بە ئیماراتدا بۆ ئەمەریكا رۆیشتووە
زیاتر لە پێنج هەزار پارچە شوێنەواری عێراقی دزراون

:: PM:01:44:22/01/2018 ‌

  

كۆمپانیایەكی ئەمەریكی زیاتر لە پێنج هەزار پارچە شوێنەواری عێراقی لە بازرگانێكی دانیشتووی ئیمارات دەكڕێت كە بەپێی یاساكانی عێراقی و ئەمەریكی قەدەغە كراون. بەپێی بەڵگەنامەكانی دادگای باڵای عێراقیش بێت، 80 وەزیر و بەرپرسی باڵای عێراقی تێوەگلاون و هۆكاری دادگایی نەكردنیشیان دەستوەردانی حزبە سیاسییەكانە.

بەپێی دۆسیەی ژمارە 7/834ی تایبەت بە شوێنەوارە دزراوەكانی عێراقی سەردەمی ئاشوورییەكان، كلدانییەكان، سۆمەرییەكان، ساسانییەكان و دەستنووسی جووكان و مەسیحییەكان و ئیسلامی كۆن و سەردەمی عوسمانییەكان بۆ دەرەوەی وڵات لە ماوەی 2003 تا 2010، كە دۆسیەیەكی 300 لاپەڕەیییە، سەلمێنراوە كە 80 وەزیر و بەرپرسی حكوومی تێوەگلاون كە بەشێكیان ئێستە لە ئیمارات نیشتەجێن. بەڵام بەهۆی رێككەوتنی سیاسیی نێوان حزبەكان، تا ئێستە دادگای عێراقی نەیتوانیوە بانگهێشتی تۆمەتباران بكات بۆ لێپرسینەوە. ئەمە جگە لە دۆزینەوەی 638 پارچە شوێنەوار كە مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ 500 ساڵ پێش زایین، لە ساڵی 2010 لە هەندێك سندووقی دار لە یەكێك لە ژێر زەوینەكانی سەر بە نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق بەگوێرەی بەیاننامەی سوپای ئەمەریكا و شوێنەواری عێراق، قەحتان جبووری وەزیری گەشتوگوزاری ئەوكات ئەوەی پشتڕاست كردەوە.

چۆنیەتیی دزین و دەربازكردنی لە عێراق
سادق محنا پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراقی دەڵێ، هەموو ئەو پارچە شوێنەوارە دزراوانە لە بەندەری مینا لە بەسڕە دەرباز كراون بەرەو ئیمارت. گوتی "دەزگەی ئاسایشی ئیماراتی بەرپرسیاریەتیی چوونە ناوەوەی ئەو پارچە شوێنەوارانە هەڵدەگرێت كە دوای دزینی لە عێراق، لە ئیماراتەوە لە رێی كۆمپانیای هۆبی لۆبی بەرەو ئەمەریكا رەوانە كراون، بۆیە دەبێت ئیمارات ئەو بازرگانە بداتە دادگا. بەگوێرەی زانیارییەكان كە لە بەردەستی ئێمەن و ئامارەكانی وەزارەتی دادی ئەمەریكی دووپات لە فرۆشتنی شوێنەوارە عێراقییەكان لە ئیمارات دەكاتەوە، بۆیە ئیمارات راستەوخۆ لەم بازرگانییەدا تێوەگلاوە".

 هاوكات عەلی ساعدی ئەفسەر لە بەندەرەكانی بەسڕە ئاماژەی بە چۆنیەتیی دزین و دەربازكردنی شوێنەوارەكان كرد و ئاشكرای كرد، گرووپی مافیایی سەر بە حزبە عێراقییەكان لە پشتەوەی دەربازكردنەكەن كە لە نێوان ساڵانی 2006 تا 2010 بە بەردەوام ئەو كارە ئەنجام دەدرا و لەناو سندووقی دار لە ژێرزەوینە تایبەتەكانی خۆیان لە بەغدا و بابل دەگوازرانەوە بۆ بەسڕە.

بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی وەزارەتی رۆشنبیری و شوێنەواری عێراق، چۆنیەتیی دەربازكردنی ئەو شوێنەوارانە لە عێراقەوە بۆ ئەمەریكا، لە رێی گرووپی مافیایی بووە كە پسوولەی ساختەیان بۆ بارەكان كردووە كە بە "شووشتنەوەی شوێنەوار" دەناسرێت. 
 
دزینی چوار هەزار و 500 پارچە شوێنەوار
دكتۆر عەلی حەیدەری پسپۆڕی شوێنەوار لە زانكۆی بەغدا دەڵێ هەریەكە لە مۆزەخانەكانی مووسڵ، بەغدا، سامەڕا، بابل، كەربەلا و زیقار لەلایەن میلیشیاكانەوە هێرشیان كراوەتە سەر و پارچە شوێنەوارییان لێ دزراوە. گوتی "ئەوەی جێی سەرنجە تا ئێستە حكوومەت هەستی بە دزینی هەزاران پارچە شوێنەوار نەكردووە، تەنانەت شكستی هێناوە لە بەرەنگاربوونەوەشی دوای ئەوەی سەلمێنرا هەموو ئەو شوێنەوارانە لە رێی بەندەرەكانی بەسڕە رەوانەی ئیمارات كراون".

