ئه‌و قوتابییانه‌ی به پاس هاتوچۆ ده‌كه‌ن، هه‌موویان هۆی تایبه‌تیان هه‌یه، به ده‌گمه‌ن هۆكاره‌كانیان ئه‌وه بێت كه قوتابخانه‌كه‌یان له ماڵیانه‌وه دووره، به گشتی كچان به مه‌به‌ستی خۆپاراستن له ڕه‌خنه و توانجی كوڕی چاوگێڕ له به‌رده‌م قوتابخانه و كۆڵانی ماڵه‌كانیان به پاس هاتوچۆ ده‌كه‌ن. به‌ڵام وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن، هاتوچۆكردنیان به پاسی قوتابخانه، بیانوویه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی دڵی ماڵه‌وه‌یان خۆش بكه‌ن له سه‌لامه‌تی چوونیان بۆ قوتابخانه، ئه‌گه‌رنا هه‌ندێك كێشه له‌ناو پاسه‌كان ڕوو ده‌ده‌ن زۆر مه‌ترسیدارترن له‌وانه‌ی ده‌ره‌وه و ناشوێرن لای ماڵه‌وه‌یان باسی بكه‌ن.
"دڵسۆز" قوتابیی پۆلی 12ی ئاماده‌یییه، یه‌كێكه له‌وانه‌ی له خوێندنگه‌یه‌كی حكوومی ده‌خوێنێت و به پاسی تایبه‌تی قوتابخانه‌كه‌یان هاتوچۆ ده‌كات، به"وشه"ی گوت: "من له ترسی سه‌رما و توانجی كوڕ بۆ ڕێی قوتابخانه‌كه‌م پاسم گرتووه، به‌ڵام توانجی شۆفێری پاسه‌كه‌مان خراپتره، هه‌روه‌ها له كاتی لێخوڕینی پاسه‌كه هه‌موو په‌نجه‌ره‌كان ده‌كاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بۆنی جگه‌ره‌كه‌ی بڕواته ده‌ره‌وه".
له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و چینه‌ی له قوتابخانه‌ن به گشتی ته‌مه‌نیان به‌شی تێگه‌یشتنی ته‌واو له دنیا نه‌كات، بۆیه زوو له‌گه‌ڵ شۆفێره‌كان ده‌بنه هاوڕێ، له‌یه‌كتر نزیك ده‌بنه‌وه و هه‌ندێك جاریش پێوه‌ندییه‌كه‌یان به‌ره‌و خۆشه‌ویستی ده‌ڕوات. له‌و باره‌یه‌شه‌وه "سازان" كه له‌گه‌ڵ شۆفێرێكی قوتابخانه‌كه‌یان هاتوچۆی ده‌كرد بۆ "وشه" ورده‌كارییه‌كه‌ی دركاند: "شۆفێره‌كه‌م سه‌ره‌تا به ئاقڵترین كچ ناوی ده‌هێنام له‌ناو پاسه‌كه‌دا، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش داوای لێ كردم له كورسی پێشه‌وه له ته‌نیشتی دانیشم تا ئه‌وانی تر بێزارم نه‌كه‌ن، به‌ڵام دواتر ده‌ركه‌وت مه‌به‌سته‌كانی چی بوون و داوای ژماره‌ی مۆبایل و شتی بێمانای لێ كردم، بۆیه وازم لێهێنا و ئێسته به تاكسی هاتوچۆ ده‌كه‌م، هه‌رچه‌نده كرێكه‌ی دوو ئه‌وه‌نده‌یه".
خێزان زۆر به كه‌می ئاگه‌داری ئه‌م بارودۆخه مه‌ترسیدارانه‌ن، له‌به‌رئه‌وه به‌وپه‌ڕی متمانه‌وه كچه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌و شۆفێرانه به‌ره‌و قوتابخانه ده‌نێرن، نازانن هه‌ندێك له شۆفێره‌كان به چ خێرایییه‌ك پاسه‌كانیان لێ ده‌خوڕن، ده‌نگی گۆرانییه داواكراوه‌كانیان به‌رز ده‌كه‌نه‌وه و به‌رده‌وام جگه‌ره له پێش چاویان ده‌كێشن، كاتێك باسی هه‌ندێك له‌و كێشانه‌مان بۆ "دایكی به‌هره" كرد، تووشی سه‌رسوڕمان بوو. به‌ڵام گوتی: "سه‌رده‌مه‌كه‌مان وای لێ هاتووه كه نابێ متمانه به هیچ كه‌سێك بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بزانین هیچ ئاوڕێك له‌م بابه‌ته نادرێته‌وه و شۆفێره‌كان متمانه‌یان ناگه‌ڕێننه‌وه، ئه‌وا ناچارم هه‌موو به‌یانییه‌ك خۆم له‌گه‌ڵ كچه‌كه‌م بڕۆمه قوتابخانه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ شۆفێره‌كه‌ی تووشی هه‌ڵه نه‌بێت".
له به‌رانبه‌ردا به‌رپرسێكى هاتوچۆى هه‌ولێر ئاشكراى ده‌كات كه له ساڵى ڕابردوو چه‌ند ڕووداوێكى هاتوچۆى پاسه‌كان هه‌بووه و هه‌ر سه‌رپێچییه‌ك بكه‌ن، بێگومان سزا ده‌درێن به‌تایبه‌تى له لێخوڕینى خێرادا.
ڕائید فازڵ حاجى حوسێن به‌ڕێوه‌به‌رى ڕاگه‌یاندنى هاتوچۆى هه‌ولێر، بۆ "وشه" دڵنیایی ده‌دات كه "جیاوازى ناكرێت له سزادانی سه‌رپێچیكار به تایبه‌تى له لێخوڕینى خێرایى كه سه‌رجه‌م ئۆتۆمبێلى سه‌رپێچیكار ده‌بێت سزا بدرێت".
به‌ڕێوه‌به‌رى ڕاگه‌یاندنى هاتوچۆى هه‌ولێر له‌سه‌ر ڕووداوى پێكدادانى پاسه‌كان گوتى، "پارساڵ پاسێك له نزیك مزگه‌وتى ئاڵتوون تووشى ڕووداوى هاتوچۆ بوو، له ناو شاریش له ڕووداوێكى پاس و هه‌ڵه‌ى دایكێك منداڵێك گیانى له ده‌ست دا".
دكتۆر چێوار عه‌زیز توێژه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى، ئه‌وه روون ده‌كاته‌وه كه ده‌نگه ده‌نگ و خێرا لێخوڕینى پاس و مینى پاس له‌ناو گه‌ڕه‌كه‌كانى شارى هه‌ولێر خه‌ریكه له حاڵه‌ته‌وه و ده‌بێت به دیارده، بۆیه پێویسته پێشى پێ بگیرێت. ئه‌و توێژه‌ره بۆ "وشه" ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، "هه‌رچى شوفێرى پاسه‌كانه گه‌نجن و ته‌مه‌نیان له نێوان 20 بۆ 25 ساڵدایه، بۆیه پێویسته له په‌روه‌رده‌كان و هاتوچۆ ڕێیه‌كى دروست بگیرێته‌به‌ر بۆ چاككردنى دۆخى شوفێرانى گواستنه‌وه‌ى قوتابییان".
ڕه‌حمان قاسم شوفێرێكى پاسێكى 31 نه‌فه‌رییه و نیگه‌رانه له‌و دۆخه، ئه‌و ده‌ڵێت، "مه‌رج نییه هه‌موو شوفێران به‌و شێوه‌یه هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن، به تایبه‌تى شوفێرى كۆمپانیاكانى گواستنه‌وه و گه‌یاندنى تایبه‌ت، ئه‌وان پێوه‌ست كراون بۆ كۆمه‌ڵێك مه‌رجى بنه‌ڕه‌تى له گرێبه‌ستى ساڵانه‌یان كه نوێ ده‌كرێته‌وه".
ئه‌و شوفێره بۆ "وشه" باسی له‌وه كرد، "ئه‌و پاس و مینى پاسانه‌ى ئێسته بوونه‌ته هۆى بێزارى قوتابیان و خه‌ڵكیش، بێگومان شوفێرى ده‌ره‌وه‌ى كۆمپانیاكانن و هیچ پێشینه‌یه‌كیان نییه له‌سه‌ر سه‌لامه‌تیى سه‌رنشین و به‌رپرسیاریه‌تى".
وشه/هه‌ولێر- ڕێناس شابان – رامیار جه‌واد