا لەسەر ئاستی باڵا بە فەرمی دانیشتن ئەنجام بدەن، پلان و بەرنامە بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانیان دابنێن، ڕەنگە كۆڕبەندی ئەمساڵی داڤۆسیش ببێتە سەرەتایەك، بۆ ئەوەی هەردوو سەرۆك وەزیرانی هەرێم و بەغدا لەوێ پێكەوە كۆ ببنەوە و گفتوگۆش لە نێوان هەرێم و بەغدا دەست پێ بكات.

لەبارەی هەوڵەكانی سەرۆك كۆماری عێراق، عەلیاوەیی گوتی، ئەو هەنگاوانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو نراون بۆ چارەسەری كێشەكان و هاتن و چوونی شاندی هەردوولا، یەكێكە لە شێوازەكانی چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵام تا ئێستە سەرۆك وەزیرانی عێراق نایەوێ لە ڕووی سیاسییەوە كێشەكان چارەسەر بكرێن، بەڵكو دەیەوێ لە ڕووی هونەری و تەكنیكییەوە بێنە چارەسەركردن، بەڵام بۆ ئەوەی دانوستاندنەكان بگەن بە ئەنجام، پێویستە هەردوو سەرۆك وەزیران بەیەكەوە كۆ ببنەوە و بڕیاری سیاسی بدەن، هەوڵەكانی سەرۆك كۆماریش تا ئێستە بەردەوامە، بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەبووە.

عەلیاوەیی ئاماژەی دا، لە ڕووی یاسایییەوە سەرۆك كۆمار دەسەڵاتێكی ئەوتۆی نییە تا فشار دروست بكات، ناتوانێ هیچ پەستانێك دروست بكات و هەردوولا ناچار بكات بەیەكەوە دابنیشن و دەست بە گفتوگۆ بكەن، ئەوەی تا ئێستەیش ڕوونە سەرۆك وەزیرانی عێراق تا ئێستە نایەوێ لەگەڵ كوردستان دابنیشێ و هۆكارەكەیشی ڕوون نییە و نازانرێ بۆچی ئامادە نییە.

هەولێر/بڵند ئیبراهیم.



وشە - باز ئه‌حمه‌د


AM:11:28:20/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 3249 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