بۆچی پێویستە پێوەندییەكانی راستەوخۆی هەولێر و بەغدا دەست پێبكاتەوە؟

:: PM:06:56:21/01/2018 ‌

دوای ماوەیەك دابڕان و پچڕانی پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە دوای ریفراندۆمەكەی سێپتێمبەری رابردووی هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی كە سەرەڕای بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگی "بەڵێ"، بەڵام لەلایەن بەغدا و ئەنكەرە و تاران و تەنانەت ئەمەریكایش نەیاری توندی كرا و چەندان سزای سیاسی و سەربازی و ئابووری خرایە سەر هەرێمەكە، لەو ساتەوە بەغدا هەموو پێوەندییەكی راستەوخۆی ئاست باڵای لەگەڵ هەولێر بڕی، بەڵام چاودێران و راپۆرتە شیكارییەكان پێیان وایە لەبەر چەند هۆكارێكەوە پێویستە گفتوگۆی هەولێر و بەغدا دەست پێ بكاتەوە. 

بەم دواییە راپۆرتێكی نێودەوڵەتی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە بەرهەمهێنانی گاز و پێویستی هەردوولا بۆ یەكتر لەو بارەوە وا دەكەن كە ئەوان پێوەندییەكانیان دەست پێ بكەنەوە، راپۆرتەكە كە لە "ئەنجوومەنی ئەتڵەس"ی دەرچووە كە دامەزراوەیەكی توێژینەوەی نێودەوڵەتییە، دەڵێت كە دابەشبوونی جوگرافی نەوت لە عێراق وایە كە لە ناوچە جیاوازەكانی نەتەوەیی و مەزهەبی دابەش بووە و ئەوەیش كێشەی دروست كردووە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو سامانە و كاریگەرییەكی نەرێنیشی هەیە بۆسەر پەرەپێدانی كەرتی نەوت و گاز لە عێراق.    

زیاتر گوتی، رەنگە بەرهەمێنانی گازی سروشتی دەرگەی گفتوگۆی نێوان بەغدا و هەولێر بكاتەوە و ئەوان لەیەكتر نزیك بكاتەوە، چونكە لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەو گازەی لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دێت پێویستی بە بازاڕە و و نزیكترین بازاڕیش ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانە، لە بەرامبەردا حكوومەتی عێراق پێویستی بە گازە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا، بەتایبەتی لە ناوچە تازە ئازادكراوەكان لە داعش.  

هاوكات هەفتەی رابردوو سەرچاوەیەكی عێراقی ئاشكرای كرد كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق خواستی دەست پێكردنی گفتوگۆ و چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان لا دروست بووە و هۆكارەكەیشی بۆ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكان و ترسی لە سوود وەرگرتنی نەیارەكانی لەو تەنگژەیە لەگەڵ هەرێم بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەگەڕێتەوە.

بەپێی سەرچاوەكە، كە لە نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە نزیكە، عەبادی ئاگەداری وردەكاری و ئەنجامی گفتوگۆی هەفتەی رابردووی هەردوو شاندی عێراق و كوردی بوون لە هەولێر و روونی كردەوە، كە ئێستە ئەو تاوتوێی چۆنیەتی كردنەوەی دەرگەی گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی تەنگژەكان لەگەڵ هەرێم دەكات كە لە دوای ریفراندۆمی هەرێم لە 25ی سێپتێمبەری رابردوو بۆ سەربەخۆیی لە عێراق سەری هەڵدا. 

سەرچاوەكە ئاماژەی كرد كە عەبادی دەیەوێت هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكان لە عێراق، ئەو پرسە بۆ بەرژەوەندی خۆی و بەرەو چارەسەربوونی ببات، بەتایبەتی هەر چارەسەركردنێكی تەنگژەكان لەگەڵ هەرێم ئێستە لە بەرژەوەندی خۆیەتی و رێگەیش لەبەردەم نەیارانی دەگرێت بۆ سوودوەرگرتن و قۆستنەوەی پرسەكە بۆ بەرژەوەندی ئەوان.

ئاماژەی كرد، بەمنێزیكانە شاندێكی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات بۆ باسكردنی ژمارەیەك پرس و دەرگەیش لەبەردەم ئەو شاندە واڵا دەكرێت بۆ چارەسەركردنی چەند فایلێكیان و دواتر دەرگەی گفتوگۆ دەكرێتەوە. ئاشكرای كرد كە شاندی بەغدا بە حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان گەیاندووە كە عەبادی خواستی گەیشتنی بە چارەسەری هەیە و پێویستە ئەو گفتوگۆیانە ئێستە بەرەو پێش بچن بۆ گەیشتن بە گفتوگۆی راستەوخۆ.

هەفتەی رابردوو شاندی هەرێمی كوردستان و عێراق لە بەغدا دەستیان بە گفتوگۆ كرد، دواتر و دوای چەند رۆژێك گفتوگۆی زیاتریان لە هەولێر ئەنجام دا و ئەوان گەیشتنە چەند خاڵێكی هاوبەش لەبارەی سنوور و فڕۆكەخانەكانەوە، هاوكات عەبادی ترسی لەوە هەیە كە تەنگژەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەنەرێنی كار بكاتە سەر هاوپەیمانیەتی و سازانەكانی هەڵبژاردن كە رەنگە دەرگە بەڕووی نەیارانی بكاتەوە بۆ قۆستنەوەی ئەو تەنگژانە و خۆنزیككردنەوە لە هەرێم لەسەر حیسابی عەبادی.

دوێنێ شەموو نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەهاوەڵی شاندێكی باڵا سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەوە و ئەوان باسی چەند پرسێكی گرنگیان كرد لەبارەی دەست پێكردنەوەی گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێم و بەغدا، ئەوەیش دوای دوو رۆژ لە سەردانی برێت ماكگۆرگ، نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانی دژ بەداعش بۆ هەولێر كە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەت و ژمارەیەك سەركردەی پارتە كوردییەكان كۆبووەوە، ئێستەیش سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێرانە و وتوێژی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئێران بەردەوامە و دەست پێكردنەوەی گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان هەولێر و بەغدا و لابردنی مەرجە قوڕسەكانی بەغدا لەسەر هەرێم تەوەری سەرەكیی وتوێژەكانە.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل