بۆردمانی مووسڵ بەردەوامە و 27 تیرۆریست كوژران

:: PM:01:06:11/10/2016 ‌
سەرچاوە تەناهییەكان ئەمڕۆ سێشەم ئاشكرایان كرد، بەهۆی بۆردمانی چڕی بەردەوامی فڕۆكەكانی هاوپەیمانان بۆ سەر بنكەكانی تیرۆریستان لە مووسڵ، 27 تیرۆریستی داعش كوژراون.

سەرچاوەكان ئاشكرایان كرد، فڕۆكەكانی هاوپەیمانان  بۆردمانی بارەگاكانی دیوانی "حسبە"ی (پۆلیسی ناوخۆیی) سەر بە رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە ناوچەی فەیسەلیەی نزیك زانكۆی حەدبا، لە ناوچەی دەواسە و گەڕەكی نرگال و ناوچەی مووسڵی جەدید و گەڕەكی بەعس كرد.

ئاماژەی دا، دیوانی تەناهیی داعشیش لە نزیك ناوچەی "قبر البنت" رۆژئاوای مووسڵ بۆردمان كراوە.

لەبارەی زیانی تیرۆریستان ئەو سەرچاوەیە ڕای گەیاندووە، 27 تیرۆریست كوژراون و 14ی تریش بریندار بوون لە ئەنجامی ئەو بۆردمانانەی ئەمڕۆ كراوەتە سەر تیرۆریستان لە نێو مووسڵەوە.

هاووڵاتییان لە نێو مووسڵەوە دەڵێن، جۆرێك لە ترس و دڵەڕاوكێی زۆر لە نێو چەكدارانی داعش بڵاو بووەتەوە و زۆرێكیشیان بارەگاكانی داعشیان بەجێ هێشتووە و لە خانووەكانی تر خۆیان حەشار داوە لە ترسی هێرشی فڕۆكەكان.

شاری مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و لە 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 بەهۆی ڕاكردنی چوار فیرقەی سەربازی سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆیی، مووسڵ كەوتە دەست تیرۆریستان و تا ئێستەش لە ژێر دەستی تیرۆریستاندایە و بە پایتەختی داعش لە عێراق ناو دەبرێت.

مووسڵ ژمارەی دانیشتووانی بەر لە هاتنی تیرۆریستان، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس بووە و لەكاتی كەوتنی شارەكە نزیكەی 500 هەزار هاووڵاتی شارەكە هەڵاتن و ئاوارەی كوردستان بوون، پێشبینی دەكرێ لەكاتی دەست پێكردنی هەڵمەتی رزگاركردنەوەشی 750 هەزار هاووڵاتیی تر ئاوارەی هەرێمی كوردستان بن.

لە ڕووی سیاسییەوە جەنگی مووسڵ گرنگی زۆری هەیە و زۆرێك لە پێكهاتەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە پێویستە رێككەوتنی سیاسی بەر لە دەستپێكی شەڕەكە ئەنجام بدرێ، بۆ گەرەنتیكردنی داهاتووی شارەكە و پاراستنی پێكهاتە جیاوازەكانی نیشتەجێی ناوچە جیاجیاكانی مووسڵ.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرپەرشتی ئەمەریكا كە لە 62 وڵات پێك دێت و هێزی پێشمەرگە و حەشدی نیشتمانی و سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵی و هێزە تایبەتەكانی تری عێراق بەشداری شەڕی ڕزگاركردنەوەی شارەكە دەكەن.

وشە/شەفەق نیوز، و:باز ئەحمەد.


وشە - باز ئه‌حمه‌د