سوننە هەوڵی بایكۆتی هەڵبژاردنی عێراق دەدەن
شیعەكان دەستیان بەسەر ناوچەكانمان گرتووە و دەنگ بۆ خۆیان دەبەن

:: PM:02:22:22/01/2018 ‌

خەڵكی عێراق تووشی ڕەشبینی و بێئومێدییەكی زۆر بوون لە چینە جیاجیاكانەوە، ئەوان بە تەواوی گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی هەڵبژاردنی پەرلەمان هیچ شتێك لە واقیعی ژیانی ئەوان ناگۆڕێ، بۆیە گوتاری سوننەكانی عێراق تا ڕادەیەك لە خواستی خەڵكەكەی نزیك بووەوە و بە توندی داوای دواخستنی هەڵبژاردنیان دەكرد، بەڵام شیعەكان ڕەتیان كردەوە و بژاردەی ئەوان سەركەوت، بۆیە مەترسی بایكۆتی سوننەكان هاوشێوەی ساڵی 2005 لە هەڵبژاردن هەیە.

هەرچەندە فراكسیۆنەكانی سوننە و بەشێك لە كورد داوای دواخستنی هەڵبژاردنیان كرد و هەڕەشەی بایكۆتكردنیان كرد، ئەگەر هەڵبژاردن لەوكاتە بێتە ئەنجامدان، بەڵام داگای باڵای فیدراڵی عێراق گرفتەكانی بەلایەكەوە نا و لە بەرژەوەندیی شیعەكان بڕیاری یەكلاكەرەوەی دا، كە بە هیچ شێوەیەك ناكرێ هەڵبژاردن دوا بخرێ و پێویستە لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت.

دادگای فیدراڵی لە ڕاگەیەنراوێكدا دووپاتی كردەوە، بە پشتبەستن بە مادەی 56 بڕگەی دوو لە دەستووری عێراق، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران ناتوانرێ گۆڕانكاری تێدا بكرێ، بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی سیاسییەكانی سوننە بەرەو چارەنووسێكی نادیار دەبات، ئەوان دڵنیان و ترسی زۆریان هەیە لە ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردن گەورەترین زیان دەكەن، چونكە بوونی حەشد لە ناوچەكانیان وا دەكات خەڵكی ناوچەكان ناچار بكرێن دەنگ بەو حزبانە بدەن كە میلیشیاكان بەسەر خەڵكی دەسەپێنن، چونكە ئەوان لەمیانەی شەڕی داعش زیانی گەورەیان لە ژێرخانی ناوچەكانی سوننە دا و دەیان كۆمەڵكوژی و مزگەوت و كەسایەتییان ڕفاند و وێران كرد.

ڕۆژنامەی "العرب"ی لەندەنی نووسیویەتی، بەشێك لە سوننەكان لەگەڵ لیستەكانی حەشدی شەعبی ڕێككەوتوون و هاوئاهەنگییان هەیە، جیا لەوەیش شیعەكان چەند حزبێكی نوێی سوننەیان دروست كردووە، كە سەر بەخۆیانن و دەیانەوێ لە ناوچەكان دەنگی زۆرینە بەدەست بهێنن، لە كۆتادا دەنگدان بەو حزبانە بۆ بەرژەوەندیی ئەوان دەبێت.

لە ئەنبار و نەینەوا كە دوو گەورەترین پارێزگای سوننەنشینن لە عێراق، پرۆسەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران زۆر لەسەرخۆیە و هەوڵی زۆریش هەیە لەلایەن حزبەكانەوە كارتەكانی دەنگدەران بكڕنەوە و دواتر خۆیان بۆ دەنگدان بەكاری بهێنن.

ئەحمەد جبووری نوێنەری مووسڵ لە پەرلەمانی عێراق گوتی، تا ئێستە هیچ بارەگایەك نەكراوەتەوە، بۆ ئەوەی تۆماری دەنگدەرانی لێ نوێ بكرێتەوە، پێ ناچێ كۆمسیۆن بتوانێ تۆماری دەنگدەرانیش لە ناوچە وێرانكراوەكان نوێ بكاتەوە، ئەمەیش وا دەكات نزیكەی ملیۆنێك و 100 هەزار دەنگدەر له مافی دەنگدان بێبەش بكرێن.

سەرچاوەكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئاشكرایان كرد، دانیشتووانی پارێزگا گەورەكان نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانیان قورسە، ئەوانەیشی لە ناوچەكانی سوننەنشین ئەنجام دراوە، خەڵكێكی زۆر كەم بەدەم نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران هاتوون، ئەمەیش بەهۆی ڕەشبینی و بێئومێدیانە لەوەی بەشدارییان لە هەڵبژاردن هیچ لە ژیانی ئەوان ناگۆڕێ.

بەگوێرەی زانیارییەكانی ڕۆژنامەكە، لە پارێزگای ئەنبار تا ئێستە تەنیا 5%ی دەنگدەران سەردانی ناوەندەكانی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانیان كردووە، ئەمەیش كەمترین ڕێژەی سەردانی هاووڵاتییانە بۆ نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران و وەرگرتنی كارتی بایۆمەتری.

ئەحمەد جبووری لەوبارەوە دەڵێ، هێزەكانی سوننە كۆمەڵێك بژاردەیان لە بەردەستە، لە ناویاندا بایكۆتی هەڵبژاردن یەكێكە لە ئەگەرە كراوەكان و هەركات پێویست بكات هانای بۆ دەبەین.

سەركردەیەكی شیعەی نزیك لە نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاشكرای كرد، سوننەكان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نین، بەڵكو دەیانەوێ كۆمەڵێك بەڵێنیان لەلایەن عەبادییەوە پێ بدرێ، چونكە ئەوان دەترسن لیستەكانی نزیك لە حەشدی شەعبی لە ناوچەكانی خۆیان دەنگی تەواو بهێنن و ئەوان بە تەواوی پەراوێز بخرێن.

چاودێرانی سیاسی لە عێراق دووپات لەوە دەكەنەوە، ڕێككەوتنی گەورەی ژێر بەژێر لە نێوان لیستەكانی شیعە و حەشدی شەعبی لەلایەكەوە، حەشدی شەعبی و سوننەكانی نزیك لە شیعە لەلایەكی ترەوە بوونیان هەیە، بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی سوننە لە حكوومەت و دەسەڵاتی عێراق بە تەواوی كەم بكەنەوە.

شیعەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، دۆخی پێشتر كۆتای هاتووە و ئەوان پێڕەوی حوكمی زۆرینە دەكەن و بە هەموو شێوەیەك دژی بەش بەشێنە و سازان دەوەستنەوە، جیالەوەیش كار بۆ ئەوە دەكەن كە حوكم و دەسەڵاتێكی سیمبۆلی لە دەست ناوچە سوننییەكان بوونی هەیە و راستییەكەی دەسەڵاتی ئەو ناوچانە لە ژێر دەستی شیعە بێ، چونكە ئێستە حەشدی شەعبی هێزێكی تۆكمەیە و بڕبڕەی پشتی دەسەڵاتە لە عێراق و ئەوان دەتوانن هەرشتێك پێویست بكات ئەنجامی بدەن.

ئەمڕۆ شەموو پەرلەمانی عێراق بە كۆی دەنگی پەرلەمانتارانی ئامادەبووی دانیشتنەكە بڕیاری دا، وادەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە 12 ئایار/مایۆی ئەمساڵ بێتە ئەنجامدان.


وشە - باز ئه‌حمه‌د