نەیارانی بە دۆسیەی مانه‌وه‌ی "هێزی ئەمەریكا لە عێراق" عەبادی دەشكێنن

:: AM:09:44:17/02/2018 ‌
 
لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ململانێ و كێبەركێی هەڵبژاردن لە عێراق، بەشێوەیەكی نافەرمی گرژی و ئاڵۆزی و تۆمەتباركردنی یەكتر لەلایەن هاوپەیمانی و حزبە سیاسی و گرووپە چەكدارەكانی عێراق دژ بە حەیدەر عەبادی دەستی پێ كردووە، كە ئەمەریكا بە هەموو توانایەوە دەیەوێ لە خولی دووەمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بمێنێتەوە، بەڵام نەیارانی دۆسیەی مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكایان لە عێراق كردووەتە گەرمترین بابەت و لەو ڕێیەوە هێرش دەكەنە سەر عەبادی.

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشتر دووپاتی كردەوە، دۆخی عێراق تا ئێستەیش ناجێگرە و پێویستە هێزەكانی هاوپەیمانان بمێننەوە لە وڵاتەكە و بەشداربن لە دووبارە ڕێكخستنەوەی هێزەكانی عێراق، بەڵام هێزەكانی سوننە و كورد و مەسیحییەكانیش ئەوەیان ڕەت كردەوە، داوایان كرد بوونی سەربازی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە عێراق و پێگەی گەورەی ئێران لە وڵاتەكە گرفتن بۆ داهاتووی سەروەری خاكی عێراق.

سەرچاوەكان لە هاوپەیمانی نیشتمانی عێراق بە "العربی الجدید"یان ڕاگەیاند، هەنگاوی بەشێك لە فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان بریتییە لە هەوڵدان بۆ كۆكردنەوەی واژوو بە ئامانجی داواكردنی هاتنی سەرۆك وەزیران بۆ پەرلەمان و ڕوونكردنەوە و زانیاری لەبارەی بوونی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق بخاتە ڕوو، ناچاریش بكرێ خشتەیەكی كاتی ڕابگەیەنێت، بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، ئەمەیش عەبادی بە تەواوی نیگەران و بێزار كردووە، بەرانبەر بە شەقامی عێراقی، چونكە ئەو نایەوێ بە هیچ شێوەیەك هەنگاوی لەم شێوەیە بهاوێژێت.

بەرپرسە باڵاكەی هاوپەیمانی شیعەكان گوتی، هەریەك لە فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا و ئەنجوومەنی باڵا و بەدر و عەسائیبی ئەهلی حەق بەو ئامانجە دەستیان بە جموجۆڵ كردووە، سەركەوتوویش بوون لە ئاراستەكردنی نامە بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان، بە ئامانجی بانگهێشتنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ پەلەمان.

عەدنان ئەسەدی سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق سەركردایەتی دەكات لەوبارەوە گوتی، لیژنەی تەناهیی پەرلەمان لە ماوەی داهاتوو میوانداری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان و فەرماندە تەناهییە باڵاكانی عێراق دەكات، بۆ تاوتوێكردنی دۆسیەی بوونی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، لیژنەكە دەیەوێ ئەو دۆسیەیە لەگەڵ لایەنە پێوەندارەكانی حكوومەت بە تەواوی یەكلا بكاتەوە.

ئەسەدی ئاماژەی دا، مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق پێشێلكاری و پێچەوانەی دەستوور، ئەگەر ئێمە بمانەوێ تەواوی خاكی عێراق ڕزگار بكەن، دەبێ دژی مانەوەی هەر هێزێكی بیانی بین لە عێراق، جیا لەوەی ئەو دۆسیەیە بە تەواوی شاراوەیە و هیچ داتا و ئامارێك لەبارەی ئەو هێزانەی ئەمەریكا لە عێراق بوونی نییە.

ورووژاندنی پرسی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق لەگەڵ نزیكبوونەوە لە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی عێراقدایە كە بڕیارە لە 12ی ئایار/مایۆی ئەمساڵ بێتە ئەنجامدان، پێشبینی دەكرێ ئەو دۆسیەیە ببێتە گەرمترین بابەتی هەڵمەت و پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن لەلایەن هاوپەیمانی و لیستە جیاوازەكانی هەڵبژاردنی عێراق بەتایبەت لە نێوان شیعەكان كە بەسەر دوو بەرەی مالیكی و عەبادی دابەش بوون، لەلایەن بەرەی دژە عەبادییەوە ئەو پرسە بە تەواوی گەورە دەكرێ، بۆ ئەوەی عەبادی لە بەردەم شەقامی عێراق ڕووشكێن بكرێ و كەمتر لە بەردەم گەل قسە بكات و كار بۆ ڕاكێشانی ڕای گشتی شەقامی عێراقی بدات.

لەلایەكی ترەوە فراكسیۆنی دەعوە هۆشداری و مەترسی دا لە مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، خالید ئەسەدی لەوبارەوە لە ڕاگەیەنراوێكی ڕۆژنامەوانی ئاشكرای كرد، بوونی سەربازانی ئەمەریكا لە عێراق و ژمارەیەك بنكەی سەربازیان لە ناوچە جیاجیاكان، مەترسیی گەورەی بە دوادا دێ و پێشبینی دەكرێ ئەجێندای جیاجیای لێ تاوتوێ بكرێ دژی عێراق.

دووپاتی كردەوە، ئەو ئەجێندایانەی واشنتن پلانی بۆ دادەنێن و لە ڕێی حكوومەتەوە ڕاگەیەنراو بڵاو دەكاتەوە، بۆ دەربڕینی هەڵوێستی خۆی بەشێوەیەكی ئەرێنی و داواكردنی مانەوەی هێزەكان لە عێراق.

پەرلەمانتارێكی نزیك لە عەبادی بۆ "العربی الجدید" ئاشكرای كرد، دۆسیەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و ورووژاندنی لەوكاتە، بە ئامانجی لێدان و پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنە، ئەوانەی ئەو دۆسیەیە دەجووڵێنن، دەزانن مانەوەی هێزەكان و مەشقكردن بە هێزەكانی عێراق پێویستە، بەڵام ئەو بابەتە دەورووژێنن، بۆ ئەوەی عەبادی لە بەردەم گەلی عێراق ڕووشكێن بكەن.

دووپاتی كردەوە، ئەو دۆسیەیە بە وردی لەگەڵ ئەمەریكییەكان باسی لێوە كراوە و ئەركی هێزەكان لە داهاتوو بۆ مەشق پێكردنی هێزەكانی عێراق دەگۆڕێت، بۆیە عێراق پێویستی بە مانەوەی ئەمەریكا لە ڕووی سەربازی و سیاسییەوە لە عێراق هەیە.

لە ئەنجامی شەڕی داعش ژمارەیەكی زۆری هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق بڵاوەیان پێ كراوە، بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەكان كۆی گشتی ڕێژەی سەربازانی ئەمەریكا لە عێراق گەیشتووەتە 10 هەزار سەرباز، لە دوو هەفتەی ڕابردوو، بەشێك لە هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق كشێنرانەوە و ڕەوانەی ئەفغانستان كران، ئێستەیش ئەو دۆسیەیە وەك كەرەستەیەكی هەڵبژاردن گەورەتر و زیاتر دەورووژێنرێ.



وشە - باز ئه‌حمه‌د