پەرلەمانتارێك: ئەگەر سوننە بایكۆتی هەڵبژاردنەكان بكات ئەوكات ناكرێت

:: PM:06:30:20/01/2018 ‌

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە بڕیارە سبەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان جارێكی تر لەگەڵ فراكسیۆنەكان كۆبوونەوەیەك لەبارەی هەردوو پرسی بودجە و هەڵبژاردنەكان ئەنجام بدات بۆ ئەوەی رێككەوتنی لەسەر بكرێت و رۆژی دووشەمیش بخرێتە بەرنامەی كار و گفتوگۆی لەسەر بكرێت.

عەرەفات كەرەم، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق  بە"وشە"ی راگەیاند، بڕیار بوو ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژە یاسای هەڵبژاردنەكان بكات، بەڵام بەهۆی بایكۆتكردنی بەشێك لە فراكسیۆنە كوردییەكان و سوننەوە، نیسابی یاسایی تەواو نەبوو و كۆبوونەوەكە دوا خرا بۆ رۆژی دووشەم، چونكە وەك فراكسیۆنە كوردییەكان پێش كۆبوونەوەكە باسمان لەوە كرد كە بەشداری لە كۆبوونەوە نەكەین و هاودەنگ بین لەگەڵ سوننە، لەبەر ئەوەی ئەوانیش لە بودجە لەگەڵ ئێمەدابوون، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی رازی نەبوون و بەشداریان لە كۆبوونەوە كرد.

زیاتر گوتی، بڕیارە سبەی جارێكی تر سەرۆكایەتیی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكان كۆبوونەوە بكات ، بۆ ئەوەی رێككەوتن بكرێت لەبارەی پڕۆژە یاساكانی بودجە و هەڵبژاردنەكان و رۆژی دووشەمیش بخرێتە بەرنامەی كار و گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت، بۆیە تاوە كۆبوونەوەكە نەكرێت دیار نییە سبەیش دەگەنە رێككەوتن یان نا، چونكە سوننە بە ئاشكرا داوای دواخستنی دەكەن و شیعەیش سورن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان و ئێمەیش وەك كورد كێشەمان نییە.

لەبارەی ئەگەر نەگەیشتنە رێككەوتن چارەنووسی ئەو دوو یاسایە چی دەبێت، ئەو پەرلەمانتارە رای گەیاند، نووسراو بۆ دادگای فیدراڵی كراوە و ئەوانیش باسیان لەوە كردووە رێككەوتن بكرێت باشترە لەوەی ئێمە بڕیاری لێ بدەین، چونكە ئەگەر سوننە بایكۆتی هەڵبژاردنەكان بكات ئەو كات كارەكە ناكرێت، بۆیە هەركاتێك نەگەیشتنە رێككەوتن ئەو كات دادگای فیدراڵی ئەو دوو پرسە یەكلا دەكاتەوە.

تا ئێستە چەندین جار سەرۆكایەتیی پەرلەمان پڕۆژە یاساكانی بودجە و هەڵبژاردنەكانی خستووەتە بەرنامەی كارەوە، بەڵام بەهۆی نارەزایەتی كورد و سوننە تا ئێستە نەتوانراوە ئەو پرسانە یەكلا بكرێنەوە، چونكە سوننە داوای دواخستنی هەڵبژاردنەكان دەكات و كوردیش چەندین داواكاری لە یاسای بودجەدا هەیە، لەوانە گۆرینی ناوی پارێزگاكانی هەرێم بۆ حكوومەتی هەرێم  و پشكی هەرێمی كوردستانیش لە ١٧% كەمتر نەبێت.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل