ئێران لە سنوورەكانی دێتە ناو خاكی هەرێمی كوردستان

:: PM:03:54:20/01/2018 ‌

كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێی لیژنەیەكی تایبەت بەخۆی، سنووری مەرزێكی هەرێمی كوردستان بە خاكی خۆی دەزانێت و چەند كیلۆمەترێك دێتە خاكی هەرێمی كوردستان، بەم نزیكانەش لیژنەی دیاریكردنی سنوور لە بەغداوە سەردانی شوێنەكە دەكات.

ئەمڕۆ شەموو 20ـی كانوونی دووەم، ئەیووب عەبدوڵا سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان، بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێی لیژنەی دیاریكردنی سنوورەكانیان هاتوونەتە ناو مەرزی كێلێ و دەڵێن ئەوە سنووری ئێمەیە.

سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش دەڵێت، ئێمە وەزارەتی ناوخۆی عێراقمان ئاگەدار كردووەتەوە لەو پێشڕەوییەی ئێران و چاوەڕوانین لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لیژنەی دیاریكردنی سنوور لەلایەن بەغداوە بێتە ناردن بۆ ئەوەی بزانرێت ئەو جووڵەیەی ئێران كە ئەو سنوورە بە هی خۆی دەزانێت، تا چەند یاسایییە.

ئەیووب ئاشكرای كرد "ئەو لیژنەیەی لە بەغداوە دێت، گفتوگۆ لەسەر بە نێودەوڵەتیكردنی مەرزەكەش دەكەن، چونكە ئێستە شەقامی قیرتاوكراوی بۆ چووە و لە هەموو لایەكەوە كارەكانی بوون بە مەرزی تیایە".

مەرزی كێلێ‌ دەكەوێتە سنووری شارۆكەی قەڵادزێ‌ و نزیك شارەدێی هێرۆیە، ماوەی سێ‌ ساڵە هەوڵ و گفتوگۆ هەیە بۆ ئەوەی ئەو مەزرە بكرێت بە نێودەوڵەتی لە نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران. بەڵام هێشتا نەكراوە بەهۆی رێگرییەكانی بەغدا.

كۆماری ئیسلامیی سێ مەرزی فەرمی لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەن كە بریتین لە حاجی ئۆمەران، باشماخ و پەروێزخان.



وشە - رامیار جەواد