حزبەكانی كوردستان بۆ پاڵپشتی عەفرین یەكدەنگن

:: PM:03:01:21/01/2018 ‌
حزبەكانی هەرێمی كوردستان دژی هێرش و پەلامارەكانی توركیا بۆ سەر عەفرین یەكدەنگن و نیگەرانی خۆیان لە بەرانبەر ئەو دەستدرێژییانەی توركیا ڕادەگەیەنن.

ڕۆژی هەینی 19ی كانوونی دووەم/یەنایەر دوای كۆكردنەوەی هێزێكی زۆر لە پارێزگای هاتای وڵاتی توركیا كە هاوسنوورە لەگەڵ شاری عەفرین، تۆپخانەكانی توركیا بەچڕی دەستیان بە بۆردمانی شاری عەفرین و گوند و ناوچەكانی دەوروبەری شارەكە كرد، ئەمەیش دوای ئەوە دێ ڕووسیا نەرمی نواندووە و ئەمەریكایش تەنیا بە لێدوان و قسەی نیگەرانی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشكردنە سەر عەفرین ڕاگەیاندووە، بەوهۆیەوە لە ڕۆژی شەموو 20 كانوونی دووەم/یەنایەر فڕۆكەكانی توركیا بە چڕی دەستیان بە بۆردمانی ئاسمانی شارەكە كردووە و هێزەكانی یەپەگەیش دووپات لەوە دەكەنەوە كە بەرگری لە شارەكە دەكەن و هەرگیز بۆ توركیا چۆڵی ناكەن.

كاردانەوەكان لەسەر هێرشەكانی توركیا ناڕەزایی زۆری لێ كەوتووەتەوە، ئاری عەبدولەتیف سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان بە"وشە"ی ڕاگەیاند، داوا دەكەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و نەتەوە یەكگرتووەكان و تەواوی گەلانی دنیا پاڵەپەستۆی كردەیی و دەستبەجێ‌ بخەنە سەر توركیا، تا پرۆسە سەربازییەكانی دژ بە بنەما مرۆیی و ئاشتیخوازییە ڕابگرێت و ناوچەكە و شاری عەفرین لە ڕژانی خوێنی خەڵك و هاووڵاتییان پارێزراو بن.

هاوكات هەندرێن شێخ ڕاغب ئەندامی سەركردایەتی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر عەفرین بێتە دەنگ و چیتر ڕێ بە توركیا نەدات درێژە بەو پیلانانەی بدات دژ بە كوردان.

ڕوونی كردەوە كە ئەوان لە زەحمەتكێشان بانگەوازی تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەكان دەكەن بۆ ئەوەی پاڵەپەستۆ دروست بكەن و بەهەموو جۆرێك دژی دەستدرێژییەكانی بوەستنەوە.

هەر لە درێژەی كاردانەوەكان دژی پەلاماردانی عەفرین لەلایەن توركیاوە ئەنجوومەنی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و ڕایان گەیاندووە، بە نیگەرانییەوە دەڕواننە هێرش و پەلامارە سەربازییەكەی توركیا و هەندێ‌ لە گرووپە چەكدارەكانی تری سووریا بۆ سەر شاری عەفرین كە دەبێتە هۆی زیانێكی زۆر لە هاووڵاتییانی شارەكە و ئاڵۆزكردنی زیاتری بارودۆخی ناوچەكە.

یەكگرتوو ڕای گەیاندووە، داوا لە سەرۆكایەتی كۆماری توركیا دەكەن هەرچی زووترە ئەو هێرشە سەربازییە رابگرن بۆ ئەوەی ڕێخۆش ببێت بۆ بەرپابوونی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكەدا و چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان بە رێگەچارەی سیاسی و گفتوگۆی ئاشتییانە.

لەلایەكی ترەوە حزبی شیوعیی كوردستان بەیاننامەیەكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا هاتووە، داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی ئەندامی بەردەوام لە ئەنجوومەنی ئاسایش و یەكێتیی ئەوروپا دەكات كە پاڵەپەستۆی خۆیان دژ بە حكوومەتی توركیا ئەنجام بدەن و دەستبەجێ تۆپبارانكردن و هەڕشەی پەلامەردانی عەفرین و هەر شوێنێكی تر راگرن.

"بەردەوامبوونی كارەساتی شەڕ بۆ ماوەی حەوت ساڵ لە سووریا و پەراگەندە و ئاوارەبوونی ملیۆنان كەس لەو وڵاتە سەرەڕای قوربانییەكانی شەڕ، وا دەخوازێ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵەكانی چڕتر بكاتەوە بۆ راگرتنی شەڕ و كارەسات و مەینەتییەكانی كە ئاشتی لە سەرجەم رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خستووەتە مەترسییەوە". بەیاننامەكەی حزبی شیوعی وا دەڵێ‌.

شاری عەفرین یەكێكە لە ناوچە كوردستانییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و دەكەوێتە باكوری ڕۆژئاوای سووریا و سەر بە پارێزگای حەلەبی سووریایە و ڕووبەرەكەی سێ هەزار و 850 كیلۆمەتری دووجایە، بەگوێرەی ئاماری 2010 ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 523 هەزار كەس دەبێ و زۆرینەی ڕەهای دانیشتووانەكەی كوردن.

دوای ئاڵۆزییەكانی سووریا و ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ڕژێم و خەڵك و وێرانكارییەكان كە لە 2011ەوە دەستیان پێ كرد، عەفرین لەلایەن یەكینەكانی پاراستنی گەل كۆنتڕۆڵ كرا و بوو بە بەشێك لەو ناوچانەی كە لە ژێر دەسەڵاتی كورد دا بەڕێوە دەبران و یەكێك لە كانتۆنەكانی ڕۆژئاوا لە عەفرین بوو، بەڵام دەوڵەتی توركیا بۆ ڕێگری لە بەستنەوەی كانتۆنی عەفرین بە كۆبانێ، لە 25ی ئاب/ئۆگستسی 2015 لە جەرابلوس هێزەكانی سنووری سووریایان بەزاند و ناوچەی جەرابلوس و چەندان ناوچەی تریان داگیر كرد.

یەكینەكانی پاراستنی گەل "یەپەگە" هێزێكی چەكداری كوردی سەر بە پارتی یەكێتی دیموكرات "پەیەدە"ن و لە ساڵی 2011 لە ڕۆژئاوای كوردستان دامەزراوە و بەگوێرەی خەمڵاندنەكان تا ساڵی 2015 ژمارەی چەكدارەكانیان گەیشتووەتە 45 هەزار كەس، بەڵام دوای دەركردنی یاسای سەربازی زۆرەملێ، ژمارەی شەڕڤانانیان گەیشتووەتە 105 هەزار كەس. ئەوان لەلایەن ئەمەریكاوە هاوكاری دەكرێن و پێوەندییەكی تۆكمەیشیان لەگەڵ ڕووسیا و ڕژێمی ئەسەد هەیە، لە چوارچێوەی هێزەكانی سووریای دیموكرات ڕۆڵی باڵایان بینیوە لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش لە ڕەقە و دێرزوور و ناوچەكانی تری سووریا.
 





وشە - سه‌رخێڵ هاشم