پەرلەمانی عێراق وادەی هەڵبژاردن پەسەند دەكات

:: PM:08:33:21/01/2018 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاند، سبەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وادەی هەڵبژاردنەكان پەسەند دەكات و ئەمڕۆش سەرۆكی فراكسیۆنەكان و سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق ڕێككەوتن كە لە 12ی ئایار هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

ئەمرۆ یەكشەم 21ی كانوونی دووەم، ئەشواق جاف ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەگەر سەرۆكی فراكسیۆنەكان و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان نەگەیشتبایەن بە ڕێككەوتن لەسەر پەسەند كردنی رۆژی هەڵبژاردن لە 12ی ئایار ئەوە هەر لەو كاتەدا ئەنجام دەدرا، چونكە دادگای فیدراڵی بڕیاری لەسەر داوە.

زیاتر گوتی، سبەی لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رێككەوتنی فراكسیۆنەكان لەسەر وادەی 12ی ئایار وەك ڕۆژی هەڵبژاردنەكان پەسەند دەكرێت.

هاوكات، ئارێز عەبدوڵا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕوونی كردەوە لە كۆبوونەوەی سەرجەم سەرۆك فراكسیۆن و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕیاردرا لە دانیشتنی سبەی پەرلەمان وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە12ی ئایار پەسەند بكرێ.

ئەوە لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆش لە بەیاننامەیەكدا ئیاس ساموك گوتەبێژی دادگای باڵای فیدراڵی ڕای گەیاند، دادگای فیدراڵی پەرلەمان پابەند دەكات بەو وادە دیاریكراوەی كە بۆ هەڵبژاردنەكان دەستنیشانكراوە، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانێكی نوێ و دروست نیە وادەكە لە 12ی ئایارەوە بگۆڕدرێت.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم