رێکخراوی جیهانیی تەندروستی ئاژەڵان ئاشکرای کرد جۆرە
ڤایرۆسێکی باڵندە لە جۆری H5N8لە هەندێک پەلەوەرگەی تاران بڵاوبووەتەوە.
رێکخراوەکە لە ماڵپەڕەکەی باسی لەوە کردووە کە
بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە تاوەکوو ئێستە پێنج هەزار و ٦٠٠ باڵندەی لە کۆی ئەو ٢٨٣
هەزار و ٥٠٠ باڵندەیە لە ناوبردووە کە لە پەلەوەرگەکانی تاران بەخێو دەکرێن.
هاوکات ئاژانسی تەسنیمیش لە زاری وەزارەتی کشتوکاڵی
ئێران ئەو هەواڵەی پشتراست کردووەتەوە و باسی لەوە کردووە کە حاڵەتەکان لە هەندێک
پەلەوەرگەی تاران بڵاوبوونەوەتەوە.
بەرپرسانی تەندروستی ئێران دەڵێن خەریکی بەدواداچوونن بۆ
ئەوەی بزانن سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە ڤایرۆسە چییە و بە چ شێوەیەک دەتوانن
کۆنترۆڵی بکەن.
لە لایەکی ترەوە محەمەد یوسفی سەرۆکی ئەنجوومەنی
پەلەوەرگەکانی تاران ئەوەی خستەڕوو کە تیمەکانیان دەستیان بە هەڵمەتی بنبڕکردنی
ڤایرۆسەکە کردووە و بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە جووجەڵەکانیان کوتاوە
و ئەو شوێنانەش کە ڤایرۆسەکەیان لێ بڵاو بووەتەوە لە ژێر کۆنترۆڵی ئەواندان.
پێویستە بگوترێت
ڤایرۆسی H5N8هەرگیز تووشی هیچ مرۆڤێک نەبووە و دەشگوترێت لە چەند هەفتەی رابردوودا هەندێک
باڵندەی کێوی ڤایرۆسەکەیان بۆ ئەورووپا و چەند وڵاتێکی تر گواستووەتەوە.
لە هەر یەک لە وڵاتانی فڕەنسا و سویسرا حاڵەتی تووشبوون
بەو جۆرە ڤایرۆسە لە نیو باڵندەکان هەست پێکراوە و رێکخراوی جیهانیی تەندروستی
ئاژەڵانیش لە هەوڵدایە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کۆنترۆڵ بکات.
سەرچاوە/فردانیوز-باشگاە خبرنگاران جوان