دوا زانیاری لەسەر ژنە كوژراوەكەی كۆیە

:: PM:03:25:22/01/2018 ‌
ئەو ژنەی دوێنی لە نێوان گوندی شاخە پیسكە و گۆمەشین لە ڕێی هەولێر – كۆیە دۆزرایەوە، تا ئێستە ناسنامەكەی ئاشكرا نەكراوە، پۆلیس چاوەڕوانی ئاشكرابوونی ناسنامەكەی دەكات و تەرمەكەیش لە پزیشكی دادوەری شاری هەولێرە.

دوێنی یەكشەم 21ی كانوونی دووەم، تەرمی ژنێك كە بەگوێرەی لێدوانی پۆلیس، تەمەنی لە نێوان 19 بۆ 20 ساڵان دەبێت، لە نێوان دوو گوندی سەر بە شارۆكەی كۆیە دۆزرایەوە، بڵاوبوونەوەی وێنەی تەرمەكە كە پێ دەچێ‌ لە شاخێكەوە خرابێتە خوارەوە كاردانەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا لێ‌ كەوتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 22ی كانوونی دووەم، سەرچاوەیەك لە پۆلیسی كۆیە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، تا ئێستە لێكۆڵینەوەكان لە كوژرانی ئەو ژنە تەواو نەبووە، بەڵام پۆلیس چاوەڕێ‌ دەكات بۆ ئەوەی ناسنامەكەی ئاشكرا بكرێت و كەسێك وەك خاوەنی دەربكەوێت.

هاوكات شۆڕش كاكە بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆیە بۆ "وشە" دووپاتی لەسەر ئەوە كردەوە كە تا ئێستە ناسنامەی ژنە كوژراوەكە ئاشكرا نەبووە، بۆیە نازانین خەڵكی كوێیە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆیە ڕای گەیاند، ئێستە تەرمی كوژراوەكە لە پەیمانگەی پزیشكی دادوەری هەولێرە و تا كەسێك نەبێت خاوەنی و بە پێی بەڵگەكان ئەوە تەرمەكەی لەوێ‌ دەمێنێتەوە.

دوێنی لەكاتی دۆزینەوەی تەرمەكەدا پۆلیس ڕای گەیاند، ئەو ژنەی كوژراوە ئاسەواری چوار فیشەك بە جەستەوەیەتی و لە ڕێگی ژمارەیەكی نەناسراویش پۆلیس لە بوونی ئەو تەرمە ئاگەدار كرابووەوە.

 





وشە - سه‌رخێڵ هاشم