چوارەم خولە خۆی هەڵدەبژێرێت
مێركڵ خۆی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ئامادە دەكات

:: PM:02:14:20/11/2016 ‌

بڕیارە راوێژكاری ئەڵمانیا ئەنجێلا مێركڵ بۆ چوارەم خول جارێكی تر خۆی بۆ هەڵبژاردنی راوێژكاری نوێی ئەڵمانیا هەڵبژێرێتەوە، سەركردەكانی حزبەكەی دەڵێن ئەمە یەكلا بووەتەوە و مێركڵ خۆی هەڵدەبژێرێتەوە،  جەماوەری ئەڵمانیاش پشتیوانی لە مێركڵ دەكەن و ئەنجامی راپرسییەكانیش ئاماژە بەوە دەكەن، كە مێركڵ بێ هیچ دوودڵییەك لە هەڵبژاردن سەركەوتن بە دەست دەهێنێت و دەیباتەوە.

ئەنجێلا مێركڵ ماوەی 11 ساڵە راوێژكاری باڵای ئەڵمانیایە و بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەم دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سەركردەكانی حزبەكەی "یەكێتیی مەسیحی دیموكراتی" بڕیاری خۆ كاندیدكردنەوەی بۆ خولێكی تری هەڵبژاردن بۆ پۆستی ڕاوێژكاری ئەڵمانیا ڕابگەیەنێت.

هەموو دەزگە ڕاگەیاندنەكان و تەنانەت پشتیوانەكانیشی لەو بڕوایەدا بوون مێركڵ جارێكی تر خۆی هەڵنابژێرێتەوە، چونكە ژمارەی پێوانەیی شكاندووە لە مانەوەی لە پۆستی راوێژكاری باڵای ئەڵمانیا.

ئیلمار برۆك ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا لە پارتی یەكێتیی مەسیحی دیموكرات كە ئەندامێكی باڵای سەركردایەتی حزبەكەیە گوتی، هەمووان ئێستە دەزانین كە مێركڵ خۆی هەڵدەبژێرێتەوە.

راپرسییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، كە مێركڵ تا ئێستەش پشتیوانییەكی زۆر گەورەی هەیە لە نێو خەڵكی ئەڵمانیا و بردنەوەی هەڵبژاردنەكان لەلایەن مێركڵەوە لای زۆرێك لە خەڵكی یەكلا بووەتەوە و بە بردنەوەی لە هەڵبژاردنی ئەمجارە ئەنجێلا مێركڵ بۆ چوارەم خول لە پۆستی راوێژكاری ئەڵمانیا دەمێنێتەوە.

ئەگەر مێركڵ لە هەڵبژاردنی ئەم جارە سەركەوتوو بێ، دەتوانێ پێش راوێژكاری پێشووی ئەڵمانیا كۆنراد ئادیناوەر بكەوێتەوە كە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی ماوەی 14 ساڵ راوێژكاری ئەڵمانیا بوو.

بڕیارە رۆژی 17 ئەیلوول/سێپتێمبەری ساڵی داهاتوو واتە 2017 هەڵبژاردن لە ئەڵمانیا بۆ دیاریكردنی راوێژكارێكی تر بۆ وڵاتەكەیان ئەنجام بدرێت.

مێركڵ لە ساڵی 1954 لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا لەدایك بووە و سەرۆكی حزبی یەكێتیی مەسیحی دیموكراتە كە خاوەنی زۆرترین كورسیی پەرلەمانی ئەڵمانیایە، رۆژی 22 تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری 2005 وەك هەشتەمین راوێژكاری ئەڵمانیا و یەكەم ئافرەت توانی ئەو پۆستە وەربگرێت و لە ساڵی 2011 وەك بەهێزترین ئافرەتی دنیا لەلایەن گۆڤاری فۆرێبسی ئەمەریكی دیاری كرا. بۆ ماوەی هەشت خول لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی حزبەكەی سەركەوتنی بەدەست هێناوە و وەك سەرۆكی حزب لە ساڵی 2000 تا 2016 بەردەوامە، 11 ساڵیشە وەك راوێژكاری باڵای ئەڵمانیا سەركردایەتی ئەڵمانیا دەكات.

سەرچاوە/ ئەلعەرەبییە، ویكپیدیا.


وشە - باز ئه‌حمه‌د