كەوتنەخوارەوەی فڕۆكە ئیسرائیلییەكە
هاوكێشە ستراتیژییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت؟



رووسیا گڵۆپی سەوزی بۆ رژێمی بەشار ئەسەد هەڵكرد تا فڕۆكە جەنگییە ئیسرائیلیەكە بخاتە خوارەوە، ئەمە دەستپێكی قسەی شیكەرەوەیەكی ستراتیژی رووسی بوو لەبارەی كەوتنە خوارەوە فڕۆكە ئیسرائیلییەكە، لەسەر ئەو پرسەیش شیكەرەوەیەكی ستراتیژی ئیسرائیلی و ئێرانیش هەمان بۆچوونیان هەیە.

فاچسیلاڤ ماتزوڤ، شیكەرەوەی  ستراتیژی رووسی دەڵێ، مۆسكۆ لە رێگەی پێكان و كەوتنە خوارەوەی فڕۆكە جەنگییە ئیسرائیلییەكە پەیامێكی بە سندووقێكی نامەبەر بۆ ئەمەریكا رەوانە كرد، كە چیتر لە سووریا یاساكانی یارییەكە وەك خۆیان نەماون و گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە، ئەمەیش دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو لە ئیدلب فڕۆكەیەكی سیخۆی25ی رووسی كەوتە خوارەوە.

 ئەو شیكەرەوە ستراتیژییە رووسییە نایشارێتەوە كە مۆسكۆ نیگەران بووە لەو هێرشەی فڕۆكە جەنگییە ئەمەریكییەكان بۆ سەر میلیشیاكانی سووری لە دێرزوور، كە چەند رۆژێك پێش ئێستە ئەنجام درا و بەهۆیەوە زیاتر لە 100 سەرباز كوژران، كە دەنگۆی نا پشتڕاستكراو هەیە لە نێو كوژراواندا سەربازی رووسیش هەبووبن.
زیاتر گوتی، "لە ساڵانی رابردوودا رووسیا گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل هەڵكرد بوو بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی و پێكانی ئامانجەكان، بەڵام بەهۆی گۆڕانكاری بەسەر هاوكێشەكاندا، ئەمجارە فڕۆكە ئیسرائیلییەكە بە چەكی رووسی لەلایەن سوپای سووریا پێكرا".

هاوكێشە نوێیەكان چین؟
پێدەچێ بە كەوتنەخوارەوەی فڕۆكە جەنگییە ئیسرائیلییەكە لە جۆری (ئێف 16)، هاوكێشە مێژووییەكان گۆڕانكارییان بەسەردا بێت، ئەمەیش بەرپرسانی ئێرانی و سووری دووپاتی دەكەنەوە. لە بەیاننامەكەی حزبوڵای لبنانی دوای رووداوەكە دەڵێ ئیتر لەمەولا هاوكێشەكان كەوتن.
 
حوسێن ریوران، شارەزای ئێرانی لە كاروباری هەرێمایەتی پشتڕاستی شیكەرەوە ستراتیژییە رووسەكە دەكا و دەڵێ، ئێران جەختی لەوە كردەوە كە رژێمی ئەسەد فڕۆكە ئیسرائیلییەكەی خستووەتە خوارەوە، ئەم پەیامەی سووریاش بێ هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێران نەبووە، بێگومان بۆ هەڵكردنی گڵۆپی سەوزیش نەبووە لەلایەن رووسیا.

"لە رێگەی ئەمەوە رووسیا ویستی گۆڕانكاری بەسەر لێكتێگەیشتنە كۆنەكان لە نێوان خۆی و ئیسرائیل بێنێت، ئەمەیش بەهێزترین نامە بوو بۆ سەپاندنی هاوكێشە و لێكتێگەیشتنە نوێیەكان كە لە داهاتوودا سیمای داڕشتنەوەی روونتر دەبنەوە". حوسێن وا دەڵێت.

 ئەوەیشی خستە ڕوو لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئیسرائیل هەوڵی داوە هەژموونی خۆی بەسەر سووریا بسەپێنێت، بە تایبەت لە ناوچەی باشووری ئەو وڵاتە، بەڵام بە خستنەخوارەوەی فڕۆكەكە كۆتایی بەو هاوكێشەیە هات، جگە لەمە ئێران پشتگیری لە رژێمی سووریا دەكات بۆ گۆڕینی هاوكێشەكە و بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل.


ئیتر پوتین بڕیار دەدات
چاودێرانی سیاسی ئیسرائیلی دەڵێن، دوای رووداوەكە بنیامین ناتنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بەپەلە پێوەندی بە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی رووسیا كردووە و داوای وەستاندنی بارگرژییەكەی كردووە.

