دوای چل ساڵ هێشتە بەڵێنەكانی خومەینی جێبەجێ نەكراون

:: PM:04:41:13/02/2018 ‌

دوای ئەوەی ساڵی 1979 بۆ سەركردایەتی شۆڕش گەڕایەوە وڵاتەكەی، خومەینی كۆمەڵێك بەڵێنی بە گەلانی ئێران دا، بەڵام بە تێپەڕوونی رۆژگار نەك بەڵێنەكانی جێبەجێی نەكردن، بەڵكو پێچەوانەكەیشی ئەنجام دا. دوای تێپەڕبوونی 40 ساڵ بەسەر شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران و بەڵێنەكانی كە دیارترینیان ئەوە بوو كە رای گەیاند، نابێت مەلا بەشداری لە دەسەڵات بكات، كەچی ئێستە ویلایەتی فیقهی ئێران بەڕێوە دەبەن.

بەڵێنەكانی خومەینی كە بە (بەڵێنی شیرین) ناسران، دوای 40 ساڵ هیچ یەكێك لەو بەڵێنانە جێبەجێ نەكراوە و كۆمەڵگەی ئێران لەو ماوەیەدا چەندان خۆپێشاندنی بۆ ئازادییەكان ئەنجام داوە، ئەمە جگە لە مافی پێكهاتەكان. 
 
لە دەسەڵات شوێن بۆ مەلا نییە
لەو كاتەی لە دەرەوەی وڵات بوو، هەمیشە رێنوێنی مەلاكانی دەكرد كە خۆیان سەرقاڵی بڵاوكردنەوەی تەوحید و تەقوا بكەن و توخنی دەسەڵات نەكەون، دوای هاتنەوەیشی یەكێك لە بەڵێنەكانی ئەوە بوو كە نابێت پیاوانی ئاینی تێكەڵی سیاسەت و دەسەڵات بن. بەڵام زۆری نەخایاند لەو بەڵێنەی پاشگەز بووەوە، نەك مەلاكان لە ئێران دەسەڵاتیان بە دەستە، بەڵكو ئەوان دەستووری وڵاتیشیان نووسیوە و چوارچێوەی رژێمی وڵاتیان دەستنیشان كرد و هەر خۆیشیان لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا حوكمی ئەو وڵاتە دەكەن، تەنانەت خەونەكانیان تەنیا بە حوكمكردنی ئێران كۆتایی نەهات، بەڵكو پەلیان هاوێشتووە بۆ وڵاتانی ناوچەكەیش.

خومەینی دوای پاشگەزبوونەوەی لە بەڵێنەكەی گوتی، "باش بزانن هیچ حوكمێك لە ئێران بێ بوونی مەلا حوكم ناكات، بێ پیاوانی ئاینی هیچ لیستتان نابێت، دوژمن دەتانخۆن، ئەگەر دەتانەوێت چاكسازی بكەن لە وڵات ئەوا بێ بەشداری پیاوانی ئاینی چاكسازییەكە بێ كەموكوڕی دەبێت".

یەكسانی و خزمەتگوزاریی خۆڕایی
یەكێكی تر لە بەڵێنەكانی خومەینی پێوەست بە گوزەرانی هاووڵاتییان بوو، ئەو گوتی "ئێران فرەوانە و جێگەی هەمووانی تێدا دەبێتەوە، شیعە و سوننە لەو وڵاتە یەكسانن".

بەڵام زۆری نەخایان لەو بەڵێنەشی پاشگەز بووەوە، نەك تەنیا یەكسانی لە نێوان گەلانی ئێران نییە، بەڵكو بە گوێرەی ئامارەكانی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا 73 حالەتی لە سێدارەدانی هەرزەكاران تۆمار كراوە و 160 مناڵی تریش چاوەڕوانی جێبەجێكردنی بڕیاری لە سێدارەدانیان دەكەن.

بەڵێنەكانی ئازادی و یەكسانی خومەینی بوون بە ژەهر و رۆژانە دەرخواردنی گەلانی ئێران دەدرێت بە تایبەت كوردان كە لە ماوەی 40 ساڵی رابردوو سەدان كورد لەسەر بۆچوونی جیاواز لە سێدارە دراون. ئەمە جگە لە كۆمەڵكوژی موجاهیدینی خەڵق هەر دوای شۆڕش.
 
