فراكسیۆنە كوردستانییەكان: متمانەی پێ ناكەین و كۆبوونەوەكە داواكارییەكانی كورد ناچەسپێنێت

:: PM:03:05:13/02/2018 ‌


فراكسیۆنە كوردستانییەكان بەردەوامن لە بایكۆتكردنی دانیشتنەكانی پەرلەمان لەسەر پرسی بودجە، ئەمە لە كاتێكدایە خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەكە دەكرێت و لەسەر ناڕەزایەتی كوردیش سەرۆكی پەرلەمان داوای كۆبوونەوەی بە پەلەی سێ سەرۆكایەتییەكە دەكات. بەڵام پەرلەمانتارێكی كورد دەڵێ متمانەمان بە جبووری نییە و ئەوەی پێوەند بە كوردە پرسێكی سیاسییە.

دوای مشتومڕی نێوان فراكسیۆنە كوردستانییەكان و سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمان لەسەر خستنەڕووی بودجە لە كارنامەی دانیشتنی پەرلەمان، ماوەی سەعاتێك دانیشتنەكە هاتە هەڵپەساردن.

سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند نابێت داواكارییەكانی كورد لە بودجە نادیدە بگیرێت و دەبێت لیژنەی دارایی داواكارییەكانیان وەربگرن.

زیاتر گوتی "بۆ ئەم مەبەستە پێوەندیم  بە سەرۆكایەتیی كۆمار و سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە بۆ كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكە لەسەر داواكارییەكانی كورد و سوننە".

بەڵام جبووری وادەی كۆبوونەوەكەی دەستنیشان نەكرد، هێندە نەبێت رای گەیاند دەنگ لەسەر بودجە نادرێت تا سێ سەرۆكایەتییەكە لەسەر پرسی بودجە كۆ دەبنەوە.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان درێژەی هەیە و پەرلەمانتارێكیش دەڵێ، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەی بودجە دەكرێت.

فراكسۆنە كوردستانییەكان 18 داواكارییان هەیە، دیارترینیان چوار داواكارین ئەوانیش چاككردنەوەی 12.6% بۆ 17% یانیش دابینكردنی 10 ترلیۆن دینار وەك شایستەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان. مامەڵەكردن لە بودجە لەگەڵ هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی دەستووری نەك لەسەر ئاستی پارێزگاكان كە لە بودجەی ئەمساڵ وا باس كراوە، پێدانی شایستە دارایییەكانی پێشمەرگە و زیادكردنی پشكی كوردستان لە بودجەی وەبەرهێنانی عێراق.

نەجیبە نەجیب پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی ئەوەی پشتڕاست كردەوە كە جبووری داوای كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكەی كردووە, گوتی "راستە داوای كۆبوونەوەی كردووە، بەڵام ئێمە متمانە بە جبووری ناكەین و وای دەبینین مەبەست لەمەدا زیاتر جێكردنەوەی داخوازییەكانی سوننەیە كە زیاتر خۆی لە دابینكردنی پارە دەبینێتەوە"، زیاتر گوتی "هیچ كات جبووری خەمخۆری كورد نەبووە تا ئێستە ئەوە بكات، ئەزموونیشمان لەگەڵی هەیە بۆیە متمانەی پێ ناكەین".

نەجیبە كە هاوشانی ئەندامانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمانی عێراقیان كردووە، لەناو پەرلەمانەوە بە تەلەفۆن بۆ "وشە" قسەی كرد. گوتی "دانیشتنی پەرلەمان بەردەوامە و خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای بودجە دەكرێت".

زیاتر گوتی "كێشەی كورد لەگەڵ بەغدا تەنیا پرسی بودجە نییە، بەڵكو كێشەیەكی سیاسییە و تا كێشە سیاسییەكەش چارەسەر نەكرێت بە كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكە چارەسەر نابێت".

جێی باسە بودجەی عێراق بۆ 2018، ماوەی دوو مانگە لەكاتی یاسایی خۆی پەسند نەكراوە، بەهۆی دەستكارییەكانی شایستە دارایییەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتەكەی عەبادی فراكسیۆنە كوردستانییەكان بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمانیان كردووە.



وشە - فه‌رمان سادق