لاریجانی داوا دەكات عێراق مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان دابین بكات

:: PM:09:42:21/01/2018 ‌
كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێمی كوردستان لە تاران بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەدا ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم 21ی كانوونی دووەم، شاندەكە لەگەڵ عەلی لاریجانی سەرۆكی پەرلەمانی كۆماری ئیسلامیی ئێران كۆبوونەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لاریجانی دۆستایەتی و پێوەندییە دێرینەكانی نێوان هەردوو گەلی كوردستان و ئێرانی دووپات كردەوە و نیگەرانیی خۆی بەرانبەر ئەو ڕووداو و بارگرژیانە دەربڕی كە لەم دواییانەدا لەنێوان هەولێر و بەغدا هاتنە ئاراوە، هاوكات هیوای خواست تەواوی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق بە ڕێگەی گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكرێن و مافە دەستوورییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و تەواوی پێكهاتەكانی عێراق دابین بكرێن.

لەبەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان وێڕای داكۆكی‌ لەسەر پێوەندییە دوو قۆڵی و مێژووییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران و دۆستایەتیی نێوانیان، دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان هەمیشە فاكتەری سەقامگیری بووە لە ناوچەكەدا و ئەمەش سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و هەر واش دەمێنێتەوە.

سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بە هەوڵە بەردەوام و ڕژدەكان بۆ دەست پێ كردنی گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا كرد بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكان و لەمبارەیەوە ڕۆڵی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە فرەوانكردن و سەرخستنی گفتوگۆكان بەپێویست زانی.

تا ئێستە شاندی هەرێمی كوردستان لە تاران لە كۆبوونەوەكانیان بەردەوامن و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوو چەندان كۆبوونەوەی تر لەگەڵ سەرانی ئێران ئەنجام بدەن و تاوتوێ‌ دۆخی پێوەندییەكان و چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بكەن.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم