كێشە لەناو سەركردایەتی یەكێتی دروست دەبێت

:: PM:06:06:13/02/2018 ‌
گوتەبێژی مەكتەبی هەڵبژاردنەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕای گەیاند، ئەوان لیستی كاندیدانیان بۆ هەڵبژاردنی عێراق ئامادە كردووە و ئێستە جارێكی تر پێداچوونەوەی پێدا دەكەن، بەپێی زانیارییەكانی "وشە"یش لەناو سەركردایەتی یەكێتی ناڕەزای لەسەر لیستی كاندیدانیان هەیە .

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست "وشە" كەوتوون، تا ئێستە سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لیستی كاندیدانی بۆ هەڵبژاردنی هاتووی عێراق پەسەند نەكردووە و گرووپێكی ناو یەكێتیش دەیانەوێ‌ زۆرترین كاندیدیان لەناو لیستەكەدا هەبێت بەو هۆیەشەوە ناڕەزای لای بەشێك لە ئەندامانی سەركردایەتی دروست بووە.

ئەمڕۆ سێشەم 13ی شوبات، د.بڕیار ڕەشید گوتەبێژی مەكتەبی هەڵبژاردنەكانی یەكێتی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لیستی كاندیدان ئامادە كراوە و ئێستە پێداچوونەوەی پێدا دەكەن. بەگوتەی ئەو " ئەوان وەك مەكتەبی هەڵبژاردن ئاگەدار نین كێ‌ بڕیاری لەسەر دەدات كێ‌ پەسەندی دەكات".

د.بڕیار زیاتر گوتی، درێژكردنەوەی ماوەی كۆمسیۆن بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكان دەرفەتێكی باش بوو تا پێداچوونەوە بە ناوەكاندا بكرێتەوە و ئامادەكارییەكان تۆكمەتر بكرێن.

لەبارەی ئەوەی ئەو لیستەی ئامادە كراوە ناڕەزای لەسەرە و پەرلەمانتاری ئەو خوولەیش چەند كەسێك كاندید كراونەتەوە، گوتەبێژەكەی مەكتەبی هەڵبژاردن رای گەیاند، ئێستە ناتوانن ئەو زانیاریانەی بخەنەڕوو.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانییەوە گیرۆدە بووە و لەماوەی ڕابردووشدا ئەندامانی بنەماڵەی تاڵەبانی بەردەوام ویستویانە كۆنترۆڵی یەكێتی بكەن و دەست بەسەر تەواوی جومگەكانی ئەو حزبەدا بگرن، بۆیە ناڕەزای لەلایەی چەند سەركردە و ئەندامانی سەركردایەتی دروست بووە.
 
ئەوە لەكاتێكدایە كە 15ی ئەم مانگە دوا وادەیە بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكانی هەڵبژاردن بە كۆمسیۆنی باڵا هەڵبژاردنەكان، دوای ئەوەی بڕیار بوو 10ی ئەم مانگە وادەكە كۆتای بێت. پێشتر بەرپرسانی كۆمسیۆن ڕایانگەیاندبوو كە 15ی ئەم مانگە دوا وادەیە و چیتر ماوەی پێشكەشكردن درێژ ناكرێتەوە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم