كوردستان پێویستی بە خەباتی مەدەنی و فەرهەنگییە بۆ ئەوەی دۆخی ژنان باشتر بكات

:: PM:12:18:11/10/2016 ‌
راپۆرتی ساڵانەی جیهانی بۆ دۆخی یەكسانی نێوان ژن و پیاو لە ساڵی 2015دا، ناوی ئەو وڵاتانە ریزبەند كراوە كە دۆخی ژنانی تێدا باشە و لەگەڵ پیاوان بە یەكسانی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت. 

نمرەكانی راپۆرتەكە بۆ یەكسانی دانراوە لە نێوان هەردوو رەگەز، بریتییە لە بەشداریی ئابووری و سیاسی و زانستی و تەندروستی. 

هەندێك پلەبەندی لاوەكیش دانراوە بۆ نمرەبەندی راپۆرتەكە كە دۆخی ژنانیان پێ روون كردووەتەوە لەو وڵاتانەدا، ئەوانیش بەشداریكردنی ژنانە لە ئابووریی دەوڵەت و دەرفەتی كار و ئەنجامی زانستی و تەندروستی و خۆشگوزەرانییە، لەگەڵ نوێنەرایەتی سیاسیی ژنان. 

145 دەوڵەت لە ناو ئەم پلەبەندییەدا دانراوە، كە كەمتر لە 12 نیشاندەری لاوەكییان داناوە بۆ جیاوازی نێوان هەردوو رەگەزەكە. 

ئەو نیشاندەرانە بۆ یەكەم جار لە ساڵی 2006 دانراون لەلایەن كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی بۆ جیاوازی رەگەزی، لەگەڵ دەركردنی راپۆرتی ساڵانە لە ژێر چاودێری و هاوبەشی پەیمانگەی یونسكۆ بۆ ئامار و دامەزراوەی هاوكاری و گەشەپێدانی ئابووریی نێودەوڵەتی. 

لە كۆی 145 دەوڵەت، 96 لە سەدی جیاوازی رەگەزی هەیە لە بواری تەندروستی، 95 لە سەدی جیاوازی هەیە لە بواری ئەنجامی زانستی، 59 لە سەد جیاوازی ئابووری دەكەن و 23 لە سەد لە بواری سیاسی جیاوازی دەكەن، ئایسلەندە لە یەكەمە و یەمەن كۆتایە. 



دەوڵەتانی ئەسكەندەنافی لە ریزبەندی یەكەمی لیستەكەدان، ئێرلەندە لە پێنجەمی لیستەكەدایە، رواندا و فلیپین و نیوزلەندە دەوڵەتانی دەرەوەی ئەوروپان و لە 10 یەكەمەكەی دنیادان. 

دەوڵەتانی عەرەبی، یەمەن لە كۆتای لیستەكەدایە و پاكستان و سووریا و چاد و ئێران و ئەردەن لە 10 دەوڵەتی كۆتای لیستەكەدان. 

بێ ئەوەی روونكردنەوەیەك هەبێت لەناو ریزبەندییە جیهانییەكەدا، عێراق ناوی نەهاتووە، نازانرێ ئایا دۆخی ژنانی عێراق چۆنە، لەو نێوەندەشدا ژنانی كوردستان كە تا ئێستە لەسەر وڵاتی عێراق ئەژمار دەكرێت، روونكردنەوەی جیهانی لەسەر پلەبەندی ئەوان نییە. 

پەخشان زەنگەنە، لێپرسراوی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو ئامارەی بڵاو كراوەتەوە لە (یوئێن)، ئەوە پێوەندیی بە دەوڵەتان هەیە، وەك خۆمان پێوەندیی توندوتۆڵمان هەیە لەگەڵ یوئێن، لە راستیدا ئەوە ئاماری هەموو وڵاتان نییە، عێراق ماوەیەكی زۆرە لە دەستنیشانكردنی ئەو ئامارانەدا چالاك نییە و ئێمە بەشێكین لە عێراق بۆیە ئامارەكانمان بڵاو ناكرێتەوە، ئێمە خۆمان ئامارمان هەیە لەبارەی جیاكاری رەگەزی لە كوردستان، ئامار وەردەگرین و بڵاوی دەكەینەوە، وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامارەكان بڵاو دەكاتەوە. 

زیاتر گوتی، لە دنیادا بەو وڵاتانەی كە پێشكەوتوون لە رووی سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی و یاسایی و جێبەجێكردنی یاسا، هێشتا جیاكاری رەگەزی هەیە، بۆ نموونە لە وەرگرتنی كاردا، ژن غەدر لێكراوە، لە كوردستان ئەو لایەنە بە زەقی نابینرێت، ئەوەی پێوەندی بە كاری حكوومییەوە هەیە بە یاسا رێك خراوە، بە پلەی باشترین دادەنرێت. 

بەڵام لە بواری یاسادا جیاكاری هەیە، یاسا هەیە باش هەموار كراوە، بەڵام لە جێبەجێكردندا باش نییە، بۆ نموونە "تەڵاق" جیابوونەوە.

روونی كردەوە، ئێمە خەباتمان كرد بۆ ئەوەی بەیاسایی كۆتا بهێنین، خۆشبەختانە لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان 30 لە سەد زیاتر ژنان دەردەچن، بەڵام لە سەركردایەتیی حزبەكان و ئەنجوومەنی وەزیران ژنان غەدر لێكراون، لەم هەفتەیە كۆنگرەی پیشەسازی هەبوو لە هەولێر، تەماشا دەكەیت ریزی یەكەم و دووەم لە كۆی ئەو ژمارە زۆرە پیاوەی دانیشتوون، تەنیا دوو ژن لەوێ دانیشتوون، ئەنجوومەنی وەزیران تەنیا یەك ژن وەزیری تێدایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بەراورد بە عێراق لە زۆر رووەوە باشترین. 



بەشداری سیاسیی ژنان لە كۆمەڵگە مۆدێرنەكاندا، بە كەیسێكی گەشەپێدانی سەرەكی دادەنرێت، كاتێك ژن لە سیاسەت بەشداری دەكات، ئیتر لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت و كاروباری گشتی و یاسایی جێگەی دەستی دیار دەبێت، بۆیە لەسەر ئاستی دنیا گرنگی بە بابەتی جیاوازی رەگەزی دەدرێت. 

چاودێرانی مافەكانی ژنان لە كوردستان دەڵێن، حكوومەت هەنگاوی باشی ناوە بۆ ئەوەی ژن دۆخی باشتر ببێت و بەشدارییان لە كۆمەڵگەدا زیاتر ببێت، ژیانی خۆیان و وڵاتەكەش بەرەو باشتر ببەن، بەڵام رێگری سەرەكی ئەوەیە ئەم پرسانە پرسێكی فەرمی نییە بە تەنیا بە نووسراوی كارگێڕی چارەسەریان بكەیت، پرسێكی فەرهەنگی و كولتوورییە دەبێت بە ساڵانێكی زۆر و دەست و پەنجە نەرمكردن لەگەڵیاندا دۆخی ژنان باشتر بكرێت. 

سەرئەنجام دەبێت دابینكردنی مافەكانی ژن داكۆكیكردنە لە مافەكانی مرۆڤ، مافی مرۆڤیش پێوەری سەرەكییە بۆ ئەوەی وڵاتێك سەروەری یاسا و دیموكراسی مسۆگەر بكات و دەوڵەتان و رێكخراوە جیهانییەكان بە ئەرێنی لێی بڕوانن. 

پەرلەمانی كوردستان لە كۆی 111 پەرلەمانتار، 35  پەرلەمانتاری لە رەگەزی مێیە. 

كابینەی ئێستەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆی 23 كەس لە سەرۆك و جێگر و وەزیرەكان، تەنیا یەك ژن پلەی وەزیری هەیە بەناوی (نەورۆز مەولوود حەمەئەمین) وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارە، ئەگەر پێڕەوی یاسا 30% بكرایە، دەبوو بەلانی كەم شەش وەزیر لە حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هەبووایەن. 

لە كۆی 10 دەزگە و فەرمانگەی سەربە ئەنجوومەنی وەزیران، تەنیا یەك ژن لێپرسراوی فەرمانگەیە كە تایبەتە بە كاروباری خانمان خۆیانەوە، بەناوی (پەخشان عەبدوڵا زەنگەنە) لێپرسراوی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان، بەپێی یاسا 30% دەبوو سێ پۆست لەو پۆستانە بە ژنان بدرانایە. 

لەبەر ئەوەی كەرتەكانی تری دەرەوەی حكوومەت (كەرتی تایبەت) ئامارێكی وردیان نییە، چاودێرییەكی راستەخۆ لە كاروبارەكانیان ناكرێت، بە گوتەی پەخشان زەنگەنە، نازانرێت دۆخی ژنان لە ناو كەرتی تایبەتدا چۆنە. 

وشە/ رێبین محەمەد


وشە - ڕێبین محه‌مه‌د