پێوەندییەكانیان لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامی
لە بارەی پێوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامی، خومەینی هاوشێوەی بەڵێنەكانی تری، بەڵێنی ئەوەی دا پێوەندییەكی باشی لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامی هەبێت، بەڵام لەوەشدا پاشگەز بووەوە.

لە ماوەی رابردوودا باڵوێزخانەی سعوودیە لە تاران و مەشهەد سوتێنران، جگە لەمە چەندان گرووپی توندڕۆی رەوانەی وڵاتانی ئیسلامی كردووە لەسەر ئەمەیش رێكخراوی هاوئاهەنگی ئیسلامی چەندان بەڵگەی تۆمار كردووە.

لە ئێستەیشدا ئێران دەستوەردان لە چەندان وڵاتی ئیسلامی دەكات لەوانە عێراق، یەمەن، سووریا، لبنان، بەحرێن و كوێت، بۆ زۆرینەی ئەو وڵاتانەیشی هێزی میلیشیایی پێكهێناوە كە بە بڕیاری خامنەیی دەجولێنەوە.

 
بەرنامەی ناوەكی و ژینگە
خومەینی یەكێك لە بەڵێنەكانی پاككردنەوەی ژینگەی وڵات بوو، لەگەڵ بەگژداچوونەوەی گەندەڵی دارایی و كارگێڕی، لێپرسینەوە لە بەرپرسان و كۆتاییهێنان بە سزادان لە گرتووخانەكان و گرتنی هەڕەمەكی. بەڵام خومەینی جگە لەوەی گوتاری نیشتمانی و بەڵێنی شیرینی بە خەڵكی ئێران دا لە جێبەجێكردندا پێچەوانەكەی هەڵدەبژارد.

لە بڕی پاككردنەوەی ژینگەی ئێران، دەستیان برد بۆ بەرنامەی وزەی ئەتۆم برد و ئێستەیش هەوڵی پێشخستنی دەدەن بە مەبەستی بەدەستگەیشتن بە چەكی ئەتۆم.

لە بڕی لێپرسینەوە لە بەرپرسان و ئازادی، ئەوا بە گژ هەموو دەنگێكی ئۆپۆزسیۆن لەناو ئێران و دەرەوەی ئێرانیش چوونەوە و سەركردەكانیان گرتن و گرتووخانەكانیان پڕ كردن لە كەسانی چالاكوان، تەنانەت لە پایتەختی وڵاتاندا هەوڵی تیرۆركردنی سەركردە ئۆپۆزسیۆنەكانیان دەدا لەوانە تیرۆركردنی عەبدولرەحمان قاسملو.
 
بازرگانیكردن بە كێشەی فەڵەستین
یەكێكی تر لەو پرسانەی ئێران دەستی بۆ برد بازرگانیكردن بوو بە كێشەی فەڵەستین وەك زۆرێك لە وڵاتانی عەرەبی ئەنجامی دەدەن.

خومەینی خۆی وەك سەركردەیەكی ئیسلامی نمایش دەكرد بۆ بەرگریكردن لە كێشەی فەڵەستین، دوای ئەوەیش سەركردە مەلاكانی تری ئێرانیش هەمان رێچكەی ئەویان گرتەبەر. كار گەیشتە ئەوەی فەیلەقێكی گەورەی سەربازی وڵاتەكەیان ناونا فەیلەقی قودس كە قاسم سلێمانی سەركردایەتی دەكات و بەرپرسە لە هەموو كردەوە و جولە سەربازییەكانی ئێران لە دەرەوەی سنووری ئەو وڵاتە.

ئەگەر بڕوانین لەسەر ئەرزی واقیع، ئێران هیچی بۆ فەڵەستین نەكردووە و هیچیشی پێشكەش نەكردووە، تەنانەت رۆژێك لە رۆژان موشەكێكیشی بە ئیسرائیل نەناوە لەسەر فەڵەستین جگە لە لێدوانی ئاگرین. لە ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هیچ هەنگاوێكی دیپلۆماسی و سەربازی لەسەر كێشەی فەڵەستین نەگرتووەتەبەر، بەڵكو ئەوەی هەیە بازرگانیكردن بووە بە فەڵەستینییەكان وەك زۆرێك لە وڵاتانی عەرەبی.

سەرچاوە/ئەلمواتن




وشە - فه‌رمان سادق