نەوزاد هادی: ئەو پارەی لە كوێت بە عێراق دراوە بەشی هەرێمی كوردستانی تێدایە

:: PM:05:51:15/02/2018 ‌

پارێزگاری هەولێر ئاشكرای دەكات ئەو ژمارە گەنجەی لە هەولێر لە دوو عەرەبی گەشتیارییان داوە گیراون و دۆسییەی لێكۆڵینەوە لەسەر ڕووداوەكە كراوەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 15ـی شوبات، نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ڕای گەیاند، لەسەر ڕووداوی لێدانی دوو گەشتیارە عەرەبەكەی هەولێر دۆسییەی لێكۆڵینەوە كراوەتەوە و ئێستە بەردەوامە.

پارێزگاری هەولێر زیاتر گوتی، لەسەر ئەو ڕووداوە 12 كەس گیراوە و ئێستە لە لێكۆڵینەوەن و ئەو گرووپە گەشتیارەی ئەو دوو گەنجەی تیابووە گەڕاونەتەوە بۆ شوێنی خۆیان ئەمڕۆ هەولێرییان جێهێشتووە.

نەوزاد هادی زیاتر گوتی، هەرێمی كوردستان بەگشتیی و هەولێر بە تایبەتی هەمیشە شاری پێكەوە ژیانە و هیچ ڕووداوێكی سیاسی و نەتەوەیی لەم بابەتە نییە، بۆیە گەشتیاران دڵنیا دەكەینەوە كە هیچ مەبەستێك لەسەر ئەو ڕووداوە نییە.

پارێزگاری هەولێر لەسەر  كۆنفرانسی كوێت بۆ ئاوەدان كردنەوەی عێراق گوتی، لەو كۆنفرانسە ئەو پڕۆژانە خرانە ڕوو بۆ ئەوەی تەواو بكرێن كە لە هەرێمی كوردستان هەیە، هەروەها لەو بەشە پارەییەی چ وەك قەرز چ وەك هاوكاری درابوو بە عێراق بەشی هەرێمی كوردستان تێدا دەبێت.

لە دوو ڕۆژی ڕابردوو دوو گەنج لەشاری هەولێر لە نزیك قەڵای هەولێر لە لایەن ژمارەیەك گەنجی شاری هەولێر لێیاندرا، سەرەتا وا بڵاو كرایەوە ئەو گەنجانە خۆیان بە حەشدی شەعبی ناساندوە دواتر ئاسایشی هەولێر ئاشكرای كرد كە ئەو گەنجانە توانجییان لە كچان داوە، بۆیە گەنجەكانی هەولێر كاردانەوەیان هەبووە و لێیان داون.



وشە - رامیار جەواد