حەنان میلەر، چاودێری سیاسی ئیسرائیلی دەڵێ، تەلئەبیب ئەوە باش دەزانێت كە هیچ شتێك لە سووریا بێ ئاگەداری رووسیای هاوپەیمانی روو نادات، ئەمەیش وای كرد ناتنیاهۆ بەپەلە پێوەندی بە پوتینەوە بكات، چونكە ئیسرائیل باش دەزانێت تەنیا پوتین لە سووریا خاوەنی بڕیاری ستراتیژییە.
میلەر ئەوە ناشارێتەوە كە ئیسرائیل كۆمەڵێك هێڵی سووری لە سووریا كێشاوە، بە تایبەت كشان و نزیكبوونەوەی میلیشیاكانی سووری سەر بە ئێران لە سنووری ئیسرائیل كە ئەمە مەترسییە گەورەكەیە لە دوو روو، یەكەمیان نزیكبوونەوەی ئەو هێزە مەترسی بۆ سەر باكوری ئیسرائیل دروست دەكات، هەروەها بوونی ئەو هێزە دەبێتە پردێك بۆ گواستنەوەی چەك و تفاق بە حزبوڵای لبنانی.
 
زیاتر گوتی، "خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئیسرائیلییەكە و ناردنی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئێران بۆ ئەو ناچانە تەنیا تاقیكردنەوەیەك بوو بۆ هەڵسەنگاندن و مەودای ئەو هێڵە سوورەی ئیسرائیل لەناو خاكی سووریا نەخشاندوویەتی، ئەم پرسە ناتنیاهۆ بە تەلەفۆن لەگەڵ پوتین باسی دەكات".

 هەر لەسەر ئەو پرسە ریاز كریشان، چاودێری سەربازی دەڵێ پرسی ئەو هێڵە سوورە پێش ئەوەی قسەی لەسەر بكەین، دەبێت وەڵامی ئەوەمان لابێت كە فڕۆكەكە بە چ موشەكێك كەوتووەتە خوارەوە.

روونی كردەوە، خستنەخوارەوەی فڕۆكەكە بە موشەكی (S200) رووداوێكی زۆر گەورە نییە، چونكە سوپای سووریا لەم جۆرە موشەكەی هەیە، بەڵام ئەگەر كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكە بە موشەكی (S300) یان (S400)ی پێشكەوتوو بێت، ئەوا دەبێت قسە لەسەر گۆڕانی هاوكێشە ستراتیژییەكە بكەین، چونكە سوپای سووریا لەم جۆرە موشەكەی نییە، بەڵكو ئێران هەیەتی و رووسیاش لە پشتەوەی پێدانی ئەو جۆرە تەكنۆلۆژیایەیە بە ئێران. 

بنەماكانی شەڕ
كریشان دەڵێ، گۆڕانكاری لە هاوكێشە ستراتیژییەكان لە ناوچەكەدا پێویستی بە كات هەیە، بۆیە ئەوەی رووی داوە گۆڕانە لە بنەماكانی شەڕ كە رووسیا و ئیسرائیل لەوە تێدەگەن.

 روونی كردەوە ناتنیاهۆ لە 2015ەوە تا ئێستە نۆ جار سەردانی مۆسكۆی كردووە، دەرئەنجامی سەردانەكانیشی بەدەستهێنانی سەربەستی جولەی فڕۆكە جەنگییەكانی بوو لەسەر ئاسمانی سووریا كە رووسیا رەزامەندی لەسەر نیشان دابوو.

ئەوەی ئەمجارە رووی دا، كە دواتر ناتنیاهۆ پێوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ پوتین ئەنجام دا، ئەوەمان بۆ روون دەكاتەوە كە لێكتێگەیشتنە نهێنییەكانی نێوان رووسیا و ئیسرائیل وەك خۆی جێبەجێ دەكرێت یان كۆتایی پێهاتووە؟.

بەڵام ئەو پرسیارەی لە داهاتوودا وەڵامەكەی وەردەگرینەوە ئەوەیە، ئایا ئێران هەژموونی خۆی بەسەر سووریاش دەسەپێنێ و باشووری ئەو وڵاتە وەك باشووری لبنانی لێ دەكات و دەیكات بە مۆڵگە و بارەگای سەربازی میلیشیاكانی سەر بە سوپای پاسداران؟، هەروەك چۆن ئێستە باشووری لبنان بووەتە پێگەی حزبوڵای سەر رێبەری باڵا و ئێران لەوێوە هەڕەشە لە ئیسرائیل دەكات.

سەرچاوە/ جەزیرە



وشە - فه‌رمان سادق


PM:05:45:11/02/2018




ئه‌م بابه‌ته 5431 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