تەنگژەی دارایی خێزانەكان بەرەو هەڵدێر دەبات

:: PM:05:21:21/11/2016 ‌

لە دوو ساڵی رابردوودا زۆربەی حاڵەتەكانی جیابوونەوە و توندوتیژی خێزانی بەهۆی قەیرانی داراییەوە بووە, جێگری سەرۆكی لیژنەی داكۆكیكردن لە مافەكانی ئافرەتان لە پەرلەمانی كوردستان زۆریی ڕێژەی جیابوونەوەی خێزانی و توندوتیژی خێزانی بە مەترسی دەبینێت بۆ سەقامگیری كۆمەڵایەتی .

(س ,ح ) و (ن –ك) ئەو كچ و كوڕەن كە لە شاری هەولێر لە سەرەتای سالی 2013چوونە ناو پڕۆسەی هاوسەگیری و كوڕەكە كاری كرێكاری دەكرد و ماڵی خۆی جیا كردبوویەوە و دەیتوانی گوزەرانی خۆی دابین بكات و كرێی خانووش بدات. لە لێدوانێكیدا بۆ "وشە" ئەو باسی ژیانی خۆی کرد وگوتی "من لەگەل خێزانم هیچ كێشەیەكمان نەبوو ماڵی سەربەخۆم بۆی دانا، پێش ئەوەی كە قەیرانی دارایی دروست ببێت لە كۆمپانیایەك كرێكاریم دەكرد دواتر كرێی خانوو و خەرجی ماڵ و خێزانم پێ‌ دابین دەكرد لە ماوەی ساڵێك لەو كۆمپانیایە بووم كە تایبەت بوو بە كەلوپەلی خواردن. لە سەرەتای سالی 2015 دا كاتێک قەیرانی دارایی دروست بوو خاوەنی كۆمپانیاكە ژمارەی كارمەندەكانی كەم كردەوە و منیش یەكێك بووم لەوان كە بەڕێی كردم و گوتی چیتر كارم پێت نییە  و بۆیەش لەو ڕۆژە بە دواوە من بێ‌ ئیش مامەوە."
ئەو لە بەشێکی تری قسەکانیدا گێڕایەوە کە دوای لەدەستدانی کارەکەی دەستی بە کرێکاری بیناسازی کرد کە ئەویش رۆژ بەرۆژ کەمی کرد و وەستاکە لە جیاتی ئەو پێی باش بوو کوڕ  و خزم و کەسی خۆی بباتە سەرکار و دواجار ئەو کارەشی لەدەست دا.

ئەو دەڵێت "وای لێ‌هات نەمتوانی  مانگانە بە ڕێك و پێكی كرێی خانووەكەم بدەم, ناچار خاوەنی خانووەكە گۆتی دەبێ بۆم چۆل بكەی، منیش ناچار بووم بچمەوە لەگەل ماڵی باوكم بژیم كە شوێنێكی بچووكیان هەبوو, هەر لەوێشەوە كێشەكان دروست بوون.

هەروەک ئەو هاووڵاتییە باسی لێوەکرد خێزانەکەی هەموو ڕۆژێک گریاوە و گوتوویەتی چیتر بەرگەی ئەم ژیانە ناگرێت. هاوکات خزم و کەسەکانی هاوسەرەکەی بەردەوام دەستێوەردانیان لە ژیانی ئەودا کردووە و پێشیان گوتووە ئەگەر ناتوانی خێزان بەخێو بکەی بۆچی ژنت هێناوە.
ئەو دەڵێت "من بەو قسانە زۆر ئازارم دەچێشت  و دواتر كێشەكان لە قەبارەی خۆی زیاتر گەورە بوون تا ئەوەی بگاتە سكاڵا تۆمار كردن و دواجاریش بە جیابوونەوە کۆتایی پێهات."
ئەم هاووڵاتییە هۆکارەکە بۆ هەژاریی و بێدەرامەتی دەگەڕێنێتەوە و هەرگیز پێی وا نەبووە رۆژێکدا دێت لە هاوسەرەکەی جیا ببێتەوە.

كەژال هادی جێگری سەرۆكی لیژنەی داكۆكیكردن لە مافی ئافرەتان لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند  لە ئێستەدا زۆربەی حاڵەتەكانی توندوتیژی خێزانی كە زیادی كردووە بە پێی بەدواداچوونی ئەوان و بوونی ئامار وداتاكان بۆ هۆكاری ئابووری و قەیرانی دارایی دەگەڕێتەوە. ئەو دەڵێت "تەنانەت ڕێژەی تاوان و دیاردەی لەشفرۆشیش زیادی كردووە لەناو كۆمەلگەی ئێمەدا ."

بەگوتەی کەژال هادی پێویستە خێزان لەسەر بنەمای خۆشەویستی و هەستی بەرپرسیارییەتی و خۆڕاگری دروست ببێت و زۆربەی حاڵەتەکانی جیابوونەوە و توندوتیژییەكانیش لەناو ئەو خێزانانە بووە كە لە تەمەنێكی بچووكدا هاوسەرگیرییان كردووە ."


هاوکات ئاری ڕەفیق جێگر و یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند داتاكان دلخۆشكەر نین و بەداخەوە ڕۆژ بە ڕۆژ توندوتیژی خێزانی ڕوو لە هەڵكشانە بەتایبەتی بەهۆی تەنگژەی ئابوورییەوە تەنانەت لە ١٠ مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا زۆرترین سكاڵا كە تۆمار كراوە بەهۆی قەیرانی ئابووریەوە بووە . 

ئەو پێی وایە تەنانەت ڕووداوی كوشتن و دزی و جیابوونەوەش زۆر زیادی كردووە . ئاری ڕەفیق بە پێویستی دەزانێت حكوومەت و لایەنی پێوەندیدار پێش خستنەڕووی داتاكان پلان و بەرنامەی هەبێت تا ڕووداوەكان دووبارە نەبنەوە و توندوتیژی خێزانی زیاتر نەبێت .

هەولێر/هێمن ڕەفیق


وشە - سلێمان تاشان