 سام هاردی مامۆستای یاریدەدەر لە زانكۆی ئەمەریكی لە رۆما و لێكۆڵەر لە پەیمانگەی ئوكل بۆ شوێنەوار دەڵێ، نزیكەی چوار هەزار و 500 پارچە شوێنەوار لە عێراق دزراون، ساڵی 2014 خواست لەسەر شوێنەواری عێراقی لە ئەمەریكا بە رێژەی 61% زیادی كرد بە تایبەت دوای هاتنی داعش بۆ مووسڵ و تاڵانكردن و فرۆشتنی پارچە شوێنەوارەكانی مۆزەخانەی مووسڵ كە دووەم گەورەترین مۆزەخانەی عێراقە.

هاوكات عەلی حەیدەری ئاماژە بەوە دەدات كە بەهۆی نەبوونی پاسەوانی پێویست بۆ زۆرینەی مۆزەخانەكانی عێراق، زیاتر 85%ی پارچە شوێنەوارییەكانی مۆزەخانەی زیقار دزراون كە ژمارەیان زیاتر لە هەزار پارچە شوێنەوار دەبوون. گوتی "گرووپە مافیاكان بە رۆژ و بە شەو خەریكی دزینی شوێنەوار بوون، چونكە حكوومەت هیچ پاسەوانییەكی لە مۆزەخانەكان نەدەكرد و حزبەكانیش خەریكی جێبەجێكردنی سیاسەتی خۆیان بوون لە دزینی شوێنەوار".

كۆمپانیای هۆبی لۆبی 
دوای ئاشكرابوونی كڕینی پێنج هەزار و 548 پارچە شوێنەری دزراوی عێراقی، نانسی هولاندر پارێزەر دەستی لە كاركردن لەگەڵ كۆمپانیای هۆبی لۆبی كشاندەوە. 

تەواوی ئەو پارچە شوێنەوارانە، هۆبی لۆبی لە بازرگانێكی دانیشتووی ئیمارات لە رێی سێ كەسی جووی نێوەندگیر لە مانگی تەمووزی رابردوو كڕیونی.

هولاندر كە پارێزەرایەتی كردووە لە زۆر لە دۆسیەكانی تاوان كە پێوەندار بووە بە وڵاتانی عەرەبی، كۆمپانیای هۆبی لۆبی بە "دووڕوو" تۆمەتبار دەكات بەوەی شوێنەواری دزراوی عێراقی كڕیوە كە لە بنەڕەتدا ئەو كۆمپانیایە دامەزراوە بۆ كۆكردنەوەی دەقە نووسراوەكانی ئینجیل و گرنگی بە پرسە ئاینییەكان دەدات.

جگە لەمەش بەگوێرەی یاسای پاراستنی پارچە شوێنەوارییەكانی ئەمەریكی تایبەت بە شوێنەواری مێژوویی عێراقی كە ساڵی 1990 دەرچووە، رێ لە كڕین و فرۆشتن بە شوێنەواری عێراقی دەدات، هاوكات بەپێی یاساكانی عێراقیش هەموو ئەو شوێنەوارە تۆماركراوانەی لە عێراق هەن بێ رەزامەندیی دەوڵەت بچێتە دەرەوەی عێراق، ئەوا بە دزیاری ئەژمار دەكرێت.

لەسەر تاوانە گەورەكەی كڕینی شوێنەواری دزیاری عێراقی، دادگای ئەمەریكی كۆمپانیای هۆبی لۆبی بە سێ ملیۆن دۆلار سزا دا.

بەڵام حەسەن منیمنە لێكۆڵەر لە كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەڕێوەبەری پێشتری ناوەندی زاكیرەی عێراقی دەڵێ، ئەو سزادانە دارایییە بەراورد ناكرێت لەگەڵ بەهای پاراستنی شوێنەواری مرۆڤی عێراقی و ناشتوانێت ئەو زیانە بگەڕێنێتەوە كە بەر شوێنەواری عێراقی كەوتووە.
 
كۆمپانیای هۆبی لۆبی ساڵی 2009 لە ویلایەتی ئۆكلاهوما تۆمار كراوە بەوەی كۆمپانیایەكە گرنگی بە دەستنووس و شوێنەوار دەدات. دیڤید گرین ملیاردێرێكی ئەمەریكی كۆمەكی كۆمپانیاكەی كرد بۆ دروستكردنی مۆزەخانەی ئینجیل بە گوژمەی 400 ملیۆن دۆلار لە واشنتن دروست كرد.

هۆبی لۆبی هەوڵی دا زۆرترین شارەزا و پسپۆڕ وەك راوێژكار لە خۆی كۆ بكاتەوە بۆ گەڕان لە دنیادا بە دوای پەرتووكی پیرۆز، لەم ناوەندەدا لەگەڵ بازرگانێكی دانیشتووی ئیمارات لە رێی دوو نێوەندگیری جوو پێوەندی دروست كرا كە كۆمەڵێك پارچە شوێنەواری عێراقی لایە.

لە مانگی تەمووزی 2010، گرین لەگەڵ راوێژكارەكانی سەردانی ئیماراتی كرد و چاوی بە هەموو ئەو پارچە شوێنەوارە عێراقییانە كەوت. دوای چەند سەردانێك و بینینێك، دواجار پارچە شوێنەوارەكانی كڕی بە بەهای ملیۆنێك و 600 هەزار دۆلاری ئەمەریكی كە بەگوێرەی داتاكان چوار باری یەكەمی شوێنەوارەكە لە رێی كۆمپانیای فیدیكس (FEDEX) بە ژمارە باركۆدی (728628096729 و 728628096751 و  728628096762 و 728628097173) بۆ كۆمپانیای هۆبی لۆبی گوازراونەتەوە.

دكتۆر عارف خەتار مامۆستای زانستیی تاوان لە زانكۆی كالیفۆرنیا دەڵێ، دۆسیەی هۆبی لۆبی تەنیا كڕینی شوێنەواری دزراو نەبووە، بەڵكو دەربازكردنیش بووە لە ئیمارات بە باڕكۆدی ساختە كە ئەوانەی كۆمەڵێك پارچە سیرامیكی توركین، ئەمەش وای كرد حكوومەتی ئەمەریكا داوا لە عێراق بكات هەوڵی گەڕاندنەوەی پارچە شوێنەوارە دزراوەكانی بدات كە ژمارەیان هەزار و 500 تابلۆی بزماری و 500 پارچە بەردن كە نووسینی بزمارییان لەسەر هەڵكۆڵراوە، لەگەڵ سێ هەزار پارچە شوێنەواری تری دروستكراو لە قوڕ و 35 مۆری قوڕ و 13 تابلۆی بزماریی گەورە و 500 مۆری ستوونی قوڕی.

لە 2003 ەوە تا ئێستە دزینی شوێنەواری عێراقی بەردەوامی هەیە
لە دوای جەنگی ئازادیی عێراق لە 2003وە تا ئێستە، دزینی شوێنەواری عێراقی بەردەوامی هەیە، بەو واتایەی شوێنەواری عێراقی رووبەڕووی گەورەترین هەڕەشەی لەناوچوون بووەتەوە.

دیارترین پارچە شوێنەوار كە دزراوە، ساڵی 2015 بوو كە ئاهەنگی گەیشتنی بە ئیسرائیل بۆ ئەنجام درا، ئەویش ئەو نووسراوە كۆنەی عێراقی بوو كە لەسەر پێستی ئاسك نووسراوە.

حەسەن منیمنە دەڵێ كاتێك ئەمەریكا هاتە عێراق، ئەو نووسراوە لە یەكێك لە بنكەكانی ئاسایش لە بەغدا بینراوە، لەگەڵ چەند پارچە شوێنەوارێكی تر ژێرئاو كەوتن. دواتر بە فەرمی ئەمەریكا گواستییەوە بۆ واشنتن بە مەبەستی چاككردنەوە و پاراستنی، كەچی ساڵی 2015 ئیسرائیل ئاهەنگی گەیشتنی ئەو پارچە شوێنەوارەی گێڕا.

هاوكات لەمیا گەیلانی زانای شوێنەواری عێراقی دەڵێ، مۆزەخانەی نیشتمانی عێراقی لە دوای 2003وە زیاتر لە 200 هەزار پارچە شوێنەواری لێ دزراوە.

لەمیا كە ئێستە راوێژكارە لە مۆزەخانەی بەریتانیا دەڵێ، بەگوێرەی زانیارییەكان ئەوانەی چوونە ناو ژێرزەوینی مۆزەخانەی نیشتمانی عێراقی، ژمارەیان هەشت كەس بوو كە پێنج هەزار مۆری سۆمەرییان لەوێ دزیوە.

عێراق داوای گەڕانەوەیان دەكات
بەگوێرەی بەیاننامەی وەزارەتی رۆشنبیریی عێراقی كە لە مانگی تەمووزی رابردوو دەرچووە، دەڵێ پۆلیسی ئینتەرپوولی نێودەوڵەتی و وەزارەتی رۆشنبیری و شوێنەواری عێراقی، لە بەدواداچوونی بەردەوامدان. هەروەها نوێنەری عێراق لە یونسكۆ ئەو پرسەی لەگەڵ هاوتا ئەمەریكییەكە كردووەتەوە و داوای گەڕاندنەوەی شوێنەوارە دزراوەكانی عێراقی كردووە.

لە بەیاننامەكەدا وەزارەتی رۆشنبیری گەشبینە بەوەی لە ماوەیەكی نزیكدا ئەو دۆسیەیە یەكلا دەبێتەوە.

هاوكات محنای پەرلەمانتاری عێراقی دەڵێ، پەرلەمانی عێراق دۆسیەیەكی سكاڵای پشتبەستوو بە بەڵگە ئامادە كردووە تا بیدات بە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەیەكی بەرفراوانی ئەوانەی بازرگانی بە شوێنەوارە دزراوەكانی عێراق دەكەن.


سەرچاوە/ عەرەبی جەدید

 



وشە - فه‌رمان سادق