لە كەركووك كێشە بۆ هێڵەكانی ئینتەرنێتی كوردستان دروست دەكرێت

:: PM:10:41:20/01/2018 ‌

دوای 16ی ئۆكتۆبەر لە كە تیایدا سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بە یارمەتی باڵێكی ناپاكی ناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەڵیان كوتایە سەر كەركووك و خانەقین و خورماتوو و ناوچە جێناكۆكەكانیان كۆنترۆڵ كرد، تا دێت سیاسەتەكانی تەعریبكردن و بەعێراقیكردن توندتر دەبێت، لە گۆڕینی پۆستە ئیدارییەكان و ئەمڕۆیش كۆمپانیاكانی ئینتەرنێتی سەر بە هەرێمی كوردستان گرتەوە. 

سەرچاوەیەكی تەناهی لە شاری كەركووك بە "وشە"ی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو هێزێكی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆوە چونەتە سەر كۆمپانیای (فاست لینك) لە شاری كەركووك و پاش ئەوەی سەرجەم كارمەندەكانیان دەركردووە، كارەكانی كۆمپانیاكەیان راگرتووە.

زیاتر گوتی، ئێستە هێڵی ئینتەرنێتی (فاست لینك) بەتەواوی لە سنووری كەركووك راگیراوە و ئەو هێزەیشی كە هاتوونەتە سەر كۆمپانیاكە بەبێ ئەوەی هیچ بڵێن، داوای داخستنی كۆمپانیاكەیان كردووە.

لای خۆیەوە یەكێك لە خاوەن كۆمپانیاكانی بواری گەیاندن لە كەركووك هەواڵەكەی پشتراست كردەوە و رای گەیاند كە لە دوای سەعات حەوتی ئێوارەی ئەمشەو هێڵەكانی ئینتەرنێتی (فاست لینك) و (كۆڕەك تیلیكۆم)، وەستاون و بەكارهێنانیان ئەستەم بووە.  

كەركووك/ هەژار



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل