پەرلەمانتارانی كورد: دەبێت بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی ناوچە جێناكۆكەكانەوە روون بكرێتەوە

:: PM:10:13:20/01/2018 ‌

بەپێی بڕیارێكی دادگای فیدراڵی عێراق كە لە كۆتای مانگی تشرینی دووەم دەرچووە و تێیدا هاتووە كە چیتر كەركووك و خانەقین ناوچەی جێناكۆك نین و تەنیا ناوچەكانی ئاكرێ و كفری ناوچەی جێناكۆكن, پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا باس لە مەترسیی ئەو بڕیارە و رووبەڕووبونەوەی دەكەن.

زانا رۆستایی, ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ شەموو بە "وشە"ی راگەیاند, بەپێی بڕیارێكی دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر ناوچە جێناكۆكەكان، كەركووك و خانەقینی بە ناوچەی جێناكۆك نەهێناوە.

زیاتر گوتی، ئەو بڕیارەی ئێستەی دادگای فیدراڵ زۆر مەترسیدارە و لێكدانەوەیەكی مەترسیدارە بۆ ناوچە جێناكۆكەكانی سنووری مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراق و رای گەیاند كە نوێنەرانی كورد لە بەغدا كە لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە كاریان رووبەڕووبوونەوەی بڕیارە دژەكان بۆ بەرژەوەندی بووە. ئێستەیش بەشێوەیەكی یاسایی رووبەڕووی ئەو بڕیارە دەبنەوە كە دژ بە هەرێمی كوردستان دراوە.

ئاماژەی كرد، لە خانەقینەوە تا شنگال ناوچەی جێناكۆكە و لەسەر حكوومەتی عێراق پێویستە بەپێی دەستوور پابەندبێت پێوەی بۆ جێبەجێكردن, بەڵام بڕیارەكەی دادگای فیدراڵ ناوچە جێناكۆكەكانی بەرتەسك كردووەتەوە، ئەوەش لە بەرژەوەندی كورد نییە و دژی كورد كراوە.

ئەو بڕیارە لە كاتێكدایە كە بەپێی دەستوور كەركووك و خانەقین ناوچەی جێناكۆكن, هەروەها ئەوە جێگەی سەرنجە دادوەرە كوردەكانی دادگای فیدراڵی واژووی ئەو بڕیارەیان كردووە.

لای خۆیەوە ئەشواق جاف, ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند, دەبێت لێكۆڵینەوە لەوە بكرێت كە ئەو بڕیارە چ بنەمایەكی یاسایی هەیە و ناكرێت هەر بڕیارێك درا راستەوخۆ جێبەجێ بكرێت, دووپاتی كردەوە، هەمیشە ئەو بڕیارانەی كە دەدرێن زیاتر سیاسین و یاسایی نین.

زیاتر گوتی, دەبێت بەغدا بە زووتری كات روونكردنەوە لەسەر ئەوە بدات كە ئەو بڕیارەی دادگای عێراق لەسەر چ بنەمایەك بووە, ئەوەی رۆژێك لە عێراق ژیابێت دەزانێت كە ئەو ناوچانە جێناكۆكن و بەپێی دەستوور مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.

جاف روونی كردەوە، ئێستە لە عێراق سیستەمێك پێڕەو دەكرێت كە كوردستان سەرقاڵ كراوە بە بابەتی مووچە و بژێوی هاووڵاتییان و پرسی پێشمەرگە و لەولاوە عێراق خۆی خەریكی پرسە نیشتمانییەكانە.

لە دوای خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو كە تیایدا سوپای عێراق و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە یارمەتیی باڵێكی ناپاكی ناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان توانیان كەركووك و خانەقین و خورماتوو داگیر بكەن، ئێستە ئەو ناوچانە بە كردەنی كەوتوونەتە ژێر هەڵمەتێكی سەختی تەعریبكردن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